لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌رقوس 24:6-56

مه‌رقوس 24:6-56 PNTZS

ئه‌ویش ده‌رچوو و به‌ دایكی وت: “داوای چی بكه‌م؟” وتی: “سه‌ری یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار”. یه‌كسه‌ر و به‌ په‌له‌ هاته‌ ژووره‌وه‌ بۆ لای پاشا، داوای كرد و وتی: “ده‌مه‌وێت هه‌رئێستا سه‌ری یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكارم له‌سه‌ر سینییه‌ک بده‌یتێ”. پاشا زۆر دڵگران بوو. به‌ڵام له‌به‌ر سوێنده‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی له‌سه‌ر خوان بوون، نه‌یویست ڕه‌تی بكاته‌وه‌. پاشا یه‌كسه‌ر پیاوكوژی نارد و فه‌رمانی دا سه‌ری بهێنن. ئه‌ویش چوو و له‌ زیندان سه‌ری بڕی، له‌سه‌ر سینییه‌ک سه‌ری هێنا و دایه‌ كچه‌كه‌، كچه‌ش دایه‌ دایكی. كاتێ قوتابییه‌كانی بیستیان، هاتن ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرت و له‌ گۆڕێكدا ناشتیان. په‌یامبه‌ران له‌ ئیشۆع كۆبوونه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وه‌ی كردبوویان و فێریان كردبوو بۆیان گێڕایه‌وه‌. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “هه‌ر خۆتان به‌ته‌نێ وه‌رنه‌ شوێنێكی چۆڵ كه‌مێک پشوو بده‌ن”. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌هاتن و ده‌چوون زۆر بوون، ده‌رفه‌تی نان خواردنیان نه‌بوو. ئیتر هه‌ر خۆیان به‌ كه‌شتی چوونه‌ شوێنێكی چۆڵ. به‌ڵام زۆر خه‌ڵک بینیانن و ناسیانن، له‌ هه‌موو شاره‌كانه‌وه‌ پێكه‌وه‌ به‌ پێیان به‌ره‌و ئه‌وێ ڕایان ده‌كرد و پێشیان كه‌وتن. كاتێ ئیشۆع دابه‌زی، كۆمه‌ڵێكی زۆری بینی و دڵی پێیان سووتا، چونكه‌ وه‌ک كاوڕی بێ شوان بوون. ده‌ستی پێكرد زۆر شتی فێركردن. دوای چه‌ند كاژێرێكی زۆر، قوتابییه‌كانی لێی هاتنه‌ پێش، وتیان: “ئه‌م شوێنه‌ چۆڵه‌ و كاتیش دره‌نگه‌. به‌ڕێیان بكه‌، تاكو بچنه‌ ئه‌م لادێ و گوندانه‌ی ده‌وروبه‌ر نان بۆ خۆیان بكڕن، چونكه‌ هیچیان نیه‌ بیخۆن”. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئێوه‌ شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن”. پێیان وت: “ئایا بچین بایی دوو سه‌د دینار نانیان بۆ بكڕین و بیانده‌ینێ، تاكو بیخۆن؟” ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “چه‌ند نانتان پێیه‌؟ بڕۆن ببینن”. كه‌ زانییان وتیان: “پێنج له‌گه‌ڵ دوو ماسی”. ئینجا فه‌رمانی پێدان خه‌ڵكه‌كه‌ كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر سه‌وزه‌ گیا دابنیشێنن. ئه‌وانیش ڕیز ڕیز دانیشتن، سه‌د سه‌د و په‌نجا په‌نجا. ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و چاوی هه‌ڵبڕیه‌ ئاسمان، داڕشتی كرد و نانه‌كانی له‌تكرد و دایه‌ قوتابییه‌كانی تاكو له‌به‌رده‌میان دایبنێن، دوو ماسیه‌كه‌شی به‌سه‌ر هه‌موویان دابه‌شكرد. جا هه‌موو خواردیان و تێربوون. پاشان دوازده‌ سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ له‌ته‌نان و ماسییان هه‌ڵگرته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی له‌ نانه‌كه‌یان خوارد نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو بوون. یه‌كسه‌ر ئیشۆع قوتابییه‌كانی ناچاركرد سواری كه‌شتیه‌كه‌ بن و پێشی بكه‌ون بۆ ئه‌وبه‌ر، بۆ بتسه‌یادا، تاكو خۆی خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێ ده‌كات. كه‌ خواحافیزی لێكردن، بۆ نوێژكردن چووه‌ سه‌ر شاخ. كه‌ ئێواره‌ داهات، كه‌شتیه‌كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی ده‌ریاكه‌ بوو، ئیشۆعیش به‌ ته‌نها له‌سه‌ر وشكایی بوو. كه‌ بینی به‌هۆی سه‌وڵ لێدان ماندوون، چونكه‌ بایه‌ک پێچه‌وانه‌یان بوو، له‌ چواره‌م به‌تڵی شه‌ودا هاته‌ لایان، به‌سه‌ر ده‌ریاكه‌دا ده‌ڕۆیشت و ویستی لێیان تێپه‌ڕێت. كاتێ بینییان به‌سه‌ر ده‌ریاكه‌دا ده‌ڕوات، وایانزانی دێوه‌زمه‌یه‌، جا هاواریان كرد. چونكه‌ هه‌موو بینییان و شڵه‌ژان، یه‌كسه‌ر قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن و فه‌رمووی: “دڵنیابن! ئه‌وه‌ منم. مه‌ترسن”. ئینجا بۆ لایان سه‌ركه‌وته‌ نێو كه‌شتیه‌كه‌ و باكه‌ وه‌ستا. جا به‌ ته‌واوی سه‌رسام بوون، چونكه‌ ده‌رباره‌ی نانه‌كان تێنه‌گه‌یشتن، دڵیان هه‌ر ڕه‌ق بوو. كاتێ په‌ڕینه‌وه‌، هاتنه‌ زه‌ویی گینیسه‌ڕ و له‌نگه‌ریان گرت. كاتێ له‌ كه‌شتیه‌كه‌ دابه‌زین، خه‌ڵک ئیشۆعیان ناسییه‌وه‌. به‌ هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروبه‌ردا سووڕان و نه‌خۆشه‌كان به‌سه‌ر نوێنه‌كانیانه‌وه‌ هه‌ڵگرت، بۆ هه‌ر شوێنێک گوێیان لێبووایه‌ كه‌ له‌وێیه‌. بۆ هه‌ر كوێ بڕۆیشتایه‌، گوند، شار، لادێ. خه‌ڵک نه‌خۆشه‌كانیان له‌ بازاڕ داده‌نا و لێی ده‌پاڕانه‌وه‌ كه‌ ته‌نها ده‌ست له‌ چمكی كراسه‌كه‌ی بده‌ن. جا هه‌ر كه‌سێک ده‌ستی لێیدا چاكبووه‌وه‌.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە مه‌رقوس 24:6-56