لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 1:13-30

مەتا 1:13-30 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

هه‌ر له‌و ڕۆژدا ئیشۆع له‌ ماڵ ده‌رچوو و له‌ كه‌ناری ده‌ریاكه‌‌ دانیشت. كۆمه‌ڵانێكی زۆر لێی كۆبووه‌وه‌، وابوو چووه‌ نێو كه‌شتیێک دانیشت، كۆمه‌ڵانه‌كه‌ش هه‌موو له‌ كه‌ناره‌كه‌ ڕاوه‌ستان. به‌ په‌ند باسی زۆر شتی بۆ كردن و فه‌رمووی: “تۆوده‌ر چوو تۆو بكات. كه‌ تۆوی ده‌كرد، هه‌ندێكی كه‌وته‌ سه‌ر ڕێگا، باڵنده‌ هاتن و خواردیانن. هه‌ندێكیش كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وییه‌كی به‌رده‌ڵان كه‌ گڵی زۆر نه‌بوو، خێرا سه‌ری ده‌ركرد، قووڵیی گڵیشی نه‌بوو. به‌ڵام كه‌ خۆر هه‌ڵهات سووتا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌گی نه‌بوو، وشک بوو. هه‌ندێكیشیان كه‌وته‌ نێو دڕكان، دڕكه‌كان گه‌وره‌ بوون و خنكاندیانن. به‌ڵام هه‌ندێكیان كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وییه‌كی باش و به‌رهه‌میان دا، هه‌ندێک سه‌د و هه‌ندێک شه‌ست و هه‌ندێكیش سی. ئه‌وه‌ی دوو گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن، با ببیستێت!” قوتابییه‌كان هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و پێیان وت: “بۆچی به‌ په‌ند فه‌رمووده‌یان بۆ ده‌كه‌یت؟” وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “چونكه‌ به‌ ئێوه‌ دراوه‌ نهێنیه‌كانی پاشایه‌تیی ئاسمانان بزانن، به‌ڵام به‌وان نه‌دراوه‌. وه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی، پێی ده‌درێت و بۆی زیاد ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نییه‌تی، ئه‌وه‌ش كه‌ هه‌یه‌تی لێی ده‌سه‌نرێته‌وه‌. بۆیه‌ به‌ په‌ند قسه‌یان بۆ ده‌كه‌م چونكه‌ سه‌یر ده‌كه‌ن، به‌ڵام نابینن، گوێ ده‌گرن، به‌ڵام نابیستن و تێناگه‌ن. پێشبینییه‌كه‌ی ئێشه‌عیا له‌واندا هاته‌ دی، كه‌ ده‌فه‌رمووێ: {بیستن ده‌بیستن، به‌ڵام تێناگه‌ن، سه‌یركردن سه‌یر ده‌كه‌ن، به‌ڵام نابینن، چونكه‌ دڵی ئه‌م گه‌له‌ ڕه‌ق بووه‌، گوێیان گران بووه‌، چاویان نوقاندووه‌، نه‌وه‌ک به‌ چاویان ببینن وبه‌ گوێیان ببیستن، به‌ دڵیان تێبگه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌، منیش چاكیان بكه‌مه‌وه‌} . به‌ڵام ئێوه‌، به‌خته‌وه‌ری بۆ چاوتان، چونكه‌ ده‌بینێت، به‌ گوێتان، چونكه‌ ده‌بیستێت. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: زۆر پێغه‌مبه‌ر و خوداناس به‌ ئاواته‌وه‌ بوون ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌یبینن بیبینن و نه‌یانبینی، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ش ده‌یبیستن، بیبیستن، به‌ڵام نه‌یانبیست. كه‌واته‌ گوێ له‌ په‌ندی تۆوده‌ره‌كه‌ بگرن: هه‌ر كه‌سێک وشه‌ی پاشایه‌تی ببیستێت و تێینه‌گات، به‌دكار ‌دێت و ئه‌وه‌ی له‌ دڵیدا تۆوكراوه‌ ده‌یڕفێنێت. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ تۆوكرا. ئه‌وه‌ی له‌ زه‌وییه‌ به‌رده‌ڵانه‌كه‌ تۆوكرا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وشه‌كه‌ ده‌بیستێ و یه‌كسه‌ر به‌ خۆشییه‌وه‌ په‌سه‌ندی ده‌كات، به‌ڵام له‌ خۆیدا بێ ڕه‌گه‌ و كاتییه‌، كاتێ له‌ پێناوی وشه‌كه‌ ته‌نگانه‌ و چه‌وسانه‌وه‌ ڕووده‌دات، یه‌كسه‌ر ته‌گه‌ره‌ ده‌كات. ئه‌وه‌ی له‌نێو دڕكاندا تۆوكرا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوێ له‌ وشه‌كه‌ ده‌گرێت، به‌ڵام خه‌می جیهان و فریوی سامان، وشه‌كه‌ ده‌خنكێنن و بێ به‌رهه‌م ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وییه‌ چاكه‌كه‌ تۆوكرا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وشه‌كه‌ ده‌بیستێت و تێده‌گات، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌م ده‌دات، سه‌د و شه‌ست و سی”. په‌ندێكی دیكه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌ فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ مرۆڤێک ده‌چێت، تۆوی چاک له‌ كێڵگه‌كه‌ی بچێنێت. به‌ڵام كاتێ خه‌ڵک نووستبوون، دوژمنه‌كه‌ی هات و له‌نێو گه‌نمه‌كه‌دا زیوانی چاند و ڕۆیشت. كاتێ ڕوه‌كه‌كه‌ ڕوا و به‌ری گرت، زیوانه‌كه‌ش ده‌ركه‌وت. كۆیله‌ی خاوه‌ن ماڵ هاتن و پێیان وت: گه‌وره‌م، ئایا له‌ كێڵگه‌كه‌تدا تۆوی چاكت تۆو نه‌كرد؟ ئیتر ئه‌م زیوانه‌ له‌كوێوه‌ هات؟ ئه‌ویش پێی وتن: دوژمن ئه‌مه‌ی كردووه‌. كۆیله‌كانیش پێیان وت: ده‌ته‌وێ بچین كۆیان بكه‌ینه‌وه‌؟ وتی: نه‌خێر! نه‌وه‌ک له‌گه‌ڵ كۆكردنه‌وه‌ی زیوان، گه‌نمیش هه‌ڵبكێشن. تاكو كاتی دروێنه‌ لێگه‌ڕێن با به‌یه‌كه‌وه‌ پێبگه‌ن، جا له‌ كاتی دروێنه‌دا به‌ سه‌پانه‌كان ده‌ڵێم، یه‌كه‌مجار زیوانه‌كه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ و به‌كۆمه‌ڵ بیانبه‌ستنه‌وه‌ تاكو بسووتێندرێن، به‌ڵام گه‌نمه‌كه‌ له‌ عه‌مباره‌كه‌م كۆبكه‌نه‌وه‌”.

هاوبەشی بکە
مەتا 13 بخوێنەوە

مەتا 1:13-30 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هەر لەو ڕۆژەدا عیسا لە ماڵ هاتە دەرەوە و لە کەناری دەریاچەی جەلیل دانیشت. خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبووەوە، هەتا وای لێهات چووە ناو بەلەمێک دانیشت، هەموو خەڵکەکەش لە کەنارەکە ڕاوەستان. بە نموونە باسی زۆر شتی بۆ کردن و فەرمووی: «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن. هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو. بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان و وشک بوون، چونکە ڕەگیان نەبوو. هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن. بەڵام هەندێکی دیکەیان کەوتنە سەر زەوییەکی باش و بەرهەمیان دا، هەندێک یەک بە سەد و هەندێک یەک بە شەست و هەندێکیش یەک بە سی. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!» قوتابییەکان هاتن و لێیان پرسی: «بۆچی بە نموونە قسەیان بۆ دەکەیت؟» وەڵامی دانەوە: «لەبەر ئەوەی بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی ئاسمان بزانن، بەڵام بەوان نەدراوە، چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. لەبەر ئەوە بە نموونە قسەیان بۆ دەکەم: «چونکە سەیر دەکەن، بەڵام نابینن، گوێ دەگرن، بەڵام نابیستن و تێناگەن. پێشبینییەکەی ئیشایا لەواندا هاتە دی، کە دەفەرموێ: ﴿ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن، ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن، چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و گوێیان قورس بووە، چاویان نوقاندووە، نەوەک بە چاویان ببینن و بە گوێیان ببیستن، بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە، منیش چاکیان بکەمەوە.﴾ بەڵام ئێوە، خۆزگە دەخوازرێت بە چاوتان، چونکە دەبینن، بە گوێتان، چونکە دەبیستن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: زۆر پێغەمبەر و پیاوچاک بە ئاواتەوە بوون ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست. «کەواتە گوێ لە واتای نموونەی جوتیارەکە بگرن: هەرکەسێک پەیامی شانشین ببیستێت و تێینەگات، شەیتان دێت و ئەوەی لە دڵیدا تۆوکراوە دەیڕفێنێت. ئەمانە ئەو تۆوانەن کە کەوتنە سەر ڕێگاکە. ئەوانەی کەوتنە سەر بەردەڵانەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و دەستبەجێ بە خۆشییەوە وەریدەگرن. بەڵام لەبەر ئەوەی کە ڕەگیان نییە و کاتین، کاتێک لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون. ئەوانەش کە کەوتنە نێو دڕکەکان، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن، بەڵام خەمی ژیان و فریوخواردنی دەوڵەمەندی پەیامەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن. بەڵام ئەوانەی کەوتنە سەر زەوییە باشەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و لێی تێدەگەن و بەرهەم دەدەن، یەک بە سەد و یەک بە شەست و یەک بە سی.» نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە و فەرمووی: «شانشینی ئاسمان لە مرۆڤێک دەچێت، تۆوی چاک لە کێڵگەکەی بچێنێت. بەڵام کاتێک خەڵک لە خەودا بوون، دوژمنەکەی هات و لەناو گەنمەکەدا زیزانی چاند و ڕۆیشت. کاتێک گەنمەکە ڕوا و گوڵی دەرکرد، زیزانەکەش دەرکەوت. «کۆیلەی خاوەن ماڵ هاتن و پێیان گوت: ”گەورەم، مەگەر لە کێڵگەکەتدا تۆوی چاکت نەوەشاند، ئیتر ئەم زیزانە لەکوێوە هات؟“ «ئەویش وەڵامی دانەوە: ”دوژمن ئەمەی کردووە.“ کۆیلەکانیش پێیان گوت: ”دەتەوێ بچین زیزانەکان بژار بکەین؟“» گوتی: «”نەخێر، نەوەک لەگەڵ بژارکردنی زیزان، گەنمیش هەڵبکێشن. هەتا کاتی دروێنە لێگەڕێن با بەیەکەوە پێبگەن، جا لە کاتی دروێنەدا بە سەپانەکان دەڵێم، یەکەم جار زیزانەکە بژار بکەن و بیانکەنە مەڵۆ بۆ ئەوەی بسووتێنرێن، بەڵام گەنمەکە لە ئەمبارەکەم کۆبکەنەوە.“»

هاوبەشی بکە
مەتا 13 بخوێنەوە