لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌رقوس 21:5-43

مه‌رقوس 21:5-43 PNTZS

دیسان ئیشۆع به‌ كه‌شتیه‌كه‌ په‌ڕییه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر، هه‌ر له‌ده‌م ئاوه‌كه‌ بوو كۆمه‌ڵێكی زۆر لێی كۆبوونه‌وه‌. یه‌كێک له‌ پێشه‌وایانی كه‌نیشت هات، ناوی یایرۆس بوو، كاتێ ئیشۆعی بینی، له‌به‌رپێی كه‌وت و زۆر لێی پاڕایه‌وه‌ و وتی: “كچه‌ بچووكه‌كه‌م له‌ دواهه‌ناسه‌دایه‌، بریایه‌ بێیت و ده‌ستی له‌سه‌ر دابنێ تاكو چاكبێته‌وه‌ و بژیێت!”. ئیشۆع له‌گه‌ڵی چوو، كۆمه‌ڵانێكیش دوای كه‌وت و پاڵه‌په‌ستۆی لێ ده‌كرد. ژنێک دوازده‌ ساڵ بوو خوێنبه‌ربوونی هه‌بوو. به‌ ده‌ستی زۆر پزیشک ئازاری زۆری چێژتبوو، ئه‌وه‌ی هه‌یبوو خه‌رجی كردبوو، هیچ سوودیشی نه‌بوو، به‌ڵكو خراپتر ببوو. كاتێ باسی ئیشۆعی بیستبوو، هاته‌ نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌ و له‌ دواوه‌ ده‌ستی له‌ كراسه‌كه‌ی دا، چونكه‌ وتبوو: “ئه‌گه‌ر ته‌نها ده‌ست له‌ كراسه‌كه‌ی بده‌م، چاک ده‌بمه‌وه‌”. یه‌كسه‌ر خوێنبه‌ربوونه‌كه‌ی ڕاوه‌ستا و له‌ له‌شیدا هه‌ستی به‌ چاكبوونه‌وه‌ كرد له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی. یه‌كسه‌ر ئیشۆعیش زانی هێزێک لێی ده‌رچوو، ئاوڕی له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “كێ ده‌ستی له‌ كراسه‌كه‌م دا؟” قوتابییه‌كانی پێیان وت: “ده‌بینیت خه‌ڵكه‌كه‌ پاڵه‌په‌ستۆت لێده‌كه‌ن، كه‌چی ده‌فه‌رمووی كێ ده‌ستی لێدام؟” چاوی ده‌گێڕا، تاكو بزانێت كێ بوو وایكرد. ژنه‌كه‌ش به‌ ڕووداوه‌كه‌ی خۆی ده‌زانی، به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ هات، له‌به‌رده‌می كه‌وت و هه‌مووی به‌ ڕاستی پێ وت. ئه‌ویش پێی فه‌رموو: “كچم، باوه‌ڕت چاكیكردیته‌وه‌، به‌ دڵنیایی بڕۆ و له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ت چاكببه‌وه‌”. كاتێ ئیشۆع قسه‌ی ده‌كرد، كه‌سانێک له‌ ماڵی پێشه‌وای كه‌نیشته‌وه‌ هاتن، وتیان: “كچه‌كه‌ت مرد، ئیتر بۆ ڕابی ماندوو ده‌كه‌یت؟”. ئیشۆع گوێی به‌ قسه‌كه‌یان نه‌دا، به‌ پێشه‌واكه‌ی كه‌نیشتی فه‌رموو: “مه‌ترسه‌! ته‌نها باوه‌ڕت هه‌بێت”. نه‌یهێشت كه‌س له‌گه‌ڵی بچێت، په‌تڕۆس و یاقوو و یوخه‌ننه‌نی برای یاقوو نه‌بێت. هاتنه‌ ماڵی پێشه‌واكه‌ی كه‌نیشت، بینی هه‌رایه‌، گریان و شیوه‌نێكی زۆر. چووه‌ ژووره‌وه‌، پێی فه‌رموون: “بۆچی هه‌راتانه‌ و ده‌گریێن؟ كچه‌كه‌ نه‌مردووه‌، به‌ڵكو نووستووه‌”. پێی پێكه‌نین. به‌ڵام ئه‌و هه‌موویانی ده‌ركرده‌ ده‌ره‌وه‌، دایک و باوكی كچه‌كه‌ی برد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون و چووه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كچه‌كه‌ی لێبوو. ده‌ستی كچه‌كه‌ی گرت و پێی فه‌رموو: “تالیتا قووم!” واتا: كیژۆڵه‌، پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌! كچه‌كه‌ یه‌كسه‌ر هه‌ستا و ڕێیكرد، چونكه‌ دوازده‌ ساڵان بوو، جا زۆر سه‌رسام بوون. زۆریش ڕایسپاردن كه‌س به‌مه‌ نه‌زانێت و فه‌رمووی شتێكی بده‌نێ با بیخوات.