لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 1:17-21

مه‌تته‌ی 1:17-21 PNTZS

دوای شه‌ش ڕۆژ ئیشۆع په‌تڕۆس و یاقوو و یوخه‌ننه‌نی برای یاقووی برد و به‌ ته‌نیا بۆ سه‌ر چیایه‌كی به‌رز. له‌پێشیان شێوه‌ی گۆڕا، ڕووی وه‌ک خۆر دره‌وشایه‌وه‌ و جله‌كانی وه‌ک ڕووناكی سپی هه‌ڵگه‌ڕان. مووشێ و ئیلییایان بۆ ده‌ركه‌وت و قسه‌یان له‌گه‌ڵ كرد. ئینجا په‌تڕۆس به‌ ئیشۆعی وت: “په‌ره‌ردگار، پێمان باشه‌ لێره‌ بین! ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ لێره‌ سێ كه‌پرتان بۆ هه‌ڵده‌دین، یه‌كێک بۆ تۆ و یه‌كێک بۆ مووشێ و یه‌كێكیش بۆ ئیلییا”. كاتێ قسه‌ی ده‌كرد، هه‌ورێكی ڕۆشن بوو به‌ سێبه‌ریان و ده‌نگێک له‌ هه‌وره‌كه‌وه‌ فه‌رمووی: “ئه‌مه‌یه‌ ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستم، كه‌ پێی دڵشادم. گوێی لێ بگرن!” كاتێ‌ قوتابییه‌كان گوێیان لێبوو، به‌ده‌مدا كه‌وتن، زۆر ترسان. ئیشۆعیش هات، ده‌ستی لێدان و فه‌رمووی: “هه‌ستن، مه‌ترسن!” ئینجا چاویان هه‌ڵبڕی، له‌ ئیشۆع زیاتر كه‌سیان نه‌بینی. كه‌ له‌ چیاكه‌ ده‌هاتنه‌ خواره‌وه‌، ئیشۆع ڕایسپاردن و فه‌رمووی: “ئه‌مه‌ی بینیتان به‌ كه‌سی مه‌ڵێن، تاكو ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌نێو مردووان هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. قوتابییه‌كانی لێیان پرسی و وتیان: “ئه‌ی بۆچی ته‌وراتزانه‌كان ده‌ڵێن ده‌بێت یه‌كه‌مجار ئیلییا بێت؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “یه‌كه‌مجار ئیلییا دێت و هه‌موو شتێک ڕێک ده‌خاته‌وه‌. به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: ئیلییا هات و نه‌یانناسی، چییان ویست پێیان كرد. هه‌روه‌ها ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ ئازار ده‌چێژێت”. ئه‌وسا قوتابییه‌كان تێگه‌یشتن كه‌ باسی یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكاری بۆ كردن. كاتێ گه‌یشتنه‌ لای كۆمه‌ڵه‌كه‌، پیاوێک هات و له‌به‌رده‌می چۆكی دادا و وتی: “گه‌وره‌م، به‌زه‌ییت به‌ كوڕه‌كه‌مدا بێته‌وه‌، په‌ركه‌می هه‌یه‌ و ئازارێكی زۆر ده‌چێژێت. زۆر جار ده‌كه‌وێته‌ نێو ئاگر و زۆر جاریش نێو ئاوه‌وه‌. هێنامه‌ لای قوتابییه‌كانت، به‌ڵام نه‌یانتوانی چاكی بكه‌نه‌وه‌”. جا ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌ی نه‌وه‌ی بێباوه‌ڕ و چه‌وت، تا كه‌ی له‌گه‌ڵتان بم؟ تا كه‌ی به‌رگه‌تان بگرم؟ بیهێننه‌ ئێره‌ بۆ لام!”. ئیشۆعیش لێی ڕاخوڕی و شه‌یتانه‌كه‌ لێی هاته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌و كاته‌وه‌ كوڕه‌كه‌ چاكبووه‌وه‌. پاشان قوتابییه‌كان به‌ ته‌نیا هاتنه‌ لای ئیشۆع و وتیان: “بۆچی ئێمه‌ نه‌مانتوانی ده‌ریبكه‌ین؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “له‌به‌ر بێ باوه‌ڕیتان. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌یه‌ک باوه‌ڕتان هه‌بێ، به‌م كێوه‌ ده‌ڵێن لێره‌ بڕۆ بۆ ئه‌وێ، ده‌ڕوات و شتێک بۆتان ئه‌سته‌م نابێت. به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ ده‌رناچێت، به‌ نوێژ و ڕۆژوو نه‌بێت”.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان