لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌رقوس 1:8-38

مه‌رقوس 1:8-38 PNTZS

له‌و ڕۆژانه‌دا دیسان كۆمه‌ڵانێكی زۆر هه‌بوو، هیچیان نه‌بوو بیخۆن، ئیشۆع قوتابییه‌كانی بانگكرد و پێی فه‌رموون: “دڵم به‌و كۆمه‌ڵه‌ ده‌سووتێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ سێ ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵمدان و هیچیان نییه‌ بیخۆن. ئه‌گه‌ر به‌ برسیێتی بیاننێرمه‌وه‌ ماڵ، له‌ ڕێگادا بڕ ناكه‌ن، هه‌ندێكیشیان له‌ دووره‌وه‌ هاتوون”. قوتابییه‌كانی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “كێ ده‌توانێت له‌م چۆڵه‌وانییه‌ تێرنانی ئه‌مانه‌ بكات؟” لێی پرسین: “چه‌ند نانتان پێیه‌؟” وتیان: “حه‌وت”. جا فه‌رمانی دا خه‌ڵكه‌كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی دانیشن. حه‌وت نانه‌كه‌ی برد و سوپاسی كرد و له‌تیكردن و دایه‌ قوتابییه‌كانی تاكو دابه‌شی بكه‌ن، ئه‌وانیش به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌كه‌دا دابه‌شیان كرد. چه‌ند ماسییه‌كی بچووكیشیان پێ بوو، داڕشتی كرد و فه‌رمووی با ئه‌مه‌ش دابه‌ش بكرێت. ئیتر خواردیان و تێربوون. ئینجا حه‌وت سه‌به‌ته‌ له‌ته‌نانیان هه‌ڵگرته‌وه‌. نزیكه‌ی چوار هه‌زار ده‌بوون، ئینجا به‌ڕێیكردن. پاشان یه‌كسه‌ر له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری كه‌شتی بوو و هاته‌ ناوچه‌ی ده‌لمانووته‌. په‌ڕیشییه‌كان هاتن و ده‌ستیان به‌ گفتوگۆ كرد له‌گه‌ڵ ئیشۆع، داوای په‌رجوێكیان لێی ده‌كرد له‌ ئاسمانه‌وه‌، بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی. له‌ قووڵایی ڕووحیدا هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا و فه‌رمووی: “بۆچی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ داوای په‌رجو ده‌كات؟ ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: په‌رجو نادرێته‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌!” ئینجا به‌جێیهێشتن. دووباره‌ سواری كه‌شتیه‌كه‌ بوو و په‌ڕییه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر. له‌بیریان چووبوو نان ببه‌ن، له‌ كه‌شتیه‌كه‌دا له‌ یه‌ک نان زیاتریان پێ نه‌بوو. ڕایسپاردن و فه‌رمووی: “وریابن! ئاگاداربن له‌ هه‌وێنی په‌ڕیشییه‌كان و هه‌وێنی هیڕوودس”. له‌نێو خۆیاندا بیریان كرده‌وه‌ و به‌ یه‌كتریان وت: “له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نانمان پێ نییه‌”. ئیشۆع زانی و پێی فه‌رموون: “بۆچی باسی ده‌كه‌ن كه‌ نانتان پێ نییه‌؟ هێشتا جیا ناكه‌نه‌وه‌ و تێناگه‌ن؟ تا ئێستاش دڵڕه‌قن؟ خۆ چاوتان هه‌یه‌، نابینن، گوێتان هه‌یه‌، نابیستن؟ وه‌بیرتان نایه‌ته‌وه‌؟ كاتێ پێنج نانه‌كه‌م بۆ پێنج هه‌زاره‌كه‌ له‌تكرد، چه‌ند سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ له‌ته‌نانتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟” پێیان وت: “دوازده‌”. “كاتێ حه‌وته‌كه‌ش بۆ چوار هه‌زاره‌كه‌، چه‌ند سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ له‌ته‌نانتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟” پێیان وت: “حه‌وت”. ئینجا پێی فه‌رموون: “چۆن تێناگه‌ن؟” هاتنه‌ بتسه‌یادا، نابینایه‌كیان هێنایه‌ لای و لێی پاڕانه‌وه‌ ده‌ستی لێ بدات. ئه‌ویش ده‌ستی نابیناكه‌ی گرت، بردییه‌ ده‌ره‌وه‌ی گونده‌كه‌ و تفی له‌ چاوی كرد، ده‌ستی له‌سه‌ر دانا و لێی پرسی: “هیچ ده‌بینیت؟” سه‌یری كرد و وتی: “خه‌ڵک ده‌بینم وه‌ک دره‌خت ڕێ ده‌كه‌ن”. دیسان ئیشۆع ده‌ستی خسته‌وه‌ سه‌ر چاوی، چاوی تێبڕی و چاكبووه‌وه‌، هه‌موو مرۆڤێكی به‌ ڕوونی بینی. ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕه‌وانه‌ی كرده‌وه‌ و فه‌رمووی: “مه‌چۆ نێو گونده‌كه‌ و به‌كه‌سیشیان مه‌ڵێ”. ئیشۆع و قوتابییه‌كانی بۆ گونده‌كانی قه‌یسه‌ڕییه‌ی پیلیپوس ده‌رچوون، له‌ ڕێگادا له‌ قوتابییه‌كانی پرسی: “خه‌ڵكی ده‌ڵێن من كێم؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن ئیلییا و هه‌ندێكیش یه‌كێک له‌ پێغه‌مبه‌ران”. پێی فه‌رموون: “ئه‌ی ئێوه‌، ده‌ڵێن من كێم؟” په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت!”. جا ئاگاداری كردنه‌وه‌ له‌لای كه‌س باسی نه‌كه‌ن. ئینجا ده‌ستیكرد به‌ ئامۆژگارییان كه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێ زۆر ئازار بچێژێت، پیران و كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ڕه‌تی بكه‌نه‌وه‌، بكوژرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا هه‌ستێته‌وه‌. به‌ ئاشكرا قسه‌كه‌ی كرد، په‌تڕۆسیش بردییه‌ لاوه‌ و لێی ڕاخوڕی. به‌ڵام ئیشۆع ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌یری قوتابییه‌كانی كرد، سه‌رزه‌نشتی په‌تڕۆسی كرد و فه‌رمووی: “له‌به‌رچاوم لاچۆ، ئه‌ی شه‌یتان! چونكه‌ تۆ بیر له‌ شته‌ خوداییه‌كان ناكه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو شتی مرۆڤانه‌”. ئینجا كۆمه‌ڵه‌كه‌ و قوتابییه‌كانی بانگكرد و پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر یه‌كێک ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت خۆی ڕزگار بكات، ده‌یدۆڕێنێت، ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ پێناوی من و له‌پێناوی ئینجیل خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری ده‌كات. چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان بباته‌وه‌ و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان مرۆڤ بۆ قورابنیدانی خۆی چی ده‌دات؟ چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌لای ئه‌م نه‌وه‌ داوێنپیس و گوناهباره‌ شه‌رمی به‌ من و به‌ وته‌كانم بێت، ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش كاتێ به‌ شكۆی باوكی له‌گه‌ڵ فریشته‌ پارساكاندا دێته‌وه‌ شه‌رمی پێی ده‌بێت”.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان