لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 26:1-80

لۆقا 26:1-80 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌ شه‌شه‌م مانگی بوو، جبرائیلی فریشته‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ بۆ شارێک نێردرا له‌ گلیلا، ناوی ناسڕه‌ت‌ بوو، بۆ پاكیزه‌یه‌كی ماره‌بڕاو له‌ پیاوێک به‌ناوی یۆسپ له‌ بنه‌ماڵه‌ی داوید، ناوی پاكیزه‌كه‌ش مه‌ریه‌م بوو. فریشته‌كه‌ هاته‌ لای و فه‌رمووی: “ئاشتی بۆ تۆ، ئه‌ی به‌خششدار! په‌روه‌ردگارت له‌گه‌ڵه، تۆ پیرۆزیت له‌نێو ژناندا”. كاتێ بینیی له‌ قسه‌كردنه‌كه‌یدا شڵه‌ژا و بیری كرده‌وه‌: “ده‌بێ ئه‌م‌ سڵاوه‌ چی بێت!”. فریشته‌كه‌ پێی فه‌رموو: “مه‌ترسه‌ مه‌ریه‌م، چونكه‌ خودا به‌خششی پێت داوه‌. ئه‌وه‌تا سكت ده‌بێت و كوڕێكت ده‌بێت ناوی ده‌نێیت ئیشۆع. مه‌زن ده‌بێت و به‌ ڕۆڵه‌ی خودای هه‌ره‌به‌رز ناوده‌بردرێت، په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندیش ته‌ختی داویدی باوكی پێ ده‌دات. تا جاویدان حوكمڕانی ماڵی یاقوو ده‌كات، پاشایه‌تیه‌كه‌شی بێ پایانه‌”. مه‌ریه‌م به‌ فریشته‌كه‌ی فه‌رموو: “ئه‌مه‌ چۆن ده‌بێت، كه‌ پیاوم نه‌ناسیوه‌؟” فریشته‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ڕووحی پارسا دێته‌ سه‌رت و هێزی هه‌ره‌به‌رز سایه‌ت ده‌بێت. بۆیه‌ ئه‌و پارسایه‌ی لێت ده‌بێت به‌ ڕۆڵه‌ی خودا ناوده‌بردرێت. ئه‌وه‌تا ئه‌لیساباتی خزمیشت به‌و پیریه‌ی سكی به‌ كوڕێک هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی به‌ نه‌زۆک ناوده‌برا له‌ شه‌شه‌م مانگیه‌تی. چونكه‌ هیچ شتێک له‌لای خودا مه‌حاڵ نییه‌”. مه‌ریه‌م فه‌رموی: “ئه‌وه‌تا من به‌نده‌ی په‌روه‌ردگارم. با به‌گوێره‌ی قسه‌كانت بۆم ببێت”. فریشته‌كه‌ش به‌جێیهێشت. له‌و ڕۆژانه‌دا، مه‌ریه‌م هه‌ستا و خێرا به‌ره‌و چیاكان بۆ شاری ئیهوود چوو. چووه‌ ماڵی زخه‌ریا و سڵاوی له‌ ئه‌لیسابات كرد. كاتێ ئه‌لیسابات گوێی له‌ سڵاوه‌كه‌ی مه‌ریه‌م بوو، كۆرپه‌له‌كه‌ له‌ سكیدا هه‌ڵبه‌زی و ئه‌لیسابات پڕبوو له‌ ڕووحی پارسا. به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد و وتی: “له‌نێو ژناندا داڕشتكراویت، به‌رهه‌می سكت پیرۆزه‌! ئه‌مه‌م له‌كوێ بوو، دایكی په‌روه‌ردگارم بێته‌ لام؟ ئه‌وه‌تا هه‌ركه‌ ده‌نگی سڵاوه‌كه‌ت به‌ر گوێم كه‌وت، كۆرپه‌له‌كه‌ له‌ خۆشیدا له‌ سكم هه‌ڵبه‌زییه‌وه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی باوه‌ڕی هێناوه‌ كه‌ له‌ په‌روه‌ردگاره‌وه‌ چی پێ وتراوه‌ دێته‌ دی”. مه‌ریه‌میش فه‌رمووی: “ده‌روونم په‌روه‌ردگار شكۆدار ده‌كات، ڕووحم به‌ خودای ڕزگاریده‌رم دڵشاده‌، چونكه‌ سه‌یری خاكساریی به‌نده‌كه‌ی كرد. ئه‌وه‌تا له‌ ئێستاوه‌ هه‌موو نه‌وه‌كان پارسام ده‌كه‌ن، چونكه‌ توانادار شتی مه‌زنی بۆ كردم، پارسایه‌ ناوی. به‌زه‌ییه‌كه‌ی بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ لێی