لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 26:1-80

لۆقا 26:1-80 PNTZS

له‌ شه‌شه‌م مانگی بوو، جبرائیلی فریشته‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ بۆ شارێک نێردرا له‌ گلیلا، ناوی ناسڕه‌ت‌ بوو، بۆ پاكیزه‌یه‌كی ماره‌بڕاو له‌ پیاوێک به‌ناوی یۆسپ له‌ بنه‌ماڵه‌ی داوید، ناوی پاكیزه‌كه‌ش مه‌ریه‌م بوو. فریشته‌كه‌ هاته‌ لای و فه‌رمووی: “ئاشتی بۆ تۆ، ئه‌ی به‌خششدار! په‌روه‌ردگارت له‌گه‌ڵه، تۆ پیرۆزیت له‌نێو ژناندا”. كاتێ بینیی له‌ قسه‌كردنه‌كه‌یدا شڵه‌ژا و بیری كرده‌وه‌: “ده‌بێ ئه‌م‌ سڵاوه‌ چی بێت!”. فریشته‌كه‌ پێی فه‌رموو: “مه‌ترسه‌ مه‌ریه‌م، چونكه‌ خودا به‌خششی پێت داوه‌. ئه‌وه‌تا سكت ده‌بێت و كوڕێكت ده‌بێت ناوی ده‌نێیت ئیشۆع. مه‌زن ده‌بێت و به‌ ڕۆڵه‌ی خودای هه‌ره‌به‌رز ناوده‌بردرێت، په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندیش ته‌ختی داویدی باوكی پێ ده‌دات. تا جاویدان حوكمڕانی ماڵی یاقوو ده‌كات، پاشایه‌تیه‌كه‌شی بێ پایانه‌”. مه‌ریه‌م به‌ فریشته‌كه‌ی فه‌رموو: “ئه‌مه‌ چۆن ده‌بێت، كه‌ پیاوم نه‌ناسیوه‌؟” فریشته‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ڕووحی پارسا دێته‌ سه‌رت و هێزی هه‌ره‌به‌رز سایه‌ت ده‌بێت. بۆیه‌ ئه‌و پارسایه‌ی لێت ده‌بێت به‌ ڕۆڵه‌ی خودا ناوده‌بردرێت. ئه‌وه‌تا ئه‌لیساباتی خزمیشت به‌و پیریه‌ی سكی به‌ كوڕێک هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی به‌ نه‌زۆک ناوده‌برا له‌ شه‌شه‌م مانگیه‌تی. چونكه‌ هیچ شتێک له‌لای خودا مه‌حاڵ نییه‌”. مه‌ریه‌م فه‌رموی: “ئه‌وه‌تا من به‌نده‌ی په‌روه‌ردگارم. با به‌گوێره‌ی قسه‌كانت بۆم ببێت”. فریشته‌كه‌ش به‌جێیهێشت. له‌و ڕۆژانه‌دا، مه‌ریه‌م هه‌ستا و خێرا به‌ره‌و چیاكان بۆ شاری ئیهوود چوو. چووه‌ ماڵی زخه‌ریا و سڵاوی له‌ ئه‌لیسابات كرد. كاتێ ئه‌لیسابات گوێی له‌ سڵاوه‌كه‌ی مه‌ریه‌م بوو، كۆرپه‌له‌كه‌ له‌ سكیدا هه‌ڵبه‌زی و ئه‌لیسابات پڕبوو له‌ ڕووحی پارسا. به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد و وتی: “له‌نێو ژناندا داڕشتكراویت، به‌رهه‌می سكت پیرۆزه‌! ئه‌مه‌م له‌كوێ بوو، دایكی په‌روه‌ردگارم بێته‌ لام؟ ئه‌وه‌تا هه‌ركه‌ ده‌نگی سڵاوه‌كه‌ت به‌ر گوێم كه‌وت، كۆرپه‌له‌كه‌ له‌ خۆشیدا له‌ سكم هه‌ڵبه‌زییه‌وه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی باوه‌ڕی هێناوه‌ كه‌ له‌ په‌روه‌ردگاره‌وه‌ چی پێ وتراوه‌ دێته‌ دی”. مه‌ریه‌میش فه‌رمووی: “ده‌روونم په‌روه‌ردگار شكۆدار ده‌كات، ڕووحم به‌ خودای ڕزگاریده‌رم دڵشاده‌، چونكه‌ سه‌یری خاكساریی به‌نده‌كه‌ی كرد. ئه‌وه‌تا له‌ ئێستاوه‌ هه‌موو نه‌وه‌كان پارسام ده‌كه‌ن، چونكه‌ توانادار شتی مه‌زنی بۆ كردم، پارسایه‌ ناوی. به‌زه‌ییه‌كه‌ی بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ لێی ده‌ترسن، نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌. به‌ بازووی كاری به‌هێزی ئه‌نجام دا، لووتبه‌رزانی به‌ بۆچوونه‌كانی دڵیان په‌رتوبڵاو كرده‌وه‌. تواناداره‌كانی له‌ ته‌خته‌كان هێنایه‌ خواره‌وه‌، خاكساره‌كانی به‌رز كرده‌وه‌. برسییه‌كانی له‌ خێر تێر كرد، ده‌وڵه‌مه‌ندانی به‌ ده‌ستی به‌تاڵی ڕه‌وانه‌ كرده‌وه‌. پاڵپشتی ئیسڕائیلی ڕۆڵه‌ی خۆی كرد، بۆ یادكردنه‌وه‌ی به‌زه‌یی، وه‌ک قسه‌ی بۆ باوكانمان كرد، بۆ ئه‌وڕاهه‌م و نه‌وه‌كه‌ی تاهه‌تایه‌”. مه‌ریه‌م نزیكه‌ی سێ مانگ له‌لای مایه‌وه‌ و پاشان گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی. ئه‌لیسابات كاتی منداڵبوونی هات و كوڕێكی بوو. دراوسێ و خزمانی بیستیان په‌روه‌ردگار به‌زه‌یی فراوانی خۆی بۆ ده‌رخستووه‌، له‌گه‌ڵی شادمان بوون. له‌ ڕۆژی هه‌شته‌مدا بۆ خروسه ‌بڕینی منداڵه‌كه‌ هاتن، له‌سه‌ر ناوی باوكی ناویان لێنا زخه‌ریا. به‌ڵام دایكی وتی: “نه‌خێر، ناوی ده‌نرێت یوخه‌ننه‌ن”. پێیان وت: “كه‌س له‌ هۆزه‌كه‌ت به‌م ناوه‌ نه‌نراوه‌”. ئینجا ئاماژه‌یان بۆ باوكی كرد، ده‌یه‌وێت چ ناوێكی لێ بنێت. ته‌خته‌یه‌كی داواكرد و له‌سه‌ری نووسی: “ناوی یوخه‌ننه‌نه‌”. جا هه‌موو سه‌رسام بوون. ده‌ستبه‌جێ ده‌م و زمانی كرایه‌وه‌ و قسه‌ی كرد و داڕشتی خودای ده‌كرد. هه‌موو دراوسێیه‌كانیان ترسیان لێ نیشت. له‌ هه‌موو چیاكانی ئیهوود باسی ئه‌م شتانه‌ ده‌كرا. هه‌موو ئه‌وانه‌ی بیستیان له‌ دڵی خۆیاندا هه‌ڵیانگرت، وتیان: “ده‌بێ ئه‌م منداڵه‌ ببێته‌ چی؟” ده‌ستی په‌روه‌ردگاریشی له‌گه‌ڵ بوو. زخه‌ریای باوكی پڕبوو له‌ ڕووحی پارسا و پێشبینی كرد، وتی: “پیرۆزه‌ په‌روه‌ردگار، خوداوه‌ندی ئیسڕائیل، چونكه‌ گه‌له‌كه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌ و قوربانییدا. شاخی ڕزگاریمانی هه‌ستانده‌وه‌، له‌ ماڵی داویدی ڕۆڵه‌ی، وه‌ک له‌ كۆنه‌وه‌ به‌ زمانی پێغه‌مبه‌ره‌ پارساكانی دوواوه‌، ڕزگاربوون له‌ دوژمنانمان و له‌ ده‌ست هه‌موو ناحه‌زانمان، بۆئه‌وه‌ی به‌زه‌یی به‌ باوكانمان بێته‌وه‌ و بۆ یادكردنه‌وه‌ی په‌یمانه‌ پارساكه‌ی. ئه‌و سوێنده‌ی بۆ ئه‌وڕاهه‌می باوكمانی خوارد: له‌ ده‌ست دوژمنانمان ده‌ربازمان بێت، كه‌ بمانداتێ بێ ترس بیپه‌رستین، هه‌موو ڕۆژانی ژیانمان به‌ پارسایی و خوداناسی له‌به‌رده‌می. تۆش ڕۆڵه‌، به‌ پێغه‌مبه‌ری خودای هه‌ره‌به‌رز ناوده‌بردرێیت، چونكه‌ پێش په‌روه‌ردگار ده‌كه‌ویت، تاكو ڕێگای بۆ ئاماده‌ بكه‌یت، تاكو زانینی ڕزگاری به‌ لێخۆشبوونی گوناهه‌كانیان بده‌یته‌ گه‌له‌كه‌ی، به‌هۆی هه‌ناوی میهره‌بانیی خودامانه‌وه‌، كه‌ رووناكی له‌ به‌رزاییه‌وه ئێمه‌ی به‌سه‌ركرد‌، تاكو ڕۆشنای ئه‌وانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ تاریكی و له‌ سێبه‌ری مه‌رگدا دانیشتوون‌، بۆ ئه‌وه‌ی پێیه‌كانمان به‌ ڕێگای ئاشتیدا ئاشنا بكات”. كوڕه‌كه‌ش له‌ ڕووحدا گه‌شه‌ی ده‌كرد و به‌هێز ده‌بوو، تاكو ڕۆژی ده‌ركه‌وتنی بۆ ئیسڕائیل له‌ ده‌شتوده‌ر بوو.