لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عیبڕانییه‌كان 12

12
1 بۆیه‌، ئێمه‌ به‌ هه‌ورێكی گه‌واهیده‌رانی ئاوا گه‌وره‌ ده‌وره‌ دراوین، با هه‌موو بارگرانییه‌ک و ئه‌و گوناهانه‌ی وا ده‌وری داوین به‌ ئاسانی بخه‌ینه‌ لایه‌ک و به‌ دانبه‌خۆداگرتنه‌وه‌ له‌و پێشبڕكێیه‌ ڕابكه‌ین كه‌ له‌پێشمان دانراوه‌. 2 بڕوانینه‌ ئیشۆع، پێشڕه‌و و ته‌واوكاری باوه‌ڕمان، ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی ئه‌و شادییه‌ی له‌پێشی دانرابوو، به‌رگه‌ی خاچی گرت و شه‌رمه‌زاری به‌ سووک وه‌رگرت، جا له‌ لای ڕاستی ته‌ختی خودا دانیشت. 3 بیربكه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی له‌ گوناهبارانه‌وه‌ به‌رگه‌ی دژایه‌تی خۆی گرت، تاكو شه‌كه‌ت نه‌بن و وره‌ به‌رنه‌ده‌ن.
4 له‌ خه‌باتی دژی گوناه‌ هێشتا تاكو خوێن ڕشتن به‌رگریتان نه‌كردووه‌. 5 ئێوه‌ش ئه‌و ئامۆژگاریه‌تان له‌بیر چووه‌، كه‌ وه‌ک ڕۆڵه‌ له‌گه‌ڵتان ده‌دوێت: “ڕۆڵه‌كه‌م، به‌ سووكی ته‌ماشای ته‌مبێكردنی په‌روه‌ردگار مه‌كه‌. كاتێ سه‌رزه‌نشتت ده‌كات وره‌ به‌رمه‌ده‌، 6 چونكه‌ ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار خۆشیبووێ ته‌مبێی ده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌ر یه‌كێک وه‌ک ڕۆڵه‌ی خۆی وه‌ریگرێت، به‌ قامچی لێی ده‌دات”. 7 كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر به‌رگه‌ی ته‌مبێكردن بگرن، خوداش وه‌ک ڕۆڵه‌ی خۆی ڕه‌فتارتان له‌گه‌ڵ ده‌كات. چ ڕۆڵه‌یه‌ک هه‌یه‌ باوكی ته‌مبێی نه‌كات؟ 8 به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌مبێكردنتان نه‌بێت، له‌وه‌ی هه‌موویان بوونه‌ هاوبه‌ش، ئه‌وا زۆڵن و ڕۆڵه‌ی نین. 9 باوكی مرۆڤانه‌مان هه‌یه‌ كه‌ ته‌مبێی كردووین و ڕێزی ئه‌ومان گرتووه‌. ئه‌ی چه‌ند زیاتر ملكه‌چی باوكی ڕووحه‌كانمان بین، جا ده‌ژین؟ 10 چونكه‌ باوكانمان ڕۆژانێكی كه‌م ئه‌وه‌نده‌ی به‌ باشیان زانیوه‌ ته‌مبێیان كردووین، به‌ڵام خودا بۆ سوودی ئێمه‌یه‌ ته‌مبێمان ده‌كات، تاكو به‌شداری پارساییه‌كه‌ی بكه‌ین. 11 هه‌ر ته‌مبێكردنێک ئێستا نابینرێت بۆ خۆشی بێت به‌ڵكو بۆ خه‌م، كه‌چی دواتر به‌روبوومی ئاشتییانه‌ی خوداناسی ده‌گرێت بۆ ئه‌وانه‌ی پێی ڕاهێنراون. 12 بۆیه‌ ده‌سته‌ لاوازبووه‌كان و ئه‌ژنۆ له‌رزۆكه‌كان به‌هێز بكه‌ن، 13 ڕێڕه‌وی به‌رپێتان ڕاست بكه‌نه‌وه‌، تاكو شه‌ل پێی له‌جێ نه‌چێت، به‌ڵكو چاكبێته‌وه‌.