ده‌ترسن، نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌. به‌ بازووی كاری به‌هێزی ئه‌نجام دا، لووتبه‌رزانی به‌ بۆچوونه‌كانی دڵیان په‌رتوبڵاو كرده‌وه‌. تواناداره‌كانی له‌ ته‌خته‌كان هێنایه‌ خواره‌وه‌، خاكساره‌كانی به‌رز كرده‌وه‌. برسییه‌كانی له‌ خێر تێر كرد، ده‌وڵه‌مه‌ندانی به‌ ده‌ستی به‌تاڵی ڕه‌وانه‌ كرده‌وه‌. پاڵپشتی ئیسڕائیلی ڕۆڵه‌ی خۆی كرد، بۆ یادكردنه‌وه‌ی به‌زه‌یی، وه‌ک قسه‌ی بۆ باوكانمان كرد، بۆ ئه‌وڕاهه‌م و نه‌وه‌كه‌ی تاهه‌تایه‌”. مه‌ریه‌م نزیكه‌ی سێ مانگ له‌لای مایه‌وه‌ و پاشان گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی. ئه‌لیسابات كاتی منداڵبوونی هات و كوڕێكی بوو. دراوسێ و خزمانی بیستیان په‌روه‌ردگار به‌زه‌یی فراوانی خۆی بۆ ده‌رخستووه‌، له‌گه‌ڵی شادمان بوون. له‌ ڕۆژی هه‌شته‌مدا بۆ خروسه ‌بڕینی منداڵه‌كه‌ هاتن، له‌سه‌ر ناوی باوكی ناویان لێنا زخه‌ریا. به‌ڵام دایكی وتی: “نه‌خێر، ناوی ده‌نرێت یوخه‌ننه‌ن”. پێیان وت: “كه‌س له‌ هۆزه‌كه‌ت به‌م ناوه‌ نه‌نراوه‌”. ئینجا ئاماژه‌یان بۆ باوكی كرد، ده‌یه‌وێت چ ناوێكی لێ بنێت. ته‌خته‌یه‌كی داواكرد و له‌سه‌ری نووسی: “ناوی یوخه‌ننه‌نه‌”. جا هه‌موو سه‌رسام بوون. ده‌ستبه‌جێ ده‌م و زمانی كرایه‌وه‌ و قسه‌ی كرد و داڕشتی خودای ده‌كرد. هه‌موو دراوسێیه‌كانیان ترسیان لێ نیشت. له‌ هه‌موو چیاكانی ئیهوود باسی ئه‌م شتانه‌ ده‌كرا. هه‌موو ئه‌وانه‌ی بیستیان له‌ دڵی خۆیاندا هه‌ڵیانگرت، وتیان: “ده‌بێ ئه‌م منداڵه‌ ببێته‌ چی؟” ده‌ستی په‌روه‌ردگاریشی له‌گه‌ڵ بوو. زخه‌ریای باوكی پڕبوو له‌ ڕووحی پارسا و پێشبینی كرد، وتی: “پیرۆزه‌ په‌روه‌ردگار، خوداوه‌ندی ئیسڕائیل، چونكه‌ گه‌له‌كه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌ و قوربانییدا. شاخی ڕزگاریمانی هه‌ستانده‌وه‌، له‌ ماڵی داویدی ڕۆڵه‌ی، وه‌ک له‌ كۆنه‌وه‌ به‌ زمانی پێغه‌مبه‌ره‌ پارساكانی دوواوه‌، ڕزگاربوون له‌ دوژمنانمان و له‌ ده‌ست هه‌موو ناحه‌زانمان، بۆئه‌وه‌ی به‌زه‌یی به‌ باوكانمان بێته‌وه‌ و بۆ یادكردنه‌وه‌ی په‌یمانه‌ پارساكه‌ی. ئه‌و سوێنده‌ی بۆ ئه‌وڕاهه‌می باوكمانی خوارد: له‌ ده‌ست دوژمنانمان ده‌ربازمان بێت، كه‌ بمانداتێ بێ ترس بیپه‌رستین، هه‌موو ڕۆژانی ژیانمان به‌ پارسایی و خوداناسی له‌به‌رده‌می. تۆش ڕۆڵه‌، به‌ پێغه‌مبه‌ری خودای هه‌ره‌به‌رز ناوده‌بردرێیت، چونكه‌ پێش په‌روه‌ردگار ده‌كه‌ویت، تاكو ڕێگای بۆ ئاماده‌ بكه‌یت، تاكو زانینی ڕزگاری به‌ لێخۆشبوونی گوناهه‌كانیان بده‌یته‌ گه‌له‌كه‌ی، به‌هۆی هه‌ناوی میهره‌بانیی خودامانه‌وه‌، كه‌ رووناكی له‌ به‌رزاییه‌وه ئێمه‌ی به‌سه‌ركرد‌، تاكو ڕۆشنای ئه‌وانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ تاریكی و له‌ سێبه‌ری مه‌رگدا دانیشتوون‌، بۆ ئه‌وه‌ی پێیه‌كانمان به‌ ڕێگای ئاشتیدا ئاشنا بكات”. كوڕه‌كه‌ش له‌ ڕووحدا گه‌شه‌ی ده‌كرد و به‌هێز ده‌بوو، تاكو ڕۆژی ده‌ركه‌وتنی بۆ ئیسڕائیل له‌ ده‌شتوده‌ر بوو.

هاوبەشی بکە
لۆقا 1 بخوێنەوە

لۆقا 26:1-80 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک ئەلیسابات سکی شەش مانگ‏‏ بوو، خودا جبرائیلی فریشتەی نارد بۆ شارێک لە ناوچەی جەلیل کە ناوی ناسیرە بوو، بۆ لای پاکیزەیەک کە دەستگیرانی پیاوێک بوو لە بنەماڵەی داود بە ناوی یوسف، ناوی پاکیزەکەش مریەم بوو. جبرائیل هاتە لای مریەم و گوتی: «سڵاو، ئەی ئەو کەسەی نیعمەتی خودات بەسەردا ڕژاوە، یەزدانت لەگەڵە.» بەڵام ئەو بە پەیامەکە زۆر شێوا و بیری کردەوە دەبێت ئەمە چ جۆرە سڵاوێک بێت. فریشتەکە پێی گوت: «مەترسە مریەم، چونکە لەلای خودا ڕەزامەندیت بەدەستهێنا. ئەوەتا سکت دەبێت و کوڕێکت دەبێت ناوی لێ دەنێیت عیسا. پایەبەرز دەبێت و بە کوڕی خودای هەرەبەرز ناودەبردرێت، خودای پەروەردگاریش تەختی داودی باوکی پێدەداتەوە. هەتاهەتایە حوکمڕانی نەوەی یاقوب دەکات، شانشینەکەشی کۆتایی نایەت.» بەڵام مریەم بە فریشتەکەی گوت: «ئەمە چۆن دەبێت، کە من هێشتا پاکیزەم؟» فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «ڕۆحی پیرۆز دێتە سەرت و هێزی خودای هەرەبەرز دەبێتە سایەی سەرت. لەبەر ئەوە ئەو پیرۆزەی لێت دەبێت بە کوڕی خودا ناودەبردرێت. ئەوەتا ئەلیساباتی خزمیشت بەو پیرییە سکی پڕە بە کوڕێک. ئەوەی پێیان دەگوت نەزۆک سکی شەش مانگە، چونکە هیچ شتێک لەلای خودا مەحاڵ نییە.» مریەم گوتی: «ئەوەتا من کارەکەری یەزدانم. ئەوەی تۆ دەیفەرموویت با بێتە دی.» فریشتەکەش بەجێی هێشت. لەو ڕۆژانەدا، مریەم هەستا و خێرا بۆ شارۆچکەیەک چوو لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی یەهودیا. چووە ماڵی زەکەریا و سڵاوی لە ئەلیسابات کرد. کاتێک ئەلیسابات گوێی لە سڵاوەکەی مریەم بوو، منداڵەکە لە سکیدا کەوتە جوڵەجوڵ و ئەلیسابات پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز. ئەلیسابات بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەنێو ژناندا بەرەکەتداریت، بەرهەمی سکت بەرەکەتدار دەبێت! بۆ من کێم تاکو دایکی گەورەکەم بێت بۆ لام؟ چونکە هەرکە دەنگی سڵاوەکەت بەر گوێم کەوت، منداڵەکە لە خۆشیدا لە سکمدا هەڵبەزییەوە. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی باوەڕی هێناوە کە لە یەزدانەوە چی پێ گوتراوە دێتە دی.» مریەمیش گوتی: «گیانم ستایشی یەزدان دەکات، ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە، چونکە سەیری بێفیزی کارەکەرەکەی کرد. ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن، چونکە توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجام دا، پیرۆزە ناوی ئەو. بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن، نەوە دوای نەوە. بە بازووی کاری بەهێزی ئەنجام دا، ئەوانەی بە بۆچوونەکانی دڵیان لووتبەرز بوون، پەرتوبڵاوی کردنەوە. تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە و بێفیزەکانی بڵند کردەوە. برسییەکانی لە خێروبێر تێر کرد، دەوڵەمەندانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە. بە یارمەتیدانی گەلی ئیسرائیلی بەندەی خۆی هەتاهەتایە بەزەییەکەی بەبیر هێنایەوە لەگەڵ ئیبراهیم و نەوەکەی، هەروەک بەڵێنی بە باوباپیرانمان دا.» مریەم لەلای ئەلیسابات نزیکەی سێ مانگ مایەوە، پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی. ئەلیسابات کاتی منداڵبوونی هات و کوڕێکی بوو. جا دراوسێ و خزمانی بیستیان یەزدان دەرگای بەزەیی فراوانی خۆی بۆ کردووەتەوە، لەگەڵی شادمان بوون. لە ڕۆژی هەشتەمدا بۆ خەتەنەکردنی منداڵەکە هاتن، لەسەر ناوی باوکی ناویان لێنا زەکەریا. بەڵام دایکی گوتی: «نەخێر، ناوی دەنرێت یەحیا.» پێیان گوت: «کەس لە خزمانت بەم ناوە ناونەنراوە.» ئینجا ئاماژەیان بۆ باوکی کرد، دەیەوێت چ ناوێکی لێ بنێت. تەختەیەکی داوا کرد و لەسەری نووسی: «ناوی یەحیایە.» هەموو سەرسام بوون. دەستبەجێ دەم و زمانی زەکەریا کرایەوە، دەستی کرد بە قسەکردن و ستایشی خودا. هەموو دراوسێکانیان ترسیان لێ نیشت و لە سەراپای ناوچە شاخاوییەکانی یەهودیا هەموو ئەم شتانە بوون بە قسە و باسی سەر زاری خەڵکی. هەموو ئەوانەی ئەم باسەیان بیست لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئایا ئەم منداڵە دەبێتە چی؟» چونکە دەستی یەزدانی لەگەڵ بوو. زەکەریای باوکیشی پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و پێشبینی کرد و گوتی: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، چونکە گەلەکەی بەسەرکردەوە و کڕییەوە. هێزی ڕزگاریمانی هەستاندەوە، لە بنەماڵەی داودی بەندەی، وەک چۆن لە کۆنەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە دواوە، بۆ ڕزگاربوون لە دەست دوژمنان و هەموو ناحەزانمان، هەروەها بۆ بەخشینی بەزەیی بە باوباپیرانمان و پەیوەستبوون بە پەیمانە پیرۆزەکەی، واتا ئەو سوێندەی کە بۆ ئیبراهیمی باپیرە گەورەمانی خوارد: کە ئێمە لە دەست دوژمن ڕزگارمان بێت و بێ ترس ئەو بپەرستین، هەموو ڕۆژانی ژیانمان بە پیرۆزی و ڕاستودروستی لەبەردەمیدا بین. «تۆش ئەی منداڵ، بە پێغەمبەری خودای هەرەبەرز ناودەبردرێیت، چونکە پێش یەزدان دەکەویت، تاکو ڕێگای بۆ ئامادە بکەیت، تاکو بە گەلەکەی ڕابگەیەنیت بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان ڕزگاریان دەبێت، بەهۆی بەزەییە بەسۆزەکەی خودامانەوە، کە بەهۆیەوە ڕووناکی لە بەرزاییەوە بەسەرماندا دەدرەوشێتەوە، تاکو بەسەر ئەوانەی لە تاریکی و لە سێبەری مەرگدا دانیشتوون بدرەوشێتەوە، بۆ ئەوەی پێیەکانمان بە ڕێگای ئاشتیدا ببات.» منداڵەکەش گەشەی دەکرد و لە ڕۆحدا بەهێز دەبوو، لە‏ چۆڵەوانی مایەوە هەتا ئەو ڕۆژەی کە خۆی بۆ گەلی ئیسرائیل دەرخست.

هاوبەشی بکە
لۆقا 1 بخوێنەوە