لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 11:5-32

لۆقا 11:5-32 PNTZS

دوای ئه‌وه‌ی كه‌شتیه‌كانیان هێنا وشكایی، هه‌موو شتێكیان به‌جێهێشت و دوای كه‌وتن. جا له‌ یه‌كێک له‌ شاره‌كان بوو، پیاوێكی پڕ له‌ گولی هه‌بوو، كه‌ ئیشۆعی بینی به‌ ڕوودا كه‌وت و لێی پاڕایه‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر بته‌وێت، ده‌توانی پێگه‌ردم بكه‌یته‌وه‌”. جا ده‌ستی درێژكرد و ده‌ستی لێدا، فه‌رمووی: “ده‌مه‌وێت، بێگه‌ردببه‌وه‌!”. یه‌كسه‌ر گولییه‌كه‌ی لێبووه‌وه‌. ڕایسپارد به‌ كه‌س نه‌ڵێت، به‌ڵكو “بڕۆ خۆت پیشانی كاهین بده‌، بۆ بێگه‌ربوونه‌وه‌كه‌ت ئه‌و قوربانییه‌ی مووشێ فه‌رمانی كردووه‌ بیكه‌، وه‌ک گه‌واهییه‌ک بۆیان”. به‌ڵام هه‌واڵی زیاتر بڵاو ده‌بووه‌وه‌، جا كۆمه‌ڵانێک كۆبوونه‌وه‌ تاكو گوێبگرن و نه‌خۆشییه‌كانیان چاكبێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و دوورده‌كه‌وته‌وه‌ بۆ ده‌شتوده‌ر و نوێژی ده‌كرد. ڕۆژێكیان ئامۆژگاریی ده‌كرد، په‌ڕیشی و ته‌وراتزانه‌كانیش كه‌ له‌ هه‌موو گونده‌كانی گلیلا و ئیهوود و یروشلایمه‌وه‌ هاتبوون دانیشتبوون، هێزی په‌روه‌ردگاریش چاكیده‌كردنه‌وه‌. چه‌ند پیاوێک هاتن ئیفلیجێكیان به‌ جێگه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڵگرتبوو و ده‌یانویست بیهێننه‌ ژووره‌وه‌ و له‌به‌رده‌می دایبنێن. كاتێ له‌به‌ر كۆمه‌ڵه‌كه‌ ڕێیان نه‌بوو بیبه‌نه‌ ژووره‌وه‌، سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربان و به‌ جێگه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ نێوان خشته‌كاندا بۆ به‌رده‌م ئیشۆع شۆڕیان كرده‌وه‌ ناوه‌ڕاست. كاتێ باوه‌ڕی ئه‌وانی بینی، فه‌رمووی: “كابرا، گوناهه‌كانت به‌خشران”. ته‌وراتزان و په‌ڕیشییه‌كان بیریان ده‌كرده‌وه‌ و ده‌یانووت: “ئه‌مه‌ كێیه‌ كفر ده‌كات؟ بێجگه‌ له‌ خودا كێ ده‌توانێت گوناه‌ ببه‌خشێت؟” ئیشۆعیش هه‌ستی به‌‌ هزریانی كرد، وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “له‌ دڵتاندا بیری چی ده‌كه‌نه‌وه‌؟ كامیان ئاسانتره‌؟ بووترێت: گوناهه‌كانت به‌خشران، یان بووترێت: هه‌سته‌ و ڕێ بكه‌؟ به‌ڵام تاكو بزانن ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ به‌خشینی هه‌یه”، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: “پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌، جێگه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ ماڵه‌وه‌!”. یه‌كسه‌ر له‌به‌رده‌میان هه‌ستا، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری ڕاكشابوو هه‌ڵیگرت و چۆوه‌ ماڵی خۆی، خوداشی شكۆدار ده‌كرد. هه‌موویان سامگرتوو بوون و خودایان شكۆدار ده‌كرد، پڕبوون له‌ ترس و وتیان: “ئه‌مڕۆ شتی سه‌یرمان بینی!”. دوای ئه‌مه‌ ده‌رچوو، باجگرێكی بینی ناوی لیوی بوو، له‌ شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌”. ئه‌ویش هه‌موو شتێكی به‌جێهێشت، هه‌ستا و دوای كه‌وت. لیوی له‌ ماڵی خۆیدا میواندارییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ كرد، زۆر له‌ باجگران و خه‌ڵكی دیكه‌ له‌گه‌ڵیان له‌سه‌ر خوان بوون. جا په‌ڕیشی و ته‌وراتزانه‌كانیان بۆڵه‌بۆڵیان له‌سه‌ر قوتابییه‌كانی كرد و ده‌یانووت: “بۆچی له‌گه‌ڵ باجگر و گوناهباران ده‌خۆن و ده‌خۆنه‌وه‌؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “له‌شساغ پێویستی به‌ پزیشک نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆش. نه‌هاتووم بێتاوانان بانگ بكه‌م، به‌ڵكو گوناهباران بۆ تۆبه‌كردن”.