14 له‌گه‌ڵ هه‌مووان دوای ئاشتی بكه‌ون، هه‌روه‌ها پارسا بن. بێ پارسایی كه‌س په‌روه‌ردگار نابینێت. 15 ئاگادار بن، كه‌س خۆی له‌ به‌خششی خودا بێبه‌ش نه‌كات، نه‌وه‌ک ڕه‌گی تاڵی گه‌شه‌ بكات و په‌شێوی دروست بكات، به‌هۆی ئه‌مه‌ش زۆر كه‌س گڵاو بێت. 16 نه‌وه‌ک یه‌كێک داوێنپیس یان وه‌ک عیسۆ به‌ڕه‌ڵا بێت، ئه‌وه‌ی مافی نۆبه‌رایه‌تی خۆی به‌ ژه‌مێكی خواردن فرۆشت. 17 چونكه‌ ده‌زانن دواتر كاتێ ویستی ببێته‌وه‌ میراتگری داڕشت، ڕه‌تكرایه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی نه‌دۆزییه‌وه‌ بۆ تۆبه‌كردن، هه‌رچه‌نده‌ به‌ فرمێسكه‌وه‌ش داوای كرد.
18 چونكه‌ ئێوه‌ نه‌هاتوونه‌ته‌ لای شاخێک ده‌ستی لێ بدرێت و ئاگرێكی گڕدار و تاریكی و ته‌م و گه‌رده‌لوول، 19 لای ده‌نگی كه‌ڕه‌نا و ده‌نگی دووانێک وا له‌ گوێگران بكات بپاڕێنه‌وه‌ ئیتر ئه‌م قسانه‌یان بۆ نه‌كرێت، 20 چونكه‌ ئه‌و شته‌ی فه‌رمانی پێ كرا به‌رگه‌یان نه‌گرت: “ئه‌گه‌ر ئاژه‌ڵێک ده‌ستی به‌ر ئه‌و شاخه‌ بكه‌وێ، ده‌بێ به‌ردباران یان تیرباران بكرێ”. 21 دیمه‌نه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ترسناک بوو، مووشێ وتی: “من له‌ ترسان ده‌له‌رزم”. 22 به‌ڵكو ئێوه‌ هاتوونه‌ته‌ كێوی سهیۆن، بۆ شاری خودای زیندوو، یروشلایمی ئاسمانی، بۆ ئاهه‌نگێک فریشته‌یه‌كی له‌ ژماره‌ نه‌هاتووی كۆكردۆته‌وه‌، 23 بۆ وارگه‌ی نۆبه‌ره‌ تۆماركراوه‌كان له‌ ئاسماناندا، بۆ لای خودا، دادوه‌ری هه‌مووان، بۆ لای ڕووحی خوداناسان كه‌ ته‌واوكراون، 24 بۆ لای ئیشۆع، نێوانگری په‌یمانی نوێ، بۆ خوێنێكی پرژێندراو كه‌ له‌ خوێنی هاویل باشتر ده‌دوێت.
25 ئاگاداربن قسه‌كه‌ره‌كه‌ ڕه‌ت مه‌كه‌نه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی قسه‌كه‌ری سه‌ر زه‌وییان ڕه‌تكرده‌وه‌ ده‌رباز نه‌بووبن، ئایا چه‌ند كه‌متر ئێمه‌ ده‌رباز ده‌بین كه‌ له‌ قسه‌كه‌ری ئاسمان هه‌ڵگه‌ڕاینه‌وه‌! 26 كه‌ ده‌نگه‌كه‌ی زه‌ویی هه‌ژاند، به‌ڵام ئێستا به‌ڵێنی داوه‌ و ده‌فه‌رمووێ: “جارێكی دیكه‌ ته‌نها زه‌وی ناخه‌مه‌ له‌رزه‌، به‌ڵكو ئاسمانیش”. 27 وشه‌ی “جارێكی دیكه‌” ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌و شتانه‌ی له‌رزۆكن وه‌ک دروستكراو نامێنێت، تاكو شته‌ ناله‌رزۆكه‌كان بمێنن. 28 بۆیه‌، چونكه‌ پاشایه‌تیێكی ناله‌رزۆكمان وه‌رگرتووه‌، با سوپاسگوزار بین، به‌هۆیه‌وه‌ به‌ شێوازێكی په‌سه‌ند به‌ ترس و ڕێزه‌وه‌ خودا بپه‌رستین. 29 چونكه‌ “خودامان ئاگرێكی سووتێنه‌ره‌”.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

عیبڕانییه‌كان 12: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە