لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 22:8-56

لۆقا 22:8-56 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ڕۆژێكیان ئیشۆع له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری كه‌شتیێک بوو، پێی فه‌رموون: “با بپه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاكه‌”. جا به‌ڕێ كه‌وتن. كاتێ ڕێیان ده‌كرد ئه‌و نووست. ڕه‌شه‌بایه‌كیش هه‌ڵیكرده‌ سه‌ر ده‌ریاكه‌، كه‌شتیه‌كه‌ پڕده‌بوو له‌ ئاو و كه‌وتنه‌ مه‌ترسییه‌وه‌. جا هاتنه‌ لای، خه‌به‌ریان كرده‌وه‌ و وتیان: “ڕابی، ڕابی، وا له‌ناوده‌چین!”. ئه‌ویش هه‌ستا، له‌ ڕه‌شه‌با و شه‌پۆڵه‌كانی ڕاخوڕی، كۆتاییان هات و هێمن بوونه‌وه‌. ئینجا پێی فه‌رموون: “كوا باوه‌ڕتان؟” سه‌رسام بوون و ترسان، به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “ئه‌مه‌ كێیه‌؟ فه‌رمان به‌ با و ئاویش ده‌كات و گوێڕایه‌ڵی ده‌بن!”. ئینجا به‌ره‌و ده‌ڤه‌ری گه‌ده‌رین ڕۆیشتن، كه‌ به‌رامبه‌ر گلیلایه‌. كاتێ ئیشۆع دابه‌زیه‌ سه‌ر وشكایی، پیاوێكی ئه‌و شاره‌ی تووش هات كه‌ له‌ مێژه‌وه‌ شه‌یتانی تێدابوو، جلی له‌به‌ر نه‌ده‌كرد و له‌ ماڵ نه‌ده‌ژیا، به‌ڵكو له‌ گۆڕستان. كه‌ ئیشۆعی بینی، هاواری كرد و له‌به‌رده‌می كه‌وت، به‌ ده‌نگی مه‌زن وتی: “چیت له‌ من ده‌وێ ئیشۆعی ڕۆڵه‌ی خودای هه‌ره‌به‌رز؟ لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ ئازارم نه‌ده‌ی!”. چونكه‌ فه‌رمانی به‌ ڕووحه‌ گڵاوه‌كه‌ی دابوو له‌ پیاوه‌كه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌. چونكه‌ زۆر جار ده‌یگرت، هه‌رچه‌نده‌ به‌ كۆت و زنجیر ده‌به‌سترایه‌وه‌ و چاودێری ده‌كرا، به‌ڵام كۆته‌كانی ده‌شكاند و شه‌یتان به‌ره‌و چۆڵه‌وانیی ده‌برد. ئیشۆع لێی پرسی و فه‌رمووی: “ناوت چییه‌؟” وتی: “لیجیۆن”. چونكه‌ زۆر شه‌یتانی تێچووبوو. لێی ده‌پاڕانه‌وه‌ نه‌وه‌ک فه‌رمانیان پێ بكات به‌ره‌و بیری بێبن بڕۆن. له‌وێ ڕانه‌ به‌رازێكی زۆر له‌ شاخ ده‌له‌وه‌ڕان، لێی پاڕانه‌وه‌ كه‌ ڕێیان بدات بچنه‌ نێویانه‌وه‌، ئه‌ویش ڕێی پێدان. شه‌یتانه‌كان له‌ پیاوه‌كه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چوونه‌ نێو به‌رازه‌كانه‌وه‌، ڕانه‌كه‌ش له‌ قه‌راغی شاخه‌كه‌وه‌ بۆ نێو ده‌ریاكه‌ هه‌ڵدێران و خنكان. كاتێ شوانه‌كان ئه‌م ڕووداوه‌یان بینی، ڕایانكرد و هه‌واڵیان دا شار و گونده‌كان. جا ده‌چوون تاكو ئه‌وه‌ی ڕوویداوه‌ بیبینن، هاتنه‌ لای ئیشۆع و بینییان ئه‌و پیاوه‌ی شه‌یتانه‌كانی لێ ده‌رچووبوو پۆشته‌یه‌ و ئاقڵه‌، له‌به‌رپێی ئیشۆع دانیشتووه‌، ئیتر ترسان. ئه‌وانه‌ی بینیبوویان بۆ خه‌ڵكه‌كه‌یان گێڕایه‌وه‌، شێته‌كه‌ ڕزگاری بوو. هه‌موو كۆمه‌ڵانی هه‌رێمی گه‌ده‌رین داوایان له‌ ئیشۆع كرد له‌لایان بڕوات، چونكه‌ ترسێكی گه‌وره‌یان لێ نیشتبوو، ئه‌ویش سواری كه‌شتیه‌كه‌ بوو و گه‌ڕایه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و پیاوه‌ی شه‌یتانه‌كانی لێ ده‌رچووبوو، لێی ده‌پاڕایه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵی بێت، به‌ڵام ئیشۆع ڕه‌وانه‌ی كرد و فه‌رمووی: “بۆ ماڵی خۆت بگه‌ڕێوه‌ و ئه‌وه‌ی خودا بۆتی كرد، بیگێڕه‌وه‌”. ئه‌ویش به‌ نێو هه‌موو شاره‌كه‌دا ڕۆیشت و ئه‌وه‌ی ڕاده‌گه‌یاند كه‌ ئیشۆع بۆی كردبوو. كاتێ ئیشۆع گه‌ڕایه‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ پێشوازییان لێكرد، چونكه‌ هه‌موو چاوه‌ڕێیان ده‌كرد. پیاوێک ناوی یایرۆس بوو پێشه‌وای كه‌نیشت بوو، هات و له‌به‌رپێی ئیشۆعدا كه‌وت، له‌به‌ری پاڕایه‌وه‌ تاكو بچێته‌ ماڵه‌كه‌ی، چونكه‌ تاقه‌ كچه‌كه‌ی كه‌ نزیكه‌ی دوازده‌ ساڵان بوو له‌ سه‌ره‌مه‌رگدابوو. كاتێ ئیشۆع ده‌ڕۆیشت خه‌ڵكه‌كه‌ پاڵه‌په‌ستۆیان ده‌كرد. ژنێک دوازده‌ ساڵ خوێنبه‌ربوونی هه‌بوو، هه‌موو ماڵه‌كه‌ی له‌ پزیشک دابوو، كه‌سیش نه‌یتوانی چاكی بكاته‌وه‌. جا له‌ دواوه‌ هات و ده‌ستی له‌ چمكی كراسه‌كه‌ی دا، یه‌كسه‌ر خوێنبه‌ربوونه‌كه‌ی وه‌ستا. ئیشۆع فه‌رمووی: “كێ بوو ده‌ستی لێدام؟” كه‌ هه‌موو نكۆڵییان كرد، په‌تڕۆس و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدا بوون وتیان: “ڕابی كۆمه‌ڵانه‌كه‌ له‌ ده‌وروپشتتن و پاڵه‌په‌ستۆ ده‌كه‌ن، تۆ ده‌پرسیت كێ بوو ده‌ستی لێدام؟”. ئیشۆع فه‌رمووی: “یه‌كێک ده‌ستی لێدام، چونكه‌ ده‌زانم هێزێک لێم ده‌رچوو”. ژنه‌كه‌ بینی ناشاردرێته‌وه‌، به‌ له‌رزه‌وه‌ هات و كه‌وته‌ به‌رپێی، له‌به‌رچاوی گه‌له‌كه‌دا ڕایگه‌یاند كه‌ بۆچی ده‌ستی لێداوه‌ و چۆن یه‌كسه‌ر چاكبووه‌ته‌وه‌. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “متمانه‌ت هه‌بێ كچم، باوه‌ڕت چاكیكردیته‌وه‌، به‌ ئاشتی بڕۆ”. هێشتا ئیشۆع قسه‌ی ده‌كرد، یه‌كێک له‌ ماڵی پێشه‌وای كه‌نیشته‌وه‌ هات و وتی: “كچه‌كه‌ت مرد، ئیتر ڕابی ماندوو مه‌كه‌”. ئیشۆعیش ئه‌مه‌ی بیست و وه‌ڵامی دایه‌وه و فه‌رمووی: “مه‌ترسه‌! ته‌نها باوه‌ڕت هه‌بێت، چاكده‌بێته‌وه‌”. كاتێ گه‌یشته‌ ماڵه‌كه‌، نه‌یهێشت كه‌س له‌گه‌ڵی بچێته‌ ژووره‌وه‌، په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌ن و یاقوو و دایک و باوكی كچه‌كه‌ نه‌بێت. هه‌موو ده‌گریان و شیوه‌نیان بۆ ده‌گێڕا، ئه‌ویش فه‌رمووی: “مه‌گریێن. نه‌مردووه‌، به‌ڵكو نووستووه‌”. جا‌ پێی پێكه‌نین، چونكه‌ ده‌یانزانی مردووه‌. هه‌مووانی كرده‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌ستی كچه‌كه‌ی گرت، بانگی كرد و فه‌رمووی: “كیژۆڵه‌، هه‌سته‌!” ئیتر ڕووحی هاته‌وه‌ به‌ر و یه‌كسه‌ر هه‌ستا، ئه‌وسا فه‌رمانی دا نانی بده‌نێ. دایک و باوكی سه‌ریان سوڕما، به‌ڵام ڕایسپاردن ئه‌وه‌ی ڕوویداوه‌ به‌ كه‌سی نه‌ڵێن.

هاوبەشی بکە
لۆقا 8 بخوێنەوە

لۆقا 22:8-56 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ڕۆژێکیان عیسا لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەمێک بوو، پێی فەرموون: «با بپەڕینەوە ئەوبەری دەریاچەکە.» جا بەڕێ کەوتن. کاتێک دەڕۆیشتن ئەو نوست. ڕەشەبایەکیش هەڵیکردە سەر دەریاچەکە، بەلەمەکە خەریک بوو پڕدەبوو لە ئاو و کەوتنە مەترسییەوە. جا هاتنە لای، خەبەریان کردەوە و گوتیان: «گەورەم، گەورەم، وا لەناودەچین!» ئەویش هەستا، لە ڕەشەبا و شەپۆلەکانی ڕاخوڕی، کۆتاییان هات و هێمن بوونەوە. ئینجا پێی فەرموون: «کوا باوەڕتان؟» ئەوانیش سەرسام بوون و ترسان، بە یەکتریان دەگوت: «باشە ئەمە کێیە؟ فەرمان بە با و ئاویش دەکات و گوێڕایەڵی دەبن.» ئینجا بەرەو هەرێمی گەراسین ڕۆیشتن، کە بەرامبەر جەلیلە. کاتێک عیسا دابەزیە سەر وشکانی، پیاوێکی ئەو شارەی تووش بوو کە ڕۆحی پیسی تێدابوو، دەمێک بوو جلی لەبەر نەدەکرد و لە ماڵدا نەدەژیا، بەڵکو لە گۆڕستان دەژیا. کە عیسای بینی، هاواری کرد و لەبەردەمی کەوت، بە دەنگی بەرز گوتی: «چیت لە من دەوێت، ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ لێت دەپاڕێمەوە ئەشکەنجەم نەدەی!» چونکە عیسا فەرمانی بە ڕۆحە پیسەکە دابوو لە پیاوەکە بێتە دەرەوە. زۆر جار ڕۆحە پیسەکە دەیگرت، هەرچەندە بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە و چاودێری دەکرا، بەڵام کۆتەکانی دەشکاند و ڕۆحی پیس بەرەو چۆڵەوانی دەیبرد. عیسا لێی پرسی: «ناوت چییە؟» گوتی: «لێگیۆن،» چونکە زۆر ڕۆحی پیسی تێچووبوو. لێی دەپاڕانەوە نەوەک فەرمانیان پێ بکات بەرەو بیری بێ بن بڕۆن. لەوێ ڕانە بەرازێکی زۆر لە شاخ دەلەوەڕان، لێی پاڕانەوە کە ڕێیان بدات بچنە ناویانەوە، ئەویش ڕێی پێدان. ڕۆحە پیسەکان لە پیاوەکە هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکانەوە، ڕانەکەش لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان. کاتێک شوانەکان ئەم ڕووداوەیان بینی، ڕایانکرد و هەواڵیان دا بە شار و کێڵگەکان. ئینجا خەڵکەکە چوون تاکو ئەوەی ڕوویداوە بیبینن. کاتێک هاتنە لای عیسا و بینییان ئەو پیاوەی ڕۆحە پیسەکانی لێ دەرچووبوو پۆشتەیە و ئاقڵە و لەبەرپێی عیسا دانیشتووە، ئیتر ترسان. ئەوانەی بینیبوویان بۆ خەڵکەکەیان گێڕایەوە، چۆن ئەوەی ڕۆحی پیسی تێدابوو چاک بووەتەوە. هەموو کۆمەڵانی هەرێمی گەراسین داوایان لە عیسا کرد لەلایان بڕوات، چونکە ترسێکی زۆریان لێ نیشتبوو. ئەویش سواری بەلەمەکە بوو و گەڕایەوە. ئەو پیاوەی ڕۆحە پیسەکانی لێ دەرکرابوو، لێی دەپاڕایەوە کە لەگەڵی بێت، بەڵام عیسا ڕەوانەی کرد و فەرمووی: «بۆ ماڵی خۆت بگەڕێوە و ئەوەی خودا بۆی کردی، بیگێڕەوە.» ئەویش ڕۆیشت و بە هەموو شارەکەی ڕاگەیاند کە عیسا چی بۆ کردبوو. کاتێک عیسا گەڕایەوە خەڵکەکە پێشوازییان لێکرد، چونکە هەموو چاوەڕێیان دەکرد. پیاوێک کە ناوی یایرۆس و پێشەوای کەنیشت بوو، هات و لەبەرپێی عیسادا کەوت، لێی پاڕایەوە تاکو بچێتە ماڵەکەی، چونکە کچە تاقانەکەی کە تەمەنی نزیکەی دوازدە ساڵ بوو لە سەرەمەرگدا بوو. کاتێک عیسا دەڕۆیشت خەڵکەکە پاڵەپەستۆیان دەخستە سەری. ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ خوێنبەربوونی هەبوو، هەموو ئەوەی هەیبوو دابووی بە پزیشک، کەسیش نەیتوانیبوو چاکی بکاتەوە. جا لە دواوە هات و دەستی لە چمکی کراسەکەی عیسا دا، دەستبەجێ خوێن لەبەرڕۆیشتنەکەی وەستا. عیسا فەرمووی: «کێ بوو دەستی لێدام؟» کە هەموو نکۆڵییان کرد، پەترۆس گوتی: «گەورەم، خەڵکەکە لە دەوروپشتتن و پاڵەپەستۆ دەکەن.» بەڵام عیسا فەرمووی: «یەکێک دەستی لێدام، چونکە هەستم بە هێزێک کرد لێم چووە دەرەوە.» ژنەکە بینی ئەوەی کردی ناشاردرێتەوە، بە لەرزەوە هات و کەوتە بەرپێی، لەبەرچاوی هەمووان ڕایگەیاند کە بۆچی دەستی لێداوە و چۆن دەستبەجێ چاک بووەتەوە. عیساش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە، بڕۆ بە سەلامەت.» هێشتا عیسا قسەی دەکرد، یەکێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هات و گوتی: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.» عیساش ئەمەی بیست و وەڵامی دایەوە: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت ئەو چاکدەبێتەوە.» کاتێک گەیشتە ماڵەکە، نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێتە ژوورەوە، پەترۆس و یۆحەنا و یاقوب و دایک و باوکی منداڵەکە نەبێت. هەموو دەگریان و شینیان بۆ دەگێڕا، ئەویش فەرمووی: «مەگریێن نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» خەڵکەکە پێی پێکەنین، چونکە دەیانزانی مردووە. بەڵام عیسا دەستی کچەکەی گرت، بانگی کرد و فەرمووی: «کیژۆڵە، هەستە!» ئیتر ڕۆحی هاتەوە بەر و دەستبەجێ هەستا، ئەوسا فەرمانی دا نانی بدەنێ. دایک و باوکی سەریان سوڕما، بەڵام ڕایسپاردن ئەوەی ڕوویداوە بە کەسی نەڵێن.

هاوبەشی بکە
لۆقا 8 بخوێنەوە