لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 1:27-25

مه‌تته‌ی 1:27-25 PNTZS

كاتێ بووه‌ به‌یانی، هه‌موو كاهینانی باڵا و پیرانی گه‌ل دژ به‌ ئیشۆع ڕاوێژیانكرد تاكو بیكوژن. جا به‌ستیانه‌وه‌ و بردییان و دایانه‌ ده‌ست پیڵاتۆسی پونتوسی فه‌رمانڕه‌وا. ئینجا ئیهوودا، ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی كرد كه‌ بینی ئیشۆع بڕیاری به‌سه‌ردا درا، په‌شیمان بووه‌وه‌، سی دراوه‌ زیوه‌كه‌ی بۆ كاهینانی باڵا و پیران گه‌ڕانده‌وه‌ و وتی: “گوناهم كرد كه‌ خوێنێكی بێتاوانم ڕاده‌ست كرد”. وتیان: “به‌ ئێمه‌ چی؟ خۆت ده‌زانیت!” ئه‌ویش زیوه‌كانی له‌ په‌رستگادا فڕێدا و ڕۆیی، چوو خۆی خنكاند. جا كاهینانی باڵا دراوه‌ زیوه‌كانیان هه‌ڵگرته‌وه‌ و وتیان: “دروست نییه‌ بیخه‌ینه‌ نێو گه‌نجینه‌ی په‌رستگاوه‌، چونكه‌ نرخی خوێنه‌”. ئینجا ڕاوێژیان كرد و كێڵگه‌ی گۆزه‌چییه‌كه‌یان پێی كڕی، بۆ گۆڕستانی بێگانان. بۆیه‌ ئه‌و كێڵگه‌یه‌ تاكو ئه‌مڕۆش پێی ده‌ووترێ “كێڵگه‌ی خوێن”. ئه‌وسا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئێرمیا وتراوه‌، هاته‌ دی: {سی زیوه‌كه‌یان برد، نرخی به‌ها بۆ دانراو، ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌كه‌كانی ئیسڕائیل خه‌مڵاندییان. ئینجا به‌ كێڵگه‌ی گۆزه‌چییه‌كه‌یان دا، وه‌ک په‌روه‌ردگار فه‌رمانی پێدام} . ئیشۆعیش له‌به‌رده‌م فه‌رمانڕه‌وا ڕاوه‌ستا، فه‌رمانڕه‌وا لێی پرسی، وتی: “ئایا تۆ پاشای جووی؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “خۆت ده‌ڵێیت”. كاتێ كاهینانی باڵا و پیران سكاڵایان لێی ده‌كرد، هیچ وه‌ڵامی نه‌ده‌دایه‌وه‌. پیڵاتوس پێی وت: “گوێت لێ نییه‌ چه‌ند گه‌واهیت له‌سه‌ر ده‌ده‌ن؟” به‌ڵام ئیشۆع ته‌نانه‌ت به‌ وشه‌یه‌كیش وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌، فه‌رمانڕه‌واش زۆر سه‌رسام بوو. له‌ جه‌ژندا فه‌رمانڕه‌وا كردبوویه‌ نه‌ریت، گیراوێک بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ ئازاد بكات، ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت. له‌و كاته‌دا گیراوێكی به‌ناوبانگیان هه‌بوو، ناوی به‌ڕئه‌ببا بوو. جا كاتێ كۆببوونه‌وه‌، پیڵاتوس پێی وتن: “كێتان ده‌وێ بۆتانی به‌ربده‌م؟ به‌ڕئه‌ببا یان ئیشۆع، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترێ مه‌سیح؟” چونكه‌ زانی له‌ به‌ر ئیره‌یی ئیشۆعیان ڕاده‌ست كردبوو. كاتێ له‌سه‌ر ته‌ختی دادگایی دانیشتبوو، ژنه‌كه‌ی هه‌واڵی بۆ نارد و وتی: “نه‌كه‌ی شتێک له‌و بێتاوانه‌ بكه‌ی، چونكه‌ ئه‌مڕۆ له‌ خه‌وندا له‌به‌ر ئه‌و زۆر ئازارم چێژتووه‌”. به‌ڵام كاهینانی باڵا و پیران كۆمه‌ڵانه‌كه‌یان جۆش دا كه‌ داوای به‌ڕئه‌ببا بكه‌ن و ئیشۆع له‌ناوببه‌ن. فه‌رمانڕه‌وا وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی وتن: “له‌م دووانه‌ كامه‌تان ده‌وێ بۆتان ئازاد بكه‌م؟” وتیان: “به‌ڕئه‌ببا!”. پیڵاتوس پێی وتن: “ئه‌ی چی له‌ ئیشۆع بكه‌م، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترێ مه‌سیح؟” هه‌موو وتیان: “با له‌خاچ بدرێت!” ئه‌ویش وتی: “بۆ؟ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟” به‌ڵام زیاتر هاواریان ده‌كرد و ده‌یانووت: “با له‌خاچ بدرێت!” پیڵاتوس بینی سوودی نییه‌ و خه‌ریكه‌ ئاژاوه‌ ڕووده‌دات، ئاوی هێنا و له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵه‌كه‌ ده‌ستی شوشت و وتی: “من بێتاوانم له‌ خوێنی ئه‌م بێتاوانه‌! له‌ ئه‌ستۆی ئێوه‌یه‌!” گه‌ل هه‌موو وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “با خوێنی له‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌ و منداڵمان بێت”