لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 21:8-47

یۆحەنا 21:8-47 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

دیسان ئیشۆع پێی فه‌رموون: “من ده‌ڕۆم و داوام ده‌كه‌ن، له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن. ئێوه‌ ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌ڕۆم”. جووه‌كان وتیان: “ئایا خۆی ده‌كوژێت؟ چونكه‌ ده‌ڵێ: ئێوه‌ ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌ڕۆم؟”. پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ هی خواره‌وه‌ن، به‌ڵام من هی سه‌ره‌وه‌م. ئێوه‌ هی ئه‌م جیهانه‌ن، به‌ڵام من هی ئه‌م جیهانه‌ نیم. بۆیه‌ پێم وتن: له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ باوه‌ڕ نه‌هێنن كه‌ من ئه‌وم، له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن”. پێیان وت: “تۆ كێیت؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پێم وتوون. زۆر شتم له‌سه‌رتان هه‌یه‌ بیڵێم و حوكمی پێ بده‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناردوومی ڕه‌وایه‌، هه‌رچیم له‌و بیستووه‌ به‌ جیهانی ده‌ڵێم”. ئه‌وان تێنه‌گه‌یشتن كه‌ باسی باوكیان بۆ ده‌كات. جا ئیشۆع پێی فه‌رموون: “كاتێ ڕۆڵه‌ی مرۆڤتان به‌رزكرده‌وه‌، ئه‌وسا تێده‌گه‌ن كه‌ من ئه‌وم، له‌ خۆمه‌وه‌ هیچ ناكه‌م، به‌ڵكو وه‌ک باوک فێری كردووم قسه‌ ده‌كه‌م. ئه‌وه‌ی ناردوومی له‌گه‌ڵمدایه‌، باوكیش به‌ ته‌نها به‌جێی نه‌هێشتووم، چونكه‌ من هه‌میشه‌ به‌گوێره‌ی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و ده‌كه‌م”. كاتێ ئه‌م قسانه‌ی ده‌فه‌رموو، زۆر كه‌س باوه‌ڕیان پێی هێنا. ئه‌وسا ئیشۆع به‌ جووه‌كانی فه‌رموو كه‌ باوه‌ڕیان پێی هێنابوو: “ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌ قسه‌كه‌مدا جێگیربن، ئه‌وا به‌ ڕاستی قوتابی منن و ڕه‌وا ده‌ناسن، ڕه‌واش ئازادتان ده‌كات”. وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ئێمه‌ نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌مین، هه‌رگیز كۆیله‌ی كه‌س نه‌بووینه‌! ئیتر چۆن ده‌فه‌رمووی: ئازاد ده‌بن؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌ر كه‌سێک گوناه‌ بكات كۆیله‌ی گوناهه‌. كۆیله‌ تاهه‌تایه‌ له‌ ماڵ نامێنێته‌وه‌، به‌ڵام ڕۆڵه‌ تاهه‌تایه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ ئازادی كردن، ئه‌وا به‌ ڕاستی ئازاد ده‌بن. من ده‌زانم ئێوه‌ نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌من. به‌ڵام هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن، چونكه‌ قسه‌كه‌م له‌ ئێوه‌دا جێگه‌ی نییه‌. چیم له‌لای باوكم بینیوه‌ ده‌یڵێم، ئێوه‌ش چیتان له‌ باوكتانه‌وه‌ بینیوه‌ ده‌یكه‌ن. وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و پێیان وت: “باوكمان ئه‌وڕاهه‌مه‌”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ی ئه‌وڕاهه‌م بوونایه‌، كرداره‌كانی ئه‌وڕاهه‌متان ده‌كرد! به‌ڵام ئێستا هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن، منیش ئه‌و كه‌سه‌م ئه‌و ڕه‌وایه‌ی له‌ خوداوه‌ بیستم پێم وتن. ئه‌مه‌ش ئه‌وڕاهه‌م نه‌یكردووه‌. ئێوه‌ كرداره‌كانی باوكتان ده‌كه‌ن”. جا پێیان وت: “به‌ داوێنپیسی له‌دایک نه‌بووین. یه‌ک باوكمان هه‌یه‌ كه‌ خودایه‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر خودا باوكتان بووایه‌، منتان خۆشده‌ویست، چونكه‌ له‌ خوداوه‌ ده‌رچووم و هاتووم. چونكه‌ له‌ خۆمه‌وه‌ نه‌هاتووم، به‌ڵكو ئه‌و ناردوومی. بۆچی له‌ قسه‌كانم تێناگه‌ن؟ چونكه‌ ناتوانن گوێ له‌ قسه‌كه‌م بگرن. ئێوه‌ له‌ باوكێكن كه‌ ئیبلیسه‌، ده‌تانه‌وێت به‌ ئاره‌زووه‌كانی باوكتان بكه‌ن. ئه‌و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بكوژ بووه‌، له‌ ڕه‌وادا جێگیر نه‌بووه‌، چونكه‌ ڕه‌وا له‌ودا نییه‌. كاتێكیش درۆ ده‌كات، باسی شتی خۆی ده‌كات، چونكه‌ درۆزنه‌ و باوكی درۆیه‌. به‌ڵام من چونكه‌ ڕه‌وا ده‌ڵێم باوه‌ڕم پێ ناهێنن. كامه‌تان ده‌توانێت گوناهێكم له‌سه‌ر بسه‌لمێنێ؟ جا ئه‌گه‌ر ڕه‌وا ده‌ڵێم، بۆچی باوه‌ڕم پێ ناهێنن؟ ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌یه‌، گوێ له‌ وته‌ی خودا ده‌گرێت. بۆیه‌ ئێوه‌ گوێ ناگرن، چونكه‌ له‌ خوداوه‌ نین”.

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 8 بخوێنەوە

یۆحەنا 21:8-47 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

دیسان عیسا پێی فەرموون: «من دەڕۆم و ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام لەناو گوناهەکانتان دەمرن. ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.» لەبەر ئەوە جولەکەکان پرسیاریان کرد و گوتیان: «ئایا خۆی دەکوژێت؟ چونکە دەڵێ: ”ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.“» ئیتر عیسا پێی فەرموون: «ئێوە هی خوارەوەن، من هی سەرەوەم. ئێوە هی ئەم جیهانەن، بەڵام من هی ئەم جیهانە نیم. لەبەر ئەوە پێم گوتن: لەناو گوناهەکانتان دەمرن، چونکە ئەگەر باوەڕ نەهێنن کە من ئەوم، ئەوا لەناو گوناهەکانتان دەمرن.» لێیان پرسی: «تۆ کێیت؟» عیسا پێی فەرموون: «من هەر ئەوەم کە لە سەرەتاوە پێم گوتن. زۆر شتم هەیە لەسەرتان کە بیڵێم و ئێوەی پێ حوکم بدەم. بەڵام ئەوەی ناردوومی جێی متمانەیە، هەرچیم لەو بیستووە بە جیهانی دەڵێم.» ئەوان تێنەگەیشتن کە باسی باوکی دەکات. لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «کاتێک کوڕی مرۆڤتان بەرزکردەوە، ئەوسا دەزانن کە من ئەوم و لە خۆمەوە هیچ ناکەم، بەڵکو بەو جۆرە قسە دەکەم کە باوک فێری کردووم. ئەوەی ناردوومی لەگەڵمدایە و بە تەنها بەجێی نەهێشتووم، چونکە هەمیشە ئەوە دەکەم کە جێی ڕەزامەندی ئەوە.» کاتێک ئەم قسانەی دەکرد، زۆر کەس باوەڕیان پێی هێنا. عیسا بەو جولەکانەی فەرموو کە باوەڕیان پێی هێنابوو: «ئەگەر لەسەر فێرکردنەکانم بمێننەوە، ئەوا بەڕاستی قوتابی منن و ڕاستی دەناسن، ڕاستیش ئازادتان دەکات.» جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «ئێمە نەوەی ئیبراهیمین، هەرگیز کۆیلەی کەس نەبووین. ئیتر چۆن دەفەرمووی: ”ئێوە ئازاد دەبن“؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەرکەسێک گوناه بکات کۆیلەی گوناهە. کۆیلە هەتاهەتایە لە ماڵ نامێنێتەوە، بەڵام کوڕ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە. ئەگەر کوڕەکە ئازادی کردن، ئەوا بە ڕاستی ئازاد دەبن. دەزانم کە ئێوە لە نەوەی ئیبراهیمن، بەڵام هەوڵی کوشتنم دەدەن، چونکە پەیامەکەم لە دڵی ئێوەدا جێگای نییە. چیم لەلای باوکم بینیوە دەیڵێم، ئێوەش چیتان لە باوکتانەوە بیستووە دەیکەن.» وەڵامیان دایەوە: «باوکمان ئیبراهیمە.» عیساش پێی فەرموون: «ئەگەر ڕۆڵەی ئیبراهیم بوونایە، کردارەکانی ئیبراهیمتان دەکرد. بەڵام ئێستا هەوڵی کوشتنی من دەدەن، ئەو کەسەی کە ڕاستیی لە خوداوە بیست و پێی گوتن. ئیبراهیم وەک ئێوەی نەکردووە. ئێوە کردارەکانی باوکتان دەکەن.» جا پێیان گوت: «بە زۆڵی لەدایک نەبووین. یەک باوکمان هەیە کە خودایە.» عیسا پێی فەرموون: «ئەگەر خودا باوکتان بووایە، منتان خۆشدەویست، چونکە لە خوداوە دەرچووم و هاتووم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵکو ئەو ناردوومی. بۆچی لە قسەکانم تێناگەن؟ چونکە ئێوە ناتوانن گوێ لە وشەکانم بگرن. ئێوە لە ئیبلیسی باوکتانن، دەتانەوێت ئارەزووەکانی باوکتان جێبەجێ بکەن. ئەو لە سەرەتاوە بکوژ بووە، لە ڕاستیدا نەچەسپاوە، چونکە ڕاستی لە ئەودا نییە. کاتێک درۆ دەکات، بە زمانی خۆی قسە دەکات، چونکە درۆزنە و باوکی درۆیە. هەر بۆیە، کاتێک من ڕاستی دەڵێم ئێوە باوەڕم پێ ناکەن! کامەتان دەتوانێت گوناهێکم لەسەر بسەلمێنێ؟ جا ئەگەر ڕاستی دەڵێم، بۆچی باوەڕم پێ ناکەن؟ ئەوەی لە خوداوەیە، گوێ لە پەیامی خودا دەگرێت. بۆیە ئێوە گوێ ناگرن، چونکە لە خوداوە نین.»

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 8 بخوێنەوە