لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 22:8-56

لۆقا 22:8-56 PNTZS

ڕۆژێكیان ئیشۆع له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری كه‌شتیێک بوو، پێی فه‌رموون: “با بپه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاكه‌”. جا به‌ڕێ كه‌وتن. كاتێ ڕێیان ده‌كرد ئه‌و نووست. ڕه‌شه‌بایه‌كیش هه‌ڵیكرده‌ سه‌ر ده‌ریاكه‌، كه‌شتیه‌كه‌ پڕده‌بوو له‌ ئاو و كه‌وتنه‌ مه‌ترسییه‌وه‌. جا هاتنه‌ لای، خه‌به‌ریان كرده‌وه‌ و وتیان: “ڕابی، ڕابی، وا له‌ناوده‌چین!”. ئه‌ویش هه‌ستا، له‌ ڕه‌شه‌با و شه‌پۆڵه‌كانی ڕاخوڕی، كۆتاییان هات و هێمن بوونه‌وه‌. ئینجا پێی فه‌رموون: “كوا باوه‌ڕتان؟” سه‌رسام بوون و ترسان، به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “ئه‌مه‌ كێیه‌؟ فه‌رمان به‌ با و ئاویش ده‌كات و گوێڕایه‌ڵی ده‌بن!”. ئینجا به‌ره‌و ده‌ڤه‌ری گه‌ده‌رین ڕۆیشتن، كه‌ به‌رامبه‌ر گلیلایه‌. كاتێ ئیشۆع دابه‌زیه‌ سه‌ر وشكایی، پیاوێكی ئه‌و شاره‌ی تووش هات كه‌ له‌ مێژه‌وه‌ شه‌یتانی تێدابوو، جلی له‌به‌ر نه‌ده‌كرد و له‌ ماڵ نه‌ده‌ژیا، به‌ڵكو له‌ گۆڕستان. كه‌ ئیشۆعی بینی، هاواری كرد و له‌به‌رده‌می كه‌وت، به‌ ده‌نگی مه‌زن وتی: “چیت له‌ من ده‌وێ ئیشۆعی ڕۆڵه‌ی خودای هه‌ره‌به‌رز؟ لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ ئازارم نه‌ده‌ی!”. چونكه‌ فه‌رمانی به‌ ڕووحه‌ گڵاوه‌كه‌ی دابوو له‌ پیاوه‌كه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌. چونكه‌ زۆر جار ده‌یگرت، هه‌رچه‌نده‌ به‌ كۆت و زنجیر ده‌به‌سترایه‌وه‌ و چاودێری ده‌كرا، به‌ڵام كۆته‌كانی ده‌شكاند و شه‌یتان به‌ره‌و چۆڵه‌وانیی ده‌برد. ئیشۆع لێی پرسی و فه‌رمووی: “ناوت چییه‌؟” وتی: “لیجیۆن”. چونكه‌ زۆر شه‌یتانی تێچووبوو. لێی ده‌پاڕانه‌وه‌ نه‌وه‌ک فه‌رمانیان پێ بكات به‌ره‌و بیری بێبن بڕۆن. له‌وێ ڕانه‌ به‌رازێكی زۆر له‌ شاخ ده‌له‌وه‌ڕان، لێی پاڕانه‌وه‌ كه‌ ڕێیان بدات بچنه‌ نێویانه‌وه‌، ئه‌ویش ڕێی پێدان. شه‌یتانه‌كان له‌ پیاوه‌كه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چوونه‌ نێو به‌رازه‌كانه‌وه‌، ڕانه‌كه‌ش له‌ قه‌راغی شاخه‌كه‌وه‌ بۆ نێو ده‌ریاكه‌ هه‌ڵدێران و خنكان. كاتێ شوانه‌كان ئه‌م ڕووداوه‌یان بینی، ڕایانكرد و هه‌واڵیان دا شار و گونده‌كان. جا ده‌چوون تاكو ئه‌وه‌ی ڕوویداوه‌ بیبینن، هاتنه‌ لای ئیشۆع و بینییان ئه‌و پیاوه‌ی شه‌یتانه‌كانی لێ ده‌رچووبوو پۆشته‌یه‌ و ئاقڵه‌، له‌به‌رپێی ئیشۆع دانیشتووه‌، ئیتر ترسان. ئه‌وانه‌ی بینیبوویان بۆ خه‌ڵكه‌كه‌یان گێڕایه‌وه‌، شێته‌كه‌ ڕزگاری بوو. هه‌موو كۆمه‌ڵانی هه‌رێمی گه‌ده‌رین داوایان له‌ ئیشۆع كرد له‌لایان بڕوات، چونكه‌ ترسێكی گه‌وره‌یان لێ نیشتبوو، ئه‌ویش سواری كه‌شتیه‌كه‌ بوو و گه‌ڕایه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و پیاوه‌ی شه‌یتانه‌كانی لێ ده‌رچووبوو، لێی ده‌پاڕایه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵی بێت، به‌ڵام ئیشۆع ڕه‌وانه‌ی كرد و فه‌رمووی: “بۆ ماڵی خۆت بگه‌ڕێوه‌ و ئه‌وه‌ی خودا بۆتی كرد، بیگێڕه‌وه‌”. ئه‌ویش به‌ نێو هه‌موو شاره‌كه‌دا ڕۆیشت و ئه‌وه‌ی ڕاده‌گه‌یاند كه‌ ئیشۆع بۆی كردبوو. كاتێ ئیشۆع گه‌ڕایه‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ پێشوازییان لێكرد، چونكه‌ هه‌موو چاوه‌ڕێیان ده‌كرد. پیاوێک ناوی یایرۆس بوو پێشه‌وای كه‌نیشت بوو، هات و له‌به‌رپێی ئیشۆعدا كه‌وت، له‌به‌ری پاڕایه‌وه‌ تاكو بچێته‌ ماڵه‌كه‌ی، چونكه‌ تاقه‌ كچه‌كه‌ی كه‌ نزیكه‌ی دوازده‌ ساڵان بوو له‌ سه‌ره‌مه‌رگدابوو. كاتێ ئیشۆع ده‌ڕۆیشت خه‌ڵكه‌كه‌ پاڵه‌په‌ستۆیان ده‌كرد. ژنێک دوازده‌ ساڵ خوێنبه‌ربوونی هه‌بوو، هه‌موو ماڵه‌كه‌ی له‌ پزیشک دابوو، كه‌سیش نه‌یتوانی چاكی بكاته‌وه‌. جا له‌ دواوه‌ هات و ده‌ستی له‌ چمكی كراسه‌كه‌ی دا، یه‌كسه‌ر خوێنبه‌ربوونه‌كه‌ی وه‌ستا. ئیشۆع فه‌رمووی: “كێ بوو ده‌ستی لێدام؟” كه‌ هه‌موو نكۆڵییان كرد، په‌تڕۆس و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدا بوون وتیان: “ڕابی كۆمه‌ڵانه‌كه‌ له‌ ده‌وروپشتتن و پاڵه‌په‌ستۆ ده‌كه‌ن، تۆ ده‌پرسیت كێ بوو ده‌ستی لێدام؟”. ئیشۆع فه‌رمووی: “یه‌كێک ده‌ستی لێدام، چونكه‌ ده‌زانم هێزێک لێم ده‌رچوو”. ژنه‌كه‌ بینی ناشاردرێته‌وه‌، به‌ له‌رزه‌وه‌ هات و كه‌وته‌ به‌رپێی، له‌به‌رچاوی گه‌له‌كه‌دا ڕایگه‌یاند كه‌ بۆچی ده‌ستی لێداوه‌ و چۆن یه‌كسه‌ر چاكبووه‌ته‌وه‌. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “متمانه‌ت هه‌بێ كچم، باوه‌ڕت چاكیكردیته‌وه‌، به‌ ئاشتی بڕۆ”. هێشتا ئیشۆع قسه‌ی ده‌كرد، یه‌كێک له‌ ماڵی پێشه‌وای كه‌نیشته‌وه‌ هات و وتی: “كچه‌كه‌ت مرد، ئیتر ڕابی ماندوو مه‌كه‌”. ئیشۆعیش ئه‌مه‌ی بیست و وه‌ڵامی دایه‌وه و فه‌رمووی: “مه‌ترسه‌! ته‌نها باوه‌ڕت هه‌بێت، چاكده‌بێته‌وه‌”. كاتێ گه‌یشته‌ ماڵه‌كه‌، نه‌یهێشت كه‌س له‌گه‌ڵی بچێته‌ ژووره‌وه‌، په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌ن و یاقوو و دایک و باوكی كچه‌كه‌ نه‌بێت. هه‌موو ده‌گریان و شیوه‌نیان بۆ ده‌گێڕا، ئه‌ویش فه‌رمووی: “مه‌گریێن. نه‌مردووه‌، به‌ڵكو نووستووه‌”. جا‌ پێی پێكه‌نین، چونكه‌ ده‌یانزانی مردووه‌. هه‌مووانی كرده‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌ستی كچه‌كه‌ی گرت، بانگی كرد و فه‌رمووی: “كیژۆڵه‌، هه‌سته‌!” ئیتر ڕووحی هاته‌وه‌ به‌ر و یه‌كسه‌ر هه‌ستا، ئه‌وسا فه‌رمانی دا نانی بده‌نێ. دایک و باوكی سه‌ریان سوڕما، به‌ڵام ڕایسپاردن ئه‌وه‌ی ڕوویداوه‌ به‌ كه‌سی نه‌ڵێن.