لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 47:22-71

لۆقا 47:22-71 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ قسه‌ی ده‌فه‌رموو كۆمه‌ڵێک په‌یدابوون، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترا ئیهوودا و یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌ پێشیان كه‌وتووه‌، له‌ ئیشۆع نزیكبووه‌وه‌ تاكو ماچی بكات. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئیهوودا، به‌ ماچێک ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ست ده‌كه‌یت؟” ئه‌وانه‌ی ده‌وروپشتی كه‌ ئه‌وه‌یان بینی خه‌ریكه‌ ڕووبدات، وتیان: “په‌روه‌ردگار، شمشێر بوه‌شێنین؟” جا یه‌كێكیان له‌ كۆیله‌ی كاهینی باڵا دا و گوێی ڕاستی بڕی. به‌ڵام ئیشۆع فه‌رمووی: “واز له‌مه‌ بهێنن!” ئینجا ده‌ستی له‌ گوێی دا و چاكیكرده‌وه‌. ئینجا ئیشۆع به‌ كاهینانی باڵا و فه‌رمانده‌ی په‌رستگا و پیرانی فه‌رموو: “هه‌روه‌ک بۆ گرتنی دزێک به‌ شمشێر و كوته‌كه‌وه‌ هاتوون! هه‌موو ڕۆژێک له‌ په‌رستگا له‌گه‌ڵتان بووم ده‌ستتان درێژ نه‌كرده‌ سه‌رم. به‌ڵام ئه‌مه‌ كاتی ئێوه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵاتی تاریكییه‌”. ئیتر گرتییان، بردییان و هێنایانه‌ ماڵی كاهینی باڵا. به‌ڵام په‌تڕۆس دووربه‌دوور دوای كه‌وت. كاتێ له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌وشه‌دا ئاگریان كرده‌وه‌ و پێكه‌وه‌ دانیشتن، په‌تڕۆسیش له‌نێویاندا دانیشت. كه‌نیزه‌یه‌ک ئه‌وی بینی له‌به‌ر ئاگره‌كه‌ دانیشتووه‌، تێیڕووانی و وتی: “ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵی بوو!”. ئه‌وه‌یش نكۆڵی كرد و وتی: “نه‌خێر خانم، نایناسم!”. دوای كه‌مێک، یه‌كێكی دیكه‌ بینی، وتی: “تۆش له‌وانیت!” په‌تڕۆس وتی: “كاكه‌، من نیم!” دوای نزیكه‌ی كاژێرێک، یه‌كێكی دیكه‌ مكوڕ بوو، وتی: “به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵی بوو، چونكه‌ ئه‌مه‌ش گلیلاییه‌!”. په‌تڕۆس وتی: “كاكه‌، نازانم چی ده‌ڵێی!”. هه‌ر له‌و كاته‌دا كه‌ قسه‌ی ده‌كرد، كه‌ڵه‌شێر قولاندی. په‌روه‌ردگاریش ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌یری په‌تڕۆسی كرد، ئینجا په‌تڕۆس فه‌رمووده‌كه‌ی په‌روه‌ردگاری بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ پێی فه‌رموو: “پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. ئیتر په‌تڕۆس چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌كوڵ گریا. ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ ئیشۆعیان گرتبوو، گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و لێی ده‌دان. چاویان به‌ستبوو و زیللـه‌یان لێدا و لێیان ده‌پرسی: “پێشبینی بكه‌! كێیه‌ ئه‌وه‌ی لێیدایت؟” زۆر كفری دیكه‌شیان دژی ده‌كرد. كه‌ ڕۆژ‌بووه‌وه‌، پیرانی گه‌ل كۆبوونه‌وه‌: كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان. جا بردیانه‌ سه‌نهه‌دریمه‌كه‌یان. وتیان: “ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت پێمان بڵێ!”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر پێتان بڵێم بڕوا ناكه‌ن. ئه‌گه‌ر پرسیش بكه‌م وه‌ڵامم ناده‌نه‌وه‌ و به‌رم ناده‌ن. له‌ ئێستاوه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌لای ڕاستی هێزی خودا داده‌نیشێت”. هه‌موو وتیان: “كه‌واته‌ تۆی ڕۆڵه‌ی خودا؟” ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ وتتانه‌وه‌ كه‌ من ئه‌وم”. ئینجا وتیان: “ئیتر چ پێویستیمان به‌ گه‌واهیدان هه‌یه‌؟ چونكه‌ ئه‌وه‌تا له‌ ده‌می خۆیه‌وه‌ گوێمان لێبوو”.

