لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:55-23

زەبوورەکان 1:55-23 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

خودایه‌، گوێ‌ له‌ نوێژم بگره‌، پاڕانه‌وه‌م پشتگوێ‌ مه‌خه‌. گوێم لێ‌ بگره‌ و وه‌ڵامم بده‌ره‌وه‌. سه‌رگه‌ردانم له‌ نه‌گبه‌تی خۆم و شڵه‌ژاوم له‌ بیستنی ده‌نگی دوژمن، له‌ سته‌می به‌دكاران. چونكه‌ تووشی تاوانم ده‌كه‌ن و به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌. دڵم له‌ ناخمدا ژان ده‌گرێ، تۆقاندنی مه‌رگ هاتۆته‌ سه‌رم. ترس و له‌رز دایگرتووم، تۆقین باڵی به‌سه‌رمدا كێشاوه‌. ده‌ڵێم: “خۆزگه‌ وه‌ک كۆتر باڵم هه‌بووایه‌، جا ده‌فڕیم ده‌حه‌سامه‌وه‌! دوورده‌كه‌وتمه‌وه‌ و له‌ چۆڵه‌وانی ده‌مامه‌وه‌. سیلاه‌. په‌له‌م ده‌كرد بۆ شوێنی په‌ناگای خۆم، دوور له‌ ڕه‌شه‌با و له‌ گه‌رده‌لوول”. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، له‌ناویان به‌ره‌، سه‌ریان لێ بشێوێنه‌، زمانیان تێک بئاڵێنه‌، چونكه‌ سته‌م و دووبه‌ره‌كی له‌ شاردا ده‌بینم. شه‌و و ڕۆژ به‌سه‌ر شووراكانی ده‌سووڕێنه‌وه‌ و خراپه‌ و زه‌حمه‌تی له‌ ناوه‌ڕاستی دایه‌. وێرانكاری له‌ ناوه‌ڕاستی دایه‌، سته‌م و ساخته‌كاری هه‌رگیز شه‌قامه‌كانی به‌رناده‌ن. ئه‌گه‌ر دوژمن سووكایه‌تیم پێ‌ بكردایه، به‌رگه‌م ده‌گرت. ئه‌گه‌ر ناحه‌ز به‌سه‌رمدا زاڵ بووایه‌، ده‌متوانی خۆمی لێ بشارمه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ تۆی، ئه‌ی مرۆڤی هاوشێوه‌م، هاوڕێ و براده‌رمیت، كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی شیرینمان هه‌بوو، به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا به‌ره‌و ماڵی خودا ده‌چووین. با توشی مه‌رگی له‌ناكاو بن، با به‌ زیندوویی دابه‌زنه‌ نێو دۆڵی بێبنه‌وه‌، چونكه‌ خراپه‌ شوێنی خۆی كردۆته‌وه‌ له‌نێویاندا. به‌ڵام هاواری من بۆ خودایه‌، په‌روه‌ردگاریش ڕزگارم ده‌كات. ئێواران و به‌یانیان و نێوه‌ڕوان گله‌یی ده‌كه‌م و ده‌ناڵێنم، ئه‌ویش گوێم لێده‌گرێت. گیانمی به‌ ته‌واوی كڕییه‌وه‌ له‌و جه‌نگه‌ی دژم هه‌ڵگیرساوه‌، چونكه‌ زۆرن گه‌مارۆده‌ر و به‌رهه‌ڵستكارانم. خودا، ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌سه‌ر ته‌خت دانیشتووه‌، گوێی لێ‌ ده‌بێت و ڕیسوایان ده‌كات، سیلاه‌. ئه‌وانه‌ی ناگۆڕێن و ترسی خودایان له‌ دڵدا نییه‌. ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی كرده‌ سه‌ر دۆسته‌كانی، په‌یمانی خۆی شكاند. زمانی له‌ كه‌ره‌ لووستره‌، به‌ڵام دڵی پڕ له‌ شه‌ڕه‌. قسه‌ی له‌ ڕۆن نه‌رمتره‌، به‌ڵام شمشێری هه‌ڵكێشراوه‌. خه‌مه‌كانت بخه‌ره‌ سه‌ر په‌روه‌ردگار، ئه‌و پشتگیریت ده‌كات، هه‌رگیز ناهێڵێت خوداناسان بهه‌ژێن. به‌ڵام تۆ خودایه‌، فڕێیان بده‌ نێو بیری له‌ناوچوون. خوێن ڕیژ و فێڵبازه‌كان، ڕۆژگاریان ناگاته‌ نیوه‌. به‌ڵام من پشت به‌ تۆ ده‌به‌ستم.

زەبوورەکان 1:55-23 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی خودایە، گوێ لە نوێژم بگرە، پاڕانەوەم پشت گوێ مەخە، گوێم لێ بگرە و وەڵامم بدەوە. سەرم لێ شێواوە لە نەگبەتی خۆم و بێزارم، لە بیستنی دەنگی دوژمن، لە چاو لێ سوور کردنەوەی بەدکاران، چونکە ئەمانە تووشی گرفتم دەکەن و بە تووڕەییەوە دەمچەوسێننەوە. دڵم لە ناخمدا پڕ لە ئازارە، ترسی مەرگ هاتووەتە سەرم. ترس و لەرز دایگرتووم، تۆقین باڵی بەسەرمدا کێشاوە. گوتم: «خۆزگە وەک کۆتر باڵم دەبوو، دوور دەفڕیم و دەحەسامەوە، بە ڕاستی دووردەکەوتمەوە و لە چۆڵەوانی دەمامەوە. پەلەم دەکرد بۆ شوێنی پەناگای خۆم، دوور لە ڕەشەبا و لە گەردەلوول.» ئەی پەروەردگار، سەریان لێ بشێوێنە، زمانیان تێک بئاڵێنە، چونکە زۆرداری و دووبەرەکی لە شاردا دەبینم. شەو و ڕۆژ بەسەر شووراکانیدا دەسووڕێنەوە و خراپە و ناڕەوایی لە ناوەڕاستیدایە. وێرانکاری لە ناوەڕاستیدایە، دەستدرێژی و ساختەکاری هەرگیز شەقامەکانی بەرنادەن. ئەگەر دوژمن سووکایەتی پێم بکردایە، بەرگەم دەگرت، ئەگەر ناحەز بەسەرمدا زاڵ بووایە، دەمتوانی خۆمی لێ بشارمەوە. بەڵام ئەوە تۆی! هاوشێوەی من مرۆڤی، هاوڕێمی، نزیکترین برادەری منی، کە بەیەکەوە پەیوەندییەکی شیرینمان هەبوو، بەیەکەوە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا بەرەو ماڵی خودا دەچووین. با مەرگ چەواشