لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عیبڕانییه‌كان 3:12-17

عیبڕانییه‌كان 3:12-17 PNTZS

بیربكه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی له‌ گوناهبارانه‌وه‌ به‌رگه‌ی دژایه‌تی خۆی گرت، تاكو شه‌كه‌ت نه‌بن و وره‌ به‌رنه‌ده‌ن. له‌ خه‌باتی دژی گوناه‌ هێشتا تاكو خوێن ڕشتن به‌رگریتان نه‌كردووه‌. ئێوه‌ش ئه‌و ئامۆژگاریه‌تان له‌بیر چووه‌، كه‌ وه‌ک ڕۆڵه‌ له‌گه‌ڵتان ده‌دوێت: “ڕۆڵه‌كه‌م، به‌ سووكی ته‌ماشای ته‌مبێكردنی په‌روه‌ردگار مه‌كه‌. كاتێ سه‌رزه‌نشتت ده‌كات وره‌ به‌رمه‌ده‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار خۆشیبووێ ته‌مبێی ده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌ر یه‌كێک وه‌ک ڕۆڵه‌ی خۆی وه‌ریگرێت، به‌ قامچی لێی ده‌دات”. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر به‌رگه‌ی ته‌مبێكردن بگرن، خوداش وه‌ک ڕۆڵه‌ی خۆی ڕه‌فتارتان له‌گه‌ڵ ده‌كات. چ ڕۆڵه‌یه‌ک هه‌یه‌ باوكی ته‌مبێی نه‌كات؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌مبێكردنتان نه‌بێت، له‌وه‌ی هه‌موویان بوونه‌ هاوبه‌ش، ئه‌وا زۆڵن و ڕۆڵه‌ی نین. باوكی مرۆڤانه‌مان هه‌یه‌ كه‌ ته‌مبێی كردووین و ڕێزی ئه‌ومان گرتووه‌. ئه‌ی چه‌ند زیاتر ملكه‌چی باوكی ڕووحه‌كانمان بین، جا ده‌ژین؟ چونكه‌ باوكانمان ڕۆژانێكی كه‌م ئه‌وه‌نده‌ی به‌ باشیان زانیوه‌ ته‌مبێیان كردووین، به‌ڵام خودا بۆ سوودی ئێمه‌یه‌ ته‌مبێمان ده‌كات، تاكو به‌شداری پارساییه‌كه‌ی بكه‌ین. هه‌ر ته‌مبێكردنێک ئێستا نابینرێت بۆ خۆشی بێت به‌ڵكو بۆ خه‌م، كه‌چی دواتر به‌روبوومی ئاشتییانه‌ی خوداناسی ده‌گرێت بۆ ئه‌وانه‌ی پێی ڕاهێنراون. بۆیه‌ ده‌سته‌ لاوازبووه‌كان و ئه‌ژنۆ له‌رزۆكه‌كان به‌هێز بكه‌ن، ڕێڕه‌وی به‌رپێتان ڕاست بكه‌نه‌وه‌، تاكو شه‌ل پێی له‌جێ نه‌چێت، به‌ڵكو چاكبێته‌وه‌. له‌گه‌ڵ هه‌مووان دوای ئاشتی بكه‌ون، هه‌روه‌ها پارسا بن. بێ پارسایی كه‌س په‌روه‌ردگار نابینێت. ئاگادار بن، كه‌س خۆی له‌ به‌خششی خودا بێبه‌ش نه‌كات، نه‌وه‌ک ڕه‌گی تاڵی گه‌شه‌ بكات و په‌شێوی دروست بكات، به‌هۆی ئه‌مه‌ش زۆر كه‌س گڵاو بێت. نه‌وه‌ک یه‌كێک داوێنپیس یان وه‌ک عیسۆ به‌ڕه‌ڵا بێت، ئه‌وه‌ی مافی نۆبه‌رایه‌تی خۆی به‌ ژه‌مێكی خواردن فرۆشت. چونكه‌ ده‌زانن دواتر كاتێ ویستی ببێته‌وه‌ میراتگری داڕشت، ڕه‌تكرایه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی نه‌دۆزییه‌وه‌ بۆ تۆبه‌كردن، هه‌رچه‌نده‌ به‌ فرمێسكه‌وه‌ش داوای كرد.