هاوبەشی بکە
لۆقا 22 بخوێنەوە

لۆقا 47:22-71 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هێشتا ئەو قسەی دەکرد کۆمەڵێک پەیدابوون، ئەو کەسەش کە پێی دەگوترا یەهوزا و یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە پێشیان کەوتبوو، لە عیسا نزیک بووەوە تاکو ماچی بکات. عیساش پێی فەرموو: «ئەی یەهوزا، بە ماچێک کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدەیت؟» ئەوانەی دەوروپشتی کاتێک بینییان وا خەریکە شتێک ڕوودەدات، گوتیان: «گەورەم، شمشێر بوەشێنین؟» جا یەکێکیان لە کۆیلەی سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی ڕاستی بڕی. بەڵام عیسا فەرمووی: «ئیدی بەسە!» ئینجا دەستی لە گوێی دا و چاکیکردەوە. پاشان عیسا بە کاهینانی باڵا و فەرماندەی پەرستگا و پیرانی فەرموو: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا لەگەڵتان بووم دەستتان لێ نەدام. بەڵام ئەمە کاتی ئێوەیە، کاتی دەسەڵاتی تاریکییە.» ئیتر گرتییان، بردیان و هێنایانە ماڵی سەرۆکی کاهینان. پەترۆسیش دووربەدوور دوای کەوت. هەندێک کەس لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا ئاگریان کردبووەوە و پێکەوە دانیشتبوون، پەترۆسیش لەگەڵیان دانیشتبوو. کارەکەرێک ئەوی بینی لەبەر ڕووناکی دانیشتووە، تێیڕوانی و گوتی: «ئەمەش لەگەڵی بوو.» بەڵام نکۆڵیی کرد و گوتی: «نەخێر خانم، نایناسم.» دوای کەمێک، یەکێکی دیکە بینی و گوتی: «تۆش لەوانیت.» بەڵام پەترۆس گوتی: «نەخێر کاکە، من لەوان نیم.» دوای نزیکەی کاتژمێرێک، یەکێکی دیکە مکوڕ بوو و گوتی: «بەڕاستی ئەمەش لەگەڵی بوو، چونکە ئەمەش جەلیلییە.» بەڵام پەترۆس گوتی: «کاکە، نازانم چی دەڵێیت.» هەر لەو کاتەدا کە قسەی دەکرد، کەڵەشێر خوێندی. مەسیحی خاوەن شکۆش ئاوڕی دایەوە و سەیری پەترۆسی کرد، ئینجا پەترۆس قسەکەی مەسیحی بیرکەوتەوە کە پێی فەرموو: «ئەمڕۆ پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا. ئەوانەی عیسایان گرتبوو، دەستیان بە گاڵتە پێکردن و لێدانی کرد. چاویان بەستبوو و لێیان دەپرسی: «ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە! کێ بوو لێیدایت؟» زۆر کفری دیکەشیان لە دژی دەکرد. کە ڕۆژبووەوە، ئەنجومەنی پیرانی گەل کۆبوونەوە، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات عیسایان بانگ کردە ئەنجومەنەکەیان. پێیان گوت: «ئەگەر تۆ مەسیحەکەیت پێمان بڵێ.» ئەویش پێی فەرموون: «ئەگەر پێتانی بڵێم باوەڕ ناکەن. ئەگەر لێشتان بپرسم وەڵام نادەنەوە. بەڵام لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ ﴿لە دەستەڕاستی خودای بەتوانا دادەنیشێت.﴾» هەموو لێیان پرسی: «کەواتە تۆی کوڕی خودا؟» ئەویش پێی فەرموون: «ئێوە خۆتان دەڵێن کە من ئەوم.» ئینجا گوتیان: «ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا لە دەمی خۆیەوە گوێمان لێبوو.»

هاوبەشی بکە
لۆقا 22 بخوێنەوە