لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 47:22-71

لۆقا 47:22-71 PNTZS

كاتێ قسه‌ی ده‌فه‌رموو كۆمه‌ڵێک په‌یدابوون، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترا ئیهوودا و یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌ پێشیان كه‌وتووه‌، له‌ ئیشۆع نزیكبووه‌وه‌ تاكو ماچی بكات. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئیهوودا، به‌ ماچێک ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ست ده‌كه‌یت؟” ئه‌وانه‌ی ده‌وروپشتی كه‌ ئه‌وه‌یان بینی خه‌ریكه‌ ڕووبدات، وتیان: “په‌روه‌ردگار، شمشێر بوه‌شێنین؟” جا یه‌كێكیان له‌ كۆیله‌ی كاهینی باڵا دا و گوێی ڕاستی بڕی. به‌ڵام ئیشۆع فه‌رمووی: “واز له‌مه‌ بهێنن!” ئینجا ده‌ستی له‌ گوێی دا و چاكیكرده‌وه‌. ئینجا ئیشۆع به‌ كاهینانی باڵا و فه‌رمانده‌ی په‌رستگا و پیرانی فه‌رموو: “هه‌روه‌ک بۆ گرتنی دزێک به‌ شمشێر و كوته‌كه‌وه‌ هاتوون! هه‌موو ڕۆژێک له‌ په‌رستگا له‌گه‌ڵتان بووم ده‌ستتان درێژ نه‌كرده‌ سه‌رم. به‌ڵام ئه‌مه‌ كاتی ئێوه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵاتی تاریكییه‌”. ئیتر گرتییان، بردییان و هێنایانه‌ ماڵی كاهینی باڵا. به‌ڵام په‌تڕۆس دووربه‌دوور دوای كه‌وت. كاتێ له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌وشه‌دا ئاگریان كرده‌وه‌ و پێكه‌وه‌ دانیشتن، په‌تڕۆسیش له‌نێویاندا دانیشت. كه‌نیزه‌یه‌ک ئه‌وی بینی له‌به‌ر ئاگره‌كه‌ دانیشتووه‌، تێیڕووانی و وتی: “ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵی بوو!”. ئه‌وه‌یش نكۆڵی كرد و وتی: “نه‌خێر خانم، نایناسم!”. دوای كه‌مێک، یه‌كێكی دیكه‌ بینی، وتی: “تۆش له‌وانیت!” په‌تڕۆس وتی: “كاكه‌، من نیم!” دوای نزیكه‌ی كاژێرێک، یه‌كێكی دیكه‌ مكوڕ بوو، وتی: “به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵی بوو، چونكه‌ ئه‌مه‌ش گلیلاییه‌!”. په‌تڕۆس وتی: “كاكه‌، نازانم چی ده‌ڵێی!”. هه‌ر له‌و كاته‌دا كه‌ قسه‌ی ده‌كرد، كه‌ڵه‌شێر قولاندی. په‌روه‌ردگاریش ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌یری په‌تڕۆسی كرد، ئینجا په‌تڕۆس فه‌رمووده‌كه‌ی په‌روه‌ردگاری بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ پێی فه‌رموو: “پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. ئیتر په‌تڕۆس چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌كوڵ گریا. ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ ئیشۆعیان گرتبوو، گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و لێی ده‌دان. چاویان به‌ستبوو و زیللـه‌یان لێدا و لێیان ده‌پرسی: “پێشبینی بكه‌! كێیه‌ ئه‌وه‌ی لێیدایت؟” زۆر كفری دیكه‌شیان دژی ده‌كرد. كه‌ ڕۆژ‌بووه‌وه‌، پیرانی گه‌ل كۆبوونه‌وه‌: كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان. جا بردیانه‌ سه‌نهه‌دریمه‌كه‌یان. وتیان: “ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت پێمان بڵێ!”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر پێتان بڵێم بڕوا ناكه‌ن. ئه‌گه‌ر پرسیش بكه‌م وه‌ڵامم ناده‌نه‌وه‌ و به‌رم ناده‌ن. له‌ ئێستاوه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌لای ڕاستی هێزی خودا داده‌نیشێت”. هه‌موو وتیان: “كه‌واته‌ تۆی ڕۆڵه‌ی خودا؟” ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ وتتانه‌وه‌ كه‌ من ئه‌وم”. ئینجا وتیان: “ئیتر چ پێویستیمان به‌ گه‌واهیدان هه‌یه‌؟ چونكه‌ ئه‌وه‌تا له‌ ده‌می خۆیه‌وه‌ گوێمان لێبوو”.