لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

قولسێ 1

1
1 پۆڵۆس، په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح به‌ خواستی خودا، تیماتیئوسی براش، 2 بۆ پارساكان له‌ قولسێ و برایانی باوه‌ڕدار له‌ مه‌سیح: به‌خشش و ئاشتیی له‌ خودای باوكمانه‌وه‌ بۆ ئێوه‌.
3 سوپاسی خودا ده‌كه‌ین، باوكی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان، هه‌رده‌م له‌پێناوتان نوێژ ده‌كه‌ین، 4 كه‌ باوه‌ڕی ئێوه‌مان بیست به‌ ئیشۆعی مه‌سیح و ئه‌و خۆشویستنه‌ كه‌ بۆ هه‌موو پارساكان هه‌تانه‌، 5 له‌پێناوی ئه‌و هیوایه‌ی له‌ ئاسماناندا بۆتان دانراوه‌، ئه‌وه‌ی پێشتر له‌ وشه‌ی ڕه‌وای ئینجیل بیستتان، 6 كه‌ گه‌یشته‌ لاتان. وه‌ک هه‌موو جیهان، كه‌ به‌رهه‌مداره‌ و زیاد ده‌كات له‌نێواتاندا، له‌و ڕۆژه‌وه‌ی به‌خششی ڕه‌وای خوداتان بیست و ناسیتان. 7 وه‌ک له‌ ئه‌په‌فراسی هاوبه‌نده‌ی خۆشه‌ویستمان فێربوون، ئه‌وه‌ی له‌ پێناوتان ڕاژه‌وانێكی دڵسۆزه‌ بۆ مه‌سیح، 8 ئه‌وه‌ی باسی خۆشویستنی ئێوه‌ی كرد له‌ ڕووح. 9 بۆیه‌ ئێمه‌ش له‌و ڕۆژه‌ی بیستمان بێ وه‌ستان له‌ پێناوی ئێوه‌ نوێژ ده‌كه‌ین و داواكارین، تاكو پڕبن له‌ زانینی خواستی ئه‌و، به‌ هه‌موو دانایی و تێگه‌یشتنی ڕووحی. 10 تاكو به‌ شێوه‌یه‌ک ڕه‌فتار بكه‌ن كه‌ شیاوی په‌روه‌ردگار بێت و تا ئه‌وپه‌ڕی خۆشحاڵی بكات، به‌رهه‌مدار بن له‌ هه‌موو چاكه‌كارییه‌ک و له‌ ناسینی خودا گه‌شه‌ بكه‌ن، 11 به‌ هه‌موو هێزێک به‌گوێره‌ی توانای شكۆی خۆی به‌هێزتان بكات، بۆ هه‌موو دانبه‌خۆداگرتن و پشوودرێژیه‌ک، به‌ شادییه‌وه‌ 12 سوپاسی باوک بكه‌ن، ئه‌وه‌ی شایسته‌ی كردن بۆ هاوبه‌شی كردنی میراتی پارساكان له‌ ڕووناكیدا. 13 ئه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتی تاریكی ده‌ربازی كردین و ئێمه‌ی بۆ پاشایه‌تیی ڕۆڵه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی گواسته‌وه‌، 14 كه‌وا خوێنی قوربانیه‌كه‌ی بۆ ئێمه‌ بوو، واتا لێخۆشبوونی گوناه‌. 15 كه‌ وێنه‌ی خودای نه‌بینراوه‌، نۆبه‌ره‌ی هه‌موو ئافریده‌یه‌كه‌. 16 چونكه‌ به‌و هه‌موو شتێک ئافرێندرا: له‌ ئاسمانان و له‌سه‌ر زه‌وی، بینراو و نه‌بینراو، ته‌خت یان سه‌روه‌ری، سه‌رۆكایه‌تی یان ده‌سه‌ڵات، هه‌مووی به‌و و بۆ ئه‌و ئافرێندران. 17 ئه‌و پێش هه‌موو شتێكه‌ و هه‌مووش له‌ودا یه‌كی گرتووه‌. 18 ئه‌و سه‌ری له‌شه‌: وارگه‌. ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ و نۆبه‌ره‌ی نێو مردووانه‌، تاكو له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێک بێت. 19 چونكه‌ خودا خۆشحاڵ بوو به‌ هه‌موو پڕی خۆی له‌ودا نیشته‌جێ بێت، 20 به‌ ئه‌و هه‌مووان له‌گه‌ڵ خۆیدا ئاشت بكاته‌وه‌، ئاشتی بنێته‌وه‌ به‌ خوێنی خاچه‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر زه‌وی بێت یان له‌ ئاسمانان.
21 ئێوه‌ كه‌ پێشتر له‌ خودا دابڕابوون و دوژمن بوون له‌ بیركردنه‌وه‌، به‌ خراپه‌كاری، 22 ئێستا به‌ له‌شی ئاده‌میزادیی مه‌سیح به‌ مردن ئاشتی كردنه‌وه‌، تاكو له‌به‌رده‌می به‌ پارسایی و بێ كه‌موكوڕی و بێ گله‌یی پێشكه‌شتان بكات 23 ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بن باوه‌ڕ، دامه‌زراو و جێگیر بن، لانه‌ده‌ن له‌ هیوای ئه‌و ئینجیله‌ی بیستتان، ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو ئافریده‌كانی ژێر ئاسمان ڕاگه‌یه‌نراوه‌، منی پۆڵۆسیش بۆی بوومه‌ ڕاژه‌وان.
24 ئێستا دڵشادم به‌ ئازاره‌كانم له‌ پێناوی ئێوه‌دا و پاشماوه‌ی ته‌نگانه‌ی مه‌سیح له‌ جه‌سته‌ی خۆمدا ته‌واوده‌كه‌م، له‌ پێناوی له‌شی ئه‌و، كه‌ وارگه‌یه‌. 25 كه‌ بوومه‌ ڕاژه‌وانی، به‌گوێره‌ی ئه‌و پلانه‌ی خودا كه‌ پێم درا له‌پێناوی ئێوه‌، بۆ ته‌واوكردنی وشه‌ی خودا، 26 ئه‌م نهێنییه‌ی له‌ ڕۆژگاره‌كانه‌وه‌ و به‌ درێژایی نه‌وه‌كان شاراوه‌ بوو، به‌ڵام ئێستا بۆ پارساكانی ئاشكرا كرا. 27 بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ خودا ویستی له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا پێیان بناسێنی كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیی شكۆی ئه‌م نهێنییه‌ چییه‌، ئه‌ویش مه‌سیحه‌ كه‌ له‌نێوتاندایه‌، هیوای شكۆمه‌ندییه‌. 28 ئه‌وه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نین، هه‌موو مرۆڤێكی پێ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ و به‌وپه‌ڕی داناییه‌وه‌ هه‌موو مرۆڤێک فێرده‌كه‌ین، تاكو هه‌ر مرۆڤێک له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا به‌ ته‌واوی پێشكه‌ش بكه‌ین. 29 بۆ ئه‌مه‌ش ماندوو ده‌بم و تێده‌كۆشم، به‌گوێره‌ی كاره‌كه‌ی كه‌ به‌هێزه‌وه‌ له‌ مندا كارده‌كات.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

قولسێ 1: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە