لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌رقوس 6

6
1 ئه‌وێی به‌جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ شاره‌كه‌ی خۆی، قوتابییه‌كانیشی دوای كه‌وتن. 2 كه‌ بووه‌ شه‌ممه‌، له‌ كه‌نیشتدا ده‌ستیكرد به‌ ئامۆژگاری، زۆر له‌وانه‌ی گوێیان لێی گرتبوو سه‌رسام بوون. وتیان: “ئه‌مه‌ ئه‌مانه‌ی له‌كوێ بوو؟ ئه‌م داناییه‌ی پێی دراوه‌ و ئه‌م په‌رجوانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌كرێن چین؟ 3 ئه‌رێ ئه‌مه‌ دارتاشه‌كه‌ی كوڕی مه‌ریه‌م و براكه‌ی یاقوو و یوسی و ئیهوودا و شیمعون نییه‌؟ خوشكه‌كانی لێره‌ له‌لامان نین؟” به‌م شێوه‌یه‌ ساتمه‌یان لێی كرد. 4 جا ئیشۆع پێی فه‌رموون: “پێغه‌مبه‌ر بێ ڕێز نییه‌، ته‌نها له‌ نیشتمان و له‌نێوان خزم و له‌ ماڵی خۆی نه‌بێت”. 5 ئیتر له‌وێدا نه‌یتوانی یه‌ک په‌رجوش بكات، به‌ڵام چه‌ند نه‌خۆشێک هه‌بوون كه‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دانان و چاكیكردنه‌وه‌. 6 له‌ بێباوه‌ڕی ئه‌وان سه‌ری سوڕما. ئینجا به‌ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ردا گه‌ڕا و ئامۆژگاری ده‌كرد.
7 ئینجا دوازده‌كه‌ی بانگكرد، دوو دوو ده‌ستیكرد به‌ ناردنیان و ده‌سه‌ڵاتی پێدان به‌سه‌ر ڕووحه‌گڵاوه‌كان. 8 ڕایسپاردن كه‌ بۆ ڕێگا هیچ نه‌به‌ن، جگه‌ له‌ گۆچانێک، نه‌ توره‌گه‌ و نه‌ نان نه‌ پاره‌ بۆ به‌ر پشتێن. 9 به‌ڵكو سۆل له‌ پێیان بێت و دوو كراس له‌به‌ر نه‌كه‌ن. 10 پێی فه‌رموون: “له‌ هه‌ر شوێنێک چوونه‌ ماڵێک، له‌وێ بمێننه‌وه‌ تاكو ئه‌وێ به‌جێده‌هێڵن. 11 ئه‌گه‌ر شوێنێكیش په‌سه‌ندی نه‌كردن و گوێیان لێ نه‌گرتن ئه‌وا له‌وێ ده‌رچن و تۆزی پێتان بته‌كێنن، بۆ گه‌واهی له‌سه‌ریان، ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: دۆخی زه‌ویی سه‌دوم و عامۆرا له‌ ڕۆژی سزادان ئاسانتر ده‌بێت له‌و شاره‌”. 12 ئه‌وانیش ده‌رچوون و تۆبه‌كردنیان ڕاده‌گه‌یاند. 13 شه‌یتانی زۆریان ده‌ركرد و زۆر نه‌خۆشیان به‌ ڕۆن چه‌وركرد و چاكیان كردنه‌وه‌.
14 شا هیڕوودس ئه‌مه‌ی بیست، چونكه‌ ناوی ده‌نگیدایه‌وه‌ و ده‌یانووت: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار له‌نێو مردوواندا هه‌ستاوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ په‌رجو له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌كرێت”. 15 خه‌ڵكی دیكه‌ ده‌یانووت: “ئیلییایه‌”. هه‌ندێكیش ده‌یانووت: “پێغه‌مبه‌رێكه‌، وه‌ک پێغه‌مبه‌ران”. 16 به‌ڵام هیڕوودس كه‌ بیستی، وتی: “یوخه‌ننه‌نه‌، ئه‌وه‌ی من سه‌رم بڕی، له‌نێو مردواندا‌ هه‌ستاوه‌ته‌وه‌!”
17 چونكه‌ هیڕوودس به‌ خۆی ناردبوو، یوخه‌ننه‌نی گرت و له‌ زیندان‌ به‌ستییه‌وه‌، له‌سه‌ر هیرۆدیای ژنی پیلیپوسی برای خۆی، ئه‌وه‌ی كه‌ خواستبووی. 18 چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن به‌ هیڕوودسی ده‌ووت: “دروست نییه‌ براژنه‌كه‌ت بخوازیت”. 19 جا هیرۆدیا ڕقی لێیبوو و ده‌یه‌ویست بیكوژێت، به‌ڵام نه‌یده‌توانی، 20 چونكه‌ هیڕوودس له‌ یوخه‌ننه‌ن ده‌ترسا، ده‌یزانی پیاوێكی خوداناس و پارسایه‌، ده‌یپاراست. كاتێ گوێی لێده‌گرت زۆر ده‌شێوا، حه‌زیشی ده‌كرد گوێی لێبگرێت. 21 ده‌رفه‌تێک ڕێككه‌وت، كاتێ هیڕوودس له‌ جه‌ژنی له‌دایكبوونی بۆ گه‌وره‌ فه‌رمانده‌كانی و پیاو ماقوڵانی گلیلا خوانی سازكرد. 22 كچی هیرۆدیا هاته‌ ژووره‌وه‌ و سه‌مای كرد. جا هیڕوودس و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی پاڵیاندابووه‌وه‌ دڵخۆشیكردن. پاشا به‌ كچه‌كه‌ی وت: “هه‌رچیه‌كت ده‌وێ له‌ منی داوا بكه‌، ده‌تده‌مێ”. 23 سوێندیشی بۆ خوارد: “هه‌رچیم لێ داوا بكه‌یت ده‌تده‌مێ، ئه‌گه‌ر نیوه‌ی پاشایه‌تیه‌كه‌شم بێت”. 24 ئه‌ویش ده‌رچوو و به‌ دایكی وت: “داوای چی بكه‌م؟” وتی: “سه‌ری یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار”. 25 یه‌كسه‌ر و به‌ په‌له‌ هاته‌ ژووره‌وه‌ بۆ لای پاشا، داوای كرد و وتی: “ده‌مه‌وێت هه‌رئێستا سه‌ری یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكارم له‌سه‌ر سینییه‌ک بده‌یتێ”. 26 پاشا زۆر دڵگران بوو. به‌ڵام له‌به‌ر سوێنده‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی له‌سه‌ر خوان بوون، نه‌یویست ڕه‌تی بكاته‌وه‌. 27 پاشا یه‌كسه‌ر پیاوكوژی نارد و فه‌رمانی دا سه‌ری بهێنن. ئه‌ویش چوو و له‌ زیندان سه‌ری بڕی، 28 له‌سه‌ر سینییه‌ک سه‌ری هێنا و دایه‌ كچه‌كه‌، كچه‌ش دایه‌ دایكی. 29 كاتێ قوتابییه‌كانی بیستیان، هاتن ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرت و له‌ گۆڕێكدا ناشتیان.
30 په‌یامبه‌ران له‌ ئیشۆع كۆبوونه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وه‌ی كردبوویان و فێریان كردبوو بۆیان گێڕایه‌وه‌. 31 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “هه‌ر خۆتان به‌ته‌نێ وه‌رنه‌ شوێنێكی چۆڵ كه‌مێک پشوو بده‌ن”. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌هاتن و ده‌چوون زۆر بوون، ده‌رفه‌تی نان خواردنیان نه‌بوو. 32 ئیتر هه‌ر خۆیان به‌ كه‌شتی چوونه‌ شوێنێكی چۆڵ. 33 به‌ڵام زۆر خه‌ڵک بینیانن و ناسیانن، له‌ هه‌موو شاره‌كانه‌وه‌ پێكه‌وه‌ به‌ پێیان به‌ره‌و ئه‌وێ ڕایان ده‌كرد و پێشیان كه‌وتن. 34 كاتێ ئیشۆع دابه‌زی، كۆمه‌ڵێكی زۆری بینی و دڵی پێیان سووتا، چونكه‌ وه‌ک كاوڕی بێ شوان بوون. ده‌ستی پێكرد زۆر شتی فێركردن. 35 دوای چه‌ند كاژێرێكی زۆر، قوتابییه‌كانی لێی هاتنه‌ پێش، وتیان: “ئه‌م شوێنه‌ چۆڵه‌ و كاتیش دره‌نگه‌. 36 به‌ڕێیان بكه‌، تاكو بچنه‌ ئه‌م لادێ و گوندانه‌ی ده‌وروبه‌ر نان بۆ خۆیان بكڕن، چونكه‌ هیچیان نیه‌ بیخۆن”. 37 وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئێوه‌ شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن”. پێیان وت: “ئایا بچین بایی دوو سه‌د دینار نانیان بۆ بكڕین و بیانده‌ینێ، تاكو بیخۆن؟” 38 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “چه‌ند نانتان پێیه‌؟ بڕۆن ببینن”. كه‌ زانییان وتیان: “پێنج له‌گه‌ڵ دوو ماسی”. 39 ئینجا فه‌رمانی پێدان خه‌ڵكه‌كه‌ كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر سه‌وزه‌ گیا دابنیشێنن. 40 ئه‌وانیش ڕیز ڕیز دانیشتن، سه‌د سه‌د و په‌نجا په‌نجا. 41 ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و چاوی هه‌ڵبڕیه‌ ئاسمان، داڕشتی كرد و نانه‌كانی له‌تكرد و دایه‌ قوتابییه‌كانی تاكو له‌به‌رده‌میان دایبنێن، دوو ماسیه‌كه‌شی به‌سه‌ر هه‌موویان دابه‌شكرد. 42 جا هه‌موو خواردیان و تێربوون. 43 پاشان دوازده‌ سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ له‌ته‌نان و ماسییان هه‌ڵگرته‌وه‌. 44 ئه‌وانه‌ی له‌ نانه‌كه‌یان خوارد نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو بوون.
45 یه‌كسه‌ر ئیشۆع قوتابییه‌كانی ناچاركرد سواری كه‌شتیه‌كه‌ بن و پێشی بكه‌ون بۆ ئه‌وبه‌ر، بۆ بتسه‌یادا، تاكو خۆی خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێ ده‌كات. 46 كه‌ خواحافیزی لێكردن، بۆ نوێژكردن چووه‌ سه‌ر شاخ. 47 كه‌ ئێواره‌ داهات، كه‌شتیه‌كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی ده‌ریاكه‌ بوو، ئیشۆعیش به‌ ته‌نها له‌سه‌ر وشكایی بوو. 48 كه‌ بینی به‌هۆی سه‌وڵ لێدان ماندوون، چونكه‌ بایه‌ک پێچه‌وانه‌یان بوو، له‌ چواره‌م به‌تڵی شه‌ودا هاته‌ لایان، به‌سه‌ر ده‌ریاكه‌دا ده‌ڕۆیشت و ویستی لێیان تێپه‌ڕێت. 49 كاتێ بینییان به‌سه‌ر ده‌ریاكه‌دا ده‌ڕوات، وایانزانی دێوه‌زمه‌یه‌، جا هاواریان كرد. 50 چونكه‌ هه‌موو بینییان و شڵه‌ژان، یه‌كسه‌ر قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن و فه‌رمووی: “دڵنیابن! ئه‌وه‌ منم. مه‌ترسن”. 51 ئینجا بۆ لایان سه‌ركه‌وته‌ نێو كه‌شتیه‌كه‌ و باكه‌ وه‌ستا. جا به‌ ته‌واوی سه‌رسام بوون، 52 چونكه‌ ده‌رباره‌ی نانه‌كان تێنه‌گه‌یشتن، دڵیان هه‌ر ڕه‌ق بوو. 53 كاتێ په‌ڕینه‌وه‌، هاتنه‌ زه‌ویی گینیسه‌ڕ و له‌نگه‌ریان گرت.
54 كاتێ له‌ كه‌شتیه‌كه‌ دابه‌زین، خه‌ڵک ئیشۆعیان ناسییه‌وه‌. 55 به‌ هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروبه‌ردا سووڕان و نه‌خۆشه‌كان به‌سه‌ر نوێنه‌كانیانه‌وه‌ هه‌ڵگرت، بۆ هه‌ر شوێنێک گوێیان لێبووایه‌ كه‌ له‌وێیه‌. 56 بۆ هه‌ر كوێ بڕۆیشتایه‌، گوند، شار، لادێ. خه‌ڵک نه‌خۆشه‌كانیان له‌ بازاڕ داده‌نا و لێی ده‌پاڕانه‌وه‌ كه‌ ته‌نها ده‌ست له‌ چمكی كراسه‌كه‌ی بده‌ن. جا هه‌ر كه‌سێک ده‌ستی لێیدا چاكبووه‌وه‌.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

مه‌رقوس 6: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە