لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 1:10-20

مه‌تته‌ی 1:10-20 PNTZS

ئینجا دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ی بانگكرد، ده‌سه‌ڵاتی پێدان تاكو ڕووحی گڵاو ده‌ربكه‌ن و هه‌موو نه‌خۆشی و لاوازییه‌ک چاكبكه‌نه‌وه‌. ئه‌مانه‌ش ناوی دوازده‌ په‌یامبه‌ره‌كه‌یه‌: یه‌كه‌مین، شیمعون كه‌ به‌ په‌تڕۆس ناوده‌برا و ئه‌ندراوسی برای، یاقووی كوڕی زه‌بدی و یوخه‌ننه‌نی برای، پیلیپوس و به‌رتولمه‌ی، تۆما و مه‌تته‌یی باجگر، یاقووی كوڕی خه‌لپه‌ی و له‌باوس ناسراو به‌ ته‌دده‌ی، شیمعونی قنانیا و ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی كه‌ ئیشۆعی به‌ده‌سته‌وه‌دا. ئیشۆع ئه‌م دوازده‌یه‌ی نارد، پێیان ڕاسپارد، فه‌رمووی: “به‌ ڕێگای نه‌ته‌وه‌كاندا مه‌ڕۆن، مه‌چنه‌ شاری شمرنیه‌كان. به‌ڵكو له‌جیاتی ئه‌وه‌ بڕۆنه‌ لای كاوڕه‌ ونبووه‌كانی ماڵی ئیسڕائیل. كاتێ ده‌چن، موژده‌ بده‌ن و بڵێن: پاشایه‌تی ئاسمانان نزیک بووه‌ته‌وه‌. نه‌خۆشان چاكبكه‌نه‌وه‌، گوله‌كان پێگه‌ردبكه‌نه‌وه‌، مردووان زیندووبكه‌نه‌وه‌، شه‌یتانه‌كان ده‌ربكه‌ن. به‌خۆڕایی وه‌رتانگرتووه‌، به‌خۆڕاییش بیده‌ن. زێڕ و زیو و مس له‌ پشتێنتان هه‌ڵمه‌گرن، نه‌ توره‌گه‌ بۆ ڕێگا، نه‌ دوو جل و نه‌ پێڵاو و نه‌ گۆچانیش، چونكه‌ كارگه‌ر شایانی خۆراكی خۆیه‌تی. چوونه‌ هه‌ر شار و گوندێک، به‌ شوێن كه‌سێكی شایسته‌دا بگه‌ڕێن، له‌وێ بمێننه‌وه تا ده‌ڕۆن‌. كه‌ چوونه‌ ماڵێک ئاشتیی لێ بكه‌ن. ئه‌گه‌ر ماڵه‌كه‌ شایسته‌ بوون، با ئاشتیتان بۆی بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شایسته‌ نه‌بوون، با ئاشتیتان بۆ خۆتان بگه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی نه‌كردن و گوێی له‌ قسه‌تان نه‌گرت، له‌و ماڵه‌ یان له‌و شاره‌ بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ و تۆزی پێتان بته‌كێنن. ڕواتان پێ ده‌ڵێم: له‌ ڕۆژی حوكمداندا، دۆخی زه‌ویی سه‌دوم و عامووڕه‌ له‌و شاره‌ سوكتر ده‌بێت. ئه‌وه‌تا من وه‌ک كاوڕ به‌ نێو گورگاندا ده‌تاننێرم. جا دانا بن وه‌ک مار و ساكار بن وه‌ک كۆتر. به‌ڵام له‌ خه‌ڵكی به‌ئاگابن، چونكه‌ ڕاده‌ستی ئه‌نجومه‌نتان ده‌كه‌ن و له‌ كه‌نیشته‌كانیان به‌ قامچی لێتان ده‌ده‌ن، له‌پێناوی من ده‌بردرێنه‌ به‌رده‌م فه‌رمانڕه‌وایان و پاشایان، وه‌ک گه‌واهییه‌ک بۆ ئه‌وان و بۆ نه‌ته‌وه‌كانیش. كاتێكیش ڕاده‌ستتان ده‌كه‌ن، گوێ مه‌ده‌نه‌ ئه‌وه‌ی چۆن یان چی بڵێن، له‌و كاته‌دا پێتان ده‌درێت چی بڵێن، چونكه‌ ئێوه‌ قسه‌كه‌ر نین، به‌ڵكو ڕووحی باوكتانه‌ له‌ ئێوه‌دا قسه‌ده‌كات.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان