لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 1:13-30

مه‌تته‌ی 1:13-30 PNTZS

هه‌ر له‌و ڕۆژدا ئیشۆع له‌ ماڵ ده‌رچوو و له‌ كه‌ناری ده‌ریاكه‌‌ دانیشت. كۆمه‌ڵانێكی زۆر لێی كۆبووه‌وه‌، وابوو چووه‌ نێو كه‌شتیێک دانیشت، كۆمه‌ڵانه‌كه‌ش هه‌موو له‌ كه‌ناره‌كه‌ ڕاوه‌ستان. به‌ په‌ند باسی زۆر شتی بۆ كردن و فه‌رمووی: “تۆوده‌ر چوو تۆو بكات. كه‌ تۆوی ده‌كرد، هه‌ندێكی كه‌وته‌ سه‌ر ڕێگا، باڵنده‌ هاتن و خواردیانن. هه‌ندێكیش كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وییه‌كی به‌رده‌ڵان كه‌ گڵی زۆر نه‌بوو، خێرا سه‌ری ده‌ركرد، قووڵیی گڵیشی نه‌بوو. به‌ڵام كه‌ خۆر هه‌ڵهات سووتا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌گی نه‌بوو، وشک بوو. هه‌ندێكیشیان كه‌وته‌ نێو دڕكان، دڕكه‌كان گه‌وره‌ بوون و خنكاندیانن. به‌ڵام هه‌ندێكیان كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وییه‌كی باش و به‌رهه‌میان دا، هه‌ندێک سه‌د و هه‌ندێک شه‌ست و هه‌ندێكیش سی. ئه‌وه‌ی دوو گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن، با ببیستێت!” قوتابییه‌كان هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و پێیان وت: “بۆچی به‌ په‌ند فه‌رمووده‌یان بۆ ده‌كه‌یت؟” وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “چونكه‌ به‌ ئێوه‌ دراوه‌ نهێنیه‌كانی پاشایه‌تیی ئاسمانان بزانن، به‌ڵام به‌وان نه‌دراوه‌. وه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی، پێی ده‌درێت و بۆی زیاد ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نییه‌تی، ئه‌وه‌ش كه‌ هه‌یه‌تی لێی ده‌سه‌نرێته‌وه‌. بۆیه‌ به‌ په‌ند قسه‌یان بۆ ده‌كه‌م چونكه‌ سه‌یر ده‌كه‌ن، به‌ڵام نابینن، گوێ ده‌گرن، به‌ڵام نابیستن و تێناگه‌ن. پێشبینییه‌كه‌ی ئێشه‌عیا له‌واندا هاته‌ دی، كه‌ ده‌فه‌رمووێ: {بیستن ده‌بیستن، به‌ڵام تێناگه‌ن، سه‌یركردن سه‌یر ده‌كه‌ن، به‌ڵام نابینن، چونكه‌ دڵی ئه‌م گه‌له‌ ڕه‌ق بووه‌، گوێیان گران بووه‌، چاویان نوقاندووه‌، نه‌وه‌ک به‌ چاویان ببینن وبه‌ گوێیان ببیستن، به‌ دڵیان تێبگه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌، منیش چاكیان بكه‌مه‌وه‌} . به‌ڵام ئێوه‌، به‌خته‌وه‌ری بۆ چاوتان، چونكه‌ ده‌بینێت، به‌ گوێتان، چونكه‌ ده‌بیستێت. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: زۆر پێغه‌مبه‌ر و خوداناس به‌ ئاواته‌وه‌ بوون ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌یبینن بیبینن و نه‌یانبینی، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ش ده‌یبیستن، بیبیستن، به‌ڵام نه‌یانبیست. كه‌واته‌ گوێ له‌ په‌ندی تۆوده‌ره‌كه‌ بگرن: هه‌ر كه‌سێک وشه‌ی پاشایه‌تی ببیستێت و تێینه‌گات، به‌دكار ‌دێت و ئه‌وه‌ی له‌ دڵیدا تۆوكراوه‌ ده‌یڕفێنێت. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ تۆوكرا. ئه‌وه‌ی له‌ زه‌وییه‌ به‌رده‌ڵانه‌كه‌ تۆوكرا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وشه‌كه‌ ده‌بیستێ و یه‌كسه‌ر به‌ خۆشییه‌وه‌ په‌سه‌ندی ده‌كات، به‌ڵام له‌ خۆیدا بێ ڕه‌گه‌ و كاتییه‌، كاتێ له‌ پێناوی وشه‌كه‌ ته‌نگانه‌ و چه‌وسانه‌وه‌ ڕووده‌دات، یه‌كسه‌ر ته‌گه‌ره‌ ده‌كات. ئه‌وه‌ی له‌نێو دڕكاندا تۆوكرا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوێ له‌ وشه‌كه‌ ده‌گرێت، به‌ڵام خه‌می جیهان و فریوی سامان، وشه‌كه‌ ده‌خنكێنن و بێ به‌رهه‌م ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وییه‌ چاكه‌كه‌ تۆوكرا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وشه‌كه‌ ده‌بیستێت و تێده‌گات، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌م ده‌دات، سه‌د و شه‌ست و سی”. په‌ندێكی دیكه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌ فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ مرۆڤێک ده‌چێت، تۆوی چاک له‌ كێڵگه‌كه‌ی بچێنێت. به‌ڵام كاتێ خه‌ڵک نووستبوون، دوژمنه‌كه‌ی هات و له‌نێو گه‌نمه‌كه‌دا زیوانی چاند و ڕۆیشت. كاتێ ڕوه‌كه‌كه‌ ڕوا و به‌ری گرت، زیوانه‌كه‌ش ده‌ركه‌وت. كۆیله‌ی خاوه‌ن ماڵ هاتن و پێیان وت: گه‌وره‌م، ئایا له‌ كێڵگه‌كه‌تدا تۆوی چاكت تۆو نه‌كرد؟ ئیتر ئه‌م زیوانه‌ له‌كوێوه‌ هات؟ ئه‌ویش پێی وتن: دوژمن ئه‌مه‌ی كردووه‌. كۆیله‌كانیش پێیان وت: ده‌ته‌وێ بچین كۆیان بكه‌ینه‌وه‌؟ وتی: نه‌خێر! نه‌وه‌ک له‌گه‌ڵ كۆكردنه‌وه‌ی زیوان، گه‌نمیش هه‌ڵبكێشن. تاكو كاتی دروێنه‌ لێگه‌ڕێن با به‌یه‌كه‌وه‌ پێبگه‌ن، جا له‌ كاتی دروێنه‌دا به‌ سه‌پانه‌كان ده‌ڵێم، یه‌كه‌مجار زیوانه‌كه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ و به‌كۆمه‌ڵ بیانبه‌ستنه‌وه‌ تاكو بسووتێندرێن، به‌ڵام گه‌نمه‌كه‌ له‌ عه‌مباره‌كه‌م كۆبكه‌نه‌وه‌”.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە مه‌تته‌ی 1:13-30