لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 1:55-23

په‌سنییه‌كان 1:55-23 PNTZS

خودایه‌، گوێ‌ له‌ نوێژم بگره‌، پاڕانه‌وه‌م پشتگوێ‌ مه‌خه‌. گوێم لێ‌ بگره‌ و وه‌ڵامم بده‌ره‌وه‌. سه‌رگه‌ردانم له‌ نه‌گبه‌تی خۆم و شڵه‌ژاوم له‌ بیستنی ده‌نگی دوژمن، له‌ سته‌می به‌دكاران. چونكه‌ تووشی تاوانم ده‌كه‌ن و به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌. دڵم له‌ ناخمدا ژان ده‌گرێ، تۆقاندنی مه‌رگ هاتۆته‌ سه‌رم. ترس و له‌رز دایگرتووم، تۆقین باڵی به‌سه‌رمدا كێشاوه‌. ده‌ڵێم: “خۆزگه‌ وه‌ک كۆتر باڵم هه‌بووایه‌، جا ده‌فڕیم ده‌حه‌سامه‌وه‌! دوورده‌كه‌وتمه‌وه‌ و له‌ چۆڵه‌وانی ده‌مامه‌وه‌. سیلاه‌. په‌له‌م ده‌كرد بۆ شوێنی په‌ناگای خۆم، دوور له‌ ڕه‌شه‌با و له‌ گه‌رده‌لوول”. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، له‌ناویان به‌ره‌، سه‌ریان لێ بشێوێنه‌، زمانیان تێک بئاڵێنه‌، چونكه‌ سته‌م و دووبه‌ره‌كی له‌ شاردا ده‌بینم. شه‌و و ڕۆژ به‌سه‌ر شووراكانی ده‌سووڕێنه‌وه‌ و خراپه‌ و زه‌حمه‌تی له‌ ناوه‌ڕاستی دایه‌. وێرانكاری له‌ ناوه‌ڕاستی دایه‌، سته‌م و ساخته‌كاری هه‌رگیز شه‌قامه‌كانی به‌رناده‌ن. ئه‌گه‌ر دوژمن سووكایه‌تیم پێ‌ بكردایه، به‌رگه‌م ده‌گرت. ئه‌گه‌ر ناحه‌ز به‌سه‌رمدا زاڵ بووایه‌، ده‌متوانی خۆمی لێ بشارمه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ تۆی، ئه‌ی مرۆڤی هاوشێوه‌م، هاوڕێ و براده‌رمیت، كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی شیرینمان هه‌بوو، به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا به‌ره‌و ماڵی خودا ده‌چووین. با توشی مه‌رگی له‌ناكاو بن، با به‌ زیندوویی دابه‌زنه‌ نێو دۆڵی بێبنه‌وه‌، چونكه‌ خراپه‌ شوێنی خۆی كردۆته‌وه‌ له‌نێویاندا. به‌ڵام هاواری من بۆ خودایه‌، په‌روه‌ردگاریش ڕزگارم ده‌كات. ئێواران و به‌یانیان و نێوه‌ڕوان گله‌یی ده‌كه‌م و ده‌ناڵێنم، ئه‌ویش گوێم لێده‌گرێت. گیانمی به‌ ته‌واوی كڕییه‌وه‌ له‌و جه‌نگه‌ی دژم هه‌ڵگیرساوه‌، چونكه‌ زۆرن گه‌مارۆده‌ر و به‌رهه‌ڵستكارانم. خودا، ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌سه‌ر ته‌خت دانیشتووه‌، گوێی لێ‌ ده‌بێت و ڕیسوایان ده‌كات، سیلاه‌. ئه‌وانه‌ی ناگۆڕێن و ترسی خودایان له‌ دڵدا نییه‌. ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی كرده‌ سه‌ر دۆسته‌كانی، په‌یمانی خۆی شكاند. زمانی له‌ كه‌ره‌ لووستره‌، به‌ڵام دڵی پڕ له‌ شه‌ڕه‌. قسه‌ی له‌ ڕۆن نه‌رمتره‌، به‌ڵام شمشێری هه‌ڵكێشراوه‌. خه‌مه‌كانت بخه‌ره‌ سه‌ر په‌روه‌ردگار، ئه‌و پشتگیریت ده‌كات، هه‌رگیز ناهێڵێت خوداناسان بهه‌ژێن. به‌ڵام تۆ خودایه‌، فڕێیان بده‌ نێو بیری له‌ناوچوون. خوێن ڕیژ و فێڵبازه‌كان، ڕۆژگاریان ناگاته‌ نیوه‌. به‌ڵام من پشت به‌ تۆ ده‌به‌ستم.