لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 21:8-47

یوخه‌ننه‌ن 21:8-47 PNTZS

دیسان ئیشۆع پێی فه‌رموون: “من ده‌ڕۆم و داوام ده‌كه‌ن، له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن. ئێوه‌ ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌ڕۆم”. جووه‌كان وتیان: “ئایا خۆی ده‌كوژێت؟ چونكه‌ ده‌ڵێ: ئێوه‌ ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌ڕۆم؟”. پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ هی خواره‌وه‌ن، به‌ڵام من هی سه‌ره‌وه‌م. ئێوه‌ هی ئه‌م جیهانه‌ن، به‌ڵام من هی ئه‌م جیهانه‌ نیم. بۆیه‌ پێم وتن: له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ باوه‌ڕ نه‌هێنن كه‌ من ئه‌وم، له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن”. پێیان وت: “تۆ كێیت؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پێم وتوون. زۆر شتم له‌سه‌رتان هه‌یه‌ بیڵێم و حوكمی پێ بده‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناردوومی ڕه‌وایه‌، هه‌رچیم له‌و بیستووه‌ به‌ جیهانی ده‌ڵێم”. ئه‌وان تێنه‌گه‌یشتن كه‌ باسی باوكیان بۆ ده‌كات. جا ئیشۆع پێی فه‌رموون: “كاتێ ڕۆڵه‌ی مرۆڤتان به‌رزكرده‌وه‌، ئه‌وسا تێده‌گه‌ن كه‌ من ئه‌وم، له‌ خۆمه‌وه‌ هیچ ناكه‌م، به‌ڵكو وه‌ک باوک فێری كردووم قسه‌ ده‌كه‌م. ئه‌وه‌ی ناردوومی له‌گه‌ڵمدایه‌، باوكیش به‌ ته‌نها به‌جێی نه‌هێشتووم، چونكه‌ من هه‌میشه‌ به‌گوێره‌ی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و ده‌كه‌م”. كاتێ ئه‌م قسانه‌ی ده‌فه‌رموو، زۆر كه‌س باوه‌ڕیان پێی هێنا. ئه‌وسا ئیشۆع به‌ جووه‌كانی فه‌رموو كه‌ باوه‌ڕیان پێی هێنابوو: “ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌ قسه‌كه‌مدا جێگیربن، ئه‌وا به‌ ڕاستی قوتابی منن و ڕه‌وا ده‌ناسن، ڕه‌واش ئازادتان ده‌كات”. وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ئێمه‌ نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌مین، هه‌رگیز كۆیله‌ی كه‌س نه‌بووینه‌! ئیتر چۆن ده‌فه‌رمووی: ئازاد ده‌بن؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌ر كه‌سێک گوناه‌ بكات كۆیله‌ی گوناهه‌. كۆیله‌ تاهه‌تایه‌ له‌ ماڵ نامێنێته‌وه‌، به‌ڵام ڕۆڵه‌ تاهه‌تایه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ ئازادی كردن، ئه‌وا به‌ ڕاستی ئازاد ده‌بن. من ده‌زانم ئێوه‌ نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌من. به‌ڵام هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن، چونكه‌ قسه‌كه‌م له‌ ئێوه‌دا جێگه‌ی نییه‌. چیم له‌لای باوكم بینیوه‌ ده‌یڵێم، ئێوه‌ش چیتان له‌ باوكتانه‌وه‌ بینیوه‌ ده‌یكه‌ن. وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و پێیان وت: “باوكمان ئه‌وڕاهه‌مه‌”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ی ئه‌وڕاهه‌م بوونایه‌، كرداره‌كانی ئه‌وڕاهه‌متان ده‌كرد! به‌ڵام ئێستا هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن، منیش ئه‌و كه‌سه‌م ئه‌و ڕه‌وایه‌ی له‌ خوداوه‌ بیستم پێم وتن. ئه‌مه‌ش ئه‌وڕاهه‌م نه‌یكردووه‌. ئێوه‌ كرداره‌كانی باوكتان ده‌كه‌ن”. جا پێیان وت: “به‌ داوێنپیسی له‌دایک نه‌بووین. یه‌ک باوكمان هه‌یه‌ كه‌ خودایه‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر خودا باوكتان بووایه‌، منتان خۆشده‌ویست، چونكه‌ له‌ خوداوه‌ ده‌رچووم و هاتووم. چونكه‌ له‌ خۆمه‌وه‌ نه‌هاتووم، به‌ڵكو ئه‌و ناردوومی. بۆچی له‌ قسه‌كانم تێناگه‌ن؟ چونكه‌ ناتوانن گوێ له‌ قسه‌كه‌م بگرن. ئێوه‌ له‌ باوكێكن كه‌ ئیبلیسه‌، ده‌تانه‌وێت به‌ ئاره‌زووه‌كانی باوكتان بكه‌ن. ئه‌و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بكوژ بووه‌، له‌ ڕه‌وادا جێگیر نه‌بووه‌، چونكه‌ ڕه‌وا له‌ودا نییه‌. كاتێكیش درۆ ده‌كات، باسی شتی خۆی ده‌كات، چونكه‌ درۆزنه‌ و باوكی درۆیه‌. به‌ڵام من چونكه‌ ڕه‌وا ده‌ڵێم باوه‌ڕم پێ ناهێنن. كامه‌تان ده‌توانێت گوناهێكم له‌سه‌ر بسه‌لمێنێ؟ جا ئه‌گه‌ر ڕه‌وا ده‌ڵێم، بۆچی باوه‌ڕم پێ ناهێنن؟ ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌یه‌، گوێ له‌ وته‌ی خودا ده‌گرێت. بۆیه‌ ئێوه‌ گوێ ناگرن، چونكه‌ له‌ خوداوه‌ نین”.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان