مەتا 13
13
نموونەی جوتیارێک
1هەر لەو ڕۆژەدا عیسا لە ماڵ هاتە دەرەوە و لە کەناری دەریاچەی جەلیل دانیشت. 2خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبووەوە، هەتا وای لێهات چووە ناو بەلەمێک دانیشت، هەموو خەڵکەکەش لە کەنارەکە ڕاوەستان. 3بە نموونە باسی زۆر شتی بۆ کردن و فەرمووی: «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. 4کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن. 5هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو. 6بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان و وشک بوون، چونکە ڕەگیان نەبوو. 7هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن. 8بەڵام هەندێکی دیکەیان کەوتنە سەر زەوییەکی باش و بەرهەمیان دا، هەندێک یەک بە سەد و هەندێک یەک بە شەست و هەندێکیش یەک بە سی. 9ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!»
بۆچی عیسا بە نموونە دەدوێت؟
10قوتابییەکان هاتن و لێیان پرسی: «بۆچی بە نموونە قسەیان بۆ دەکەیت؟»
11وەڵامی دانەوە: «لەبەر ئەوەی بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی ئاسمان بزانن، بەڵام بەوان نەدراوە، 12چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. 13لەبەر ئەوە بە نموونە قسەیان بۆ دەکەم:
«چونکە سەیر دەکەن، بەڵام نابینن،
گوێ دەگرن، بەڵام نابیستن و تێناگەن.
14پێشبینییەکەی ئیشایا لەواندا هاتە دی، کە دەفەرموێ:
﴿ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن،
ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن،
15چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و
گوێیان قورس بووە،
چاویان نوقاندووە،
نەوەک بە چاویان ببینن و
بە گوێیان ببیستن،
بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە،
منیش چاکیان بکەمەوە.﴾#13:15 ئیشایا 6:9-10
16بەڵام ئێوە، خۆزگە دەخوازرێت بە چاوتان، چونکە دەبینن، بە گوێتان، چونکە دەبیستن. 17ڕاستیتان پێ دەڵێم: زۆر پێغەمبەر و پیاوچاک بە ئاواتەوە بوون ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست.
ڕوونکردنەوەی نموونەی جوتیارەکە
18«کەواتە گوێ لە واتای نموونەی جوتیارەکە بگرن: 19هەرکەسێک پەیامی شانشین ببیستێت و تێینەگات، شەیتان#13:19 یۆنانی: خراپەکارەکە. دێت و ئەوەی لە دڵیدا تۆوکراوە دەیڕفێنێت. ئەمانە ئەو تۆوانەن کە کەوتنە سەر ڕێگاکە. 20ئەوانەی کەوتنە سەر بەردەڵانەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و دەستبەجێ بە خۆشییەوە وەریدەگرن. 21بەڵام لەبەر ئەوەی کە ڕەگیان نییە و کاتین، کاتێک لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون. 22ئەوانەش کە کەوتنە نێو دڕکەکان، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن، بەڵام خەمی ژیان و فریوخواردنی دەوڵەمەندی پەیامەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن. 23بەڵام ئەوانەی کەوتنە سەر زەوییە باشەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و لێی تێدەگەن و بەرهەم دەدەن، یەک بە سەد و یەک بە شەست و یەک بە سی.»
نموونەی گەنم و زیزان
24نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە و فەرمووی: «شانشینی ئاسمان لە مرۆڤێک دەچێت، تۆوی چاک لە کێڵگەکەی بچێنێت. 25بەڵام کاتێک خەڵک لە خەودا بوون، دوژمنەکەی هات و لەناو گەنمەکەدا زیزانی چاند و ڕۆیشت. 26کاتێک گەنمەکە ڕوا و گوڵی دەرکرد، زیزانەکەش دەرکەوت.
27«کۆیلەی خاوەن ماڵ هاتن و پێیان گوت: ”گەورەم، مەگەر لە کێڵگەکەتدا تۆوی چاکت نەوەشاند، ئیتر ئەم زیزانە لەکوێوە هات؟“
28«ئەویش وەڵامی دانەوە: ”دوژمن ئەمەی کردووە.“ کۆیلەکانیش پێیان گوت: ”دەتەوێ بچین زیزانەکان بژار بکەین؟“»
29گوتی: «”نەخێر، نەوەک لەگەڵ بژارکردنی زیزان، گەنمیش هەڵبکێشن. 30هەتا کاتی دروێنە لێگەڕێن با بەیەکەوە پێبگەن، جا لە کاتی دروێنەدا بە سەپانەکان دەڵێم، یەکەم جار زیزانەکە بژار بکەن و بیانکەنە مەڵۆ بۆ ئەوەی بسووتێنرێن، بەڵام گەنمەکە لە ئەمبارەکەم کۆبکەنەوە.“»
نموونەی دەنکە خەرتەلە
31نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە و فەرمووی: «شانشینی ئاسمان وەک دەنکە خەرتەلەیەک#13:31 گیایەکی یەک ساڵەیە و چەندین جۆری هەیە. جۆرێکی لە وڵاتی ئیسرائیل هەیە کە بەرزییەکەی دەگاتە نزیکەی 3 بۆ 4 مەتر. وایە، کە یەکێک بیهێنێت و لە کێڵگەکەیدا بیچێنێ، 32هەرچەندە لە هەموو تۆوەکانی دیکە بچووکترە، بەڵام کاتێک گەشە دەکات، ڕووەکێکی گەورەی لێ دەردەچێت و دەبێتە درەخت، تەنانەت باڵندەی ئاسمانیش دێن و لەسەر لقەکانی هێلانە دەکەن.»
نموونەی هەویرترش
33نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە هەویرترشێک#13:33 هەویرترش: هەوێن، خومرە. دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە#13:33 یۆنانی: سێ ساتا، واتا 22 لیتر. ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.»
34عیسا هەموو ئەم بابەتانەی بە نموونە بۆ خەڵکەکە باسکرد، بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن، 35تاکو ئەوەی خودا لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە فەرموویەتی بێتە دی:
﴿بە نموونە دەمم دەکەمەوە،
ئەوەی لە دامەزراندنی جیهانەوە شاراوەیە ڕایدەگەیەنم.﴾#13:35 زەبوورەکان 78:2
ڕوونکردنەوەی نموونەی زیزان
36ئینجا خەڵکەکەی بەڕێکرد و گەڕایەوە بۆ ماڵ. قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «نموونەی زیزانی ناو کێڵگەکەمان بۆ لێکبدەوە.»
37وەڵامی دایەوە: «ئەوەی تۆوە چاکەکەی چاند، کوڕی مرۆڤە. 38کێڵگەکەش جیهانە، تۆوە چاکەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن، زیزانەکەش ڕۆڵەکانی شەیتانن، 39دوژمنەکەش کە تۆوی کردن ئیبلیسە، دروێنەکەش کۆتایی زەمانە#13:39 مەبەست هاتنەوەی مەسیحە کاتێک لەسەر زەوی حوکم دەکات.، سەپانەکانیش فریشتەکانن.
40«هەروەک چۆن زیزانەکە بژارکرا و بە ئاگر سووتێنرا، لە کۆتایی زەمانیشدا وا دەبێت. 41کوڕی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت و هەموو هۆکارێکی گوناه و خراپەکاران لە شانشینییەکەی کۆدەکەنەوە و 42فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت. 43ئەوسا ڕاستودروستان لە شانشینی باوکیاندا وەک ڕۆژ دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!
نموونەی گەنجینە و مرواری
44«شانشینی ئاسمان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. کەسێک دەیدۆزێتەوە و دیسان دەیشارێتەوە، ئینجا لە خۆشییان دەچێت و هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت.
45«هەروەها شانشینی ئاسمان لە بازرگانێک دەچێت کە بە شوێن مرواری نایابدا دەگەڕێت. 46کاتێک مروارییەکی گرانبەها دەدۆزێتەوە، دەچێت هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و مروارییەکەی پێ دەکڕێت.
نموونەی تۆڕ
47«هەروەها شانشینی ئاسمان لە تۆڕێک دەچێت فڕێدرابێتە دەریاچەوە، لە هەموو جۆرەکانی ماسی کۆدەکاتەوە. 48کاتێک تۆڕەکە پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشایە کەنار، باشەکانیان لە سەبەتەدا کۆکردەوە و خراپەکانیشیان فڕێدا. 49کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و 50فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە. جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.»
51عیسا لێی پرسین: «ئایا هەموو ئەمانە تێگەیشتن؟»
وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ.»
52جا پێی فەرموون: «لەبەر ئەوە هەر مامۆستایەکی تەورات کە بووەتە قوتابی لە شانشینی ئاسمان، لە خاوەن ماڵێک دەچێت لە گەنجینەکەیدا لە کۆن و نوێ دەربهێنێت.»
ڕەتکردنەوەی عیسا
53کاتێک عیسا ئەم نموونانەی تەواو کرد، لەوێ ڕۆیشت. 54هاتەوە شارەکەی خۆی، لە کەنیشتەکەیان دەستی کرد بە فێرکردنیان، هەتا ئەوەی سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە ئەم دانایی و پەرجووانەی لەکوێ بوو؟ 55ئایا ئەمە کوڕی دارتاشەکە نییە؟ ئەی دایکی ناوی مریەم نییە؟ یاقوب و یوسف و شیمۆن و یەهوزا برای نین؟ 56ئەوە نییە خوشکەکانی هەموویان لەلامانن؟ ئەی ئەمە هەموو ئەمانەی لەکوێ بوو؟» 57جا ڕەتیان کردەوە.
بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، تەنها لە شار و ماڵی خۆی نەبێت.»
58لەوێ پەرجووی زۆری نەکرد، لەبەر بێباوەڕییان.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
مەتا 13: KSS
بەرچاوکردن
هاوبەشی بکە
لەبەرگرتنەوە
![None](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimageproxy.youversionapistaging.com%2F58%2Fhttps%3A%2F%2Fweb-assets.youversion.com%2Fapp-icons%2Fckb.png&w=128&q=75)
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.