عیبڕانییهكان بەندی دەیەم
بەندی دەیەم
1 شەریعەت سێبەری چاکەکانی داهاتووی هەیە، نەک هەمان وێنەی شتەکان، لەبەرئەوەی بەردەوام بەهەمان سەربڕاوەکانی ساڵانە پێشکەش دەکرێتەوە، هەرگیز ناتوانێت ئەوانە تەواو بکات کە دێنە پێش. 2 ئەگینا، ئەوەتا هێشتا دێنە پێش، چونکە ئەگەر ڕاژەوانەکان تەنها جارێک بێگەرد بوونەوە، ئیتر ویژدانی تاوانیان نامێنێتەوە. 3 بەڵام ساڵانە یادی تاوان دەکرێتەوە. 4 چونکە مەحاڵە خوێنی گا و بزن تاوان لابەرێت. 5 بۆیە کاتێک هاتە نێو دونیاوە فەرمووی: { سەربڕاو و قوربانیت نەویست، بەڵکو جەستەیەکت بۆ ئامادە کردم. 6بە سوتاندن و سەربڕاوی تاوان شادمان نەبوویت. 7 ئینجا وتم: ئەوەتا هاتم. لە سیپارەی پێچراو دەربارەم نووسراوە، تاکو بەخواستت بکەم، خودایە}. 8 له سەرەوە فەرمووی: { تۆ سەربڕاو و قوربانی و سوتاندن و سەربڕاوی تاوانت نەویست، پێی شادمان نەبوویت}. ئەوەی بەگوێرەی شەریعەت دەکرێت 9 ئینجا فەرمووی: { ئەوەتا هاتم تاکو بە خواستت بکەم خودایە}. یەکەم هەڵدەکەنێت، تاکو دووەم جێگیر بکات. 10 بەم خواستە بە جارێک بە پێشکەشکردنی جەستەی ئیشۆعی مەسیح پارسا بووین.
11 هەر کاهینێک هەموو ڕۆژێک ڕادەوەستێت و ڕاژە دەکات، چەندان جار هەمان سەربڕاو پێشکەش دەکاتەوە، کە هەرگیز ناتوانێت تاوان دابکەنێت. 12 بەڵام ئەم، پاش ئەوەی سەربڕاوێکی پێشکەش کرد لە جیاتی تاوان، تا جاویدان لەلای ڕاستی خودا دانیشت، 13 لەو کاتەوە چاوەڕوانە، تاکو دوژمنانی لە تەختەپێی دابنرێن. 14 چونکە بە یەک قوربانی، پارساکانی تا جاویدانیی تەواو کرد. 15 گیانی پارساش گەواهیمان بۆ دەدات. چونکە پاش ئەوەی فەرمووی: 16 { ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەگەڵیان دەیبەستم، پاش ئەو ڕۆژانە، پەروەردگار دەفەرمووێت: یاساکانمکانم دەخەمە نێو دڵیان، لەنێو هزریان دەینووسم. 17 چیتر تاوانەکانیان و زێدەڕەوییەکانیان یاد ناکەمەوە}. 18 لەکوێ لێخۆشبوونی ئەمە هەبێت، ئیتر قوربانی بۆ تاوان نابێت.
19 بۆیە برایان، لەبەرئەوەی متمانەمان هەیە بۆ چوونە نێو (هەرەپارساگە) بە خوێنی ئیشۆع، 20 بە ڕێگایەکی نوێ و زیندوو لە نێو پەردەدا بۆمانی کردەوە، واتا جەستەی خۆی، 21 هەروەها کاهینێکی مەزن بەسەر خانەی خودا، 22 با بە دڵێکی ڕاست، بە متمانەی باوەڕ بچینە پێش، دڵمان پرژێندراو بێت لە ویژدانی بەدکار، جەستەمان بە ئاوێکی پاک شۆردراو بێت. 23 با بە جێگیری دەست بگرین بە هیوای چەسپاومان، چونکە ئەوەی بەڵێنی داوە سەرڕاستە. 24 با تێبینیی یەکتری بکەین بۆ هاندان لەسەر خۆشویستن و چاکەکاری، 25 واز لە کۆبوونەوەکانمان نەهێنین، وەک هەندێک خەڵک لێی ڕاهاتوون، بەڵکو ئامۆژگاریی یەکتری بکەین، زیاتریش کە دەبینن ڕۆژەکە نزیک دەبێتەوە، 26 چونکە ئەگەر بە ئەنقەست تاوان بکەین پاش ئەوەی ڕەوامان ناسی، ئەوا سەربڕاو بۆ تاوان نامێنێت، 27 بەڵکو وەرگرتنی حوکمدانی ترسناک و گەرمیی ئاگری بڵێسەدار کە خەریکە دژەکان دەخوات. 28 ئەوەی سەرپێچی شەریعەتی مووشێی کردووە، بە گەواهیی دوو یان سێ، بێ سۆزانە دەمرێت. 29 دەبێت شایانی سزای چەند بەدترە ئەوەی پێشێلی ڕۆڵەی خودای کردووە و خوێنی پەیمان بە گڵاو دادەنێت کە پارسای کردووە، سووکایەتیش بە گیانی بەخشش دەکات؟ 30 چونکە ئەوە دەناسین کە فەرموویەتی: { تۆڵەسەندن هی خۆمە، خۆم سزا دەدەم، پەروەردگار دەفەرمووێ}. هەروەها: { پەروەردگار حوکم بەسەر گەلەکەی دەدات}. 31 کەوتنە دەستی خودای زیندوو ترسناکه!
32 بەڵام ڕۆژانی پێشترتان یاد بێتەوە کە تیایاندا ڕووناک بوونەوە و ئارامتان گرت لە تێکۆشانی ئازاری زۆر. 33 لە لایەک تووشی تەشەر و تەنگانەی ئاشکرا هاتوون، لە لایەکی دیکە هاوبەشی ئەوانەن کە وایان پێدەکرێت. 34 هاوسۆزیی منی بەندکراوانتان کرد، بە خۆشییەوە تاڵانکردنی سامانەکانتان پەسەندتان کرد، لە ناختانەوە دەزانن کە لە ئاسماناندا سامانی باشترتان هەیە و دەمێنێتەوە. 35 متمانەتان فڕێمەدەن کە پاداشتی مەزنە. 36 چونکە پێویستیتان بە دانبەخۆداگرتنە، تاکو کە بە خواستی خوداتان کرد، بەڵێنەکە بەدەست بهێنن. 37 چونکە پاش ماوەیەکی زۆر کەم، { ئەوەی دێت، دێت و دواناکەوێت. 38 چاکخواز بە باوەڕ دەژیێت، ئەگەریش هەڵگەڕایەوە، ئەوە ناخم پێی شادمان نابێت}. 39 بەڵام ئێمە سەر بەو هەڵگەڕاوە نین کە بۆ فەوتاندنە، بەڵکو سەر بە باوەڕین بۆ کڕینەوەی خۆمان.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
عیبڕانییهكان بەندی دەیەم: PNTZS
بەرچاوکردن
لەبەرگرتنەوە
بەراوردکردن
هاوبەشی بکە
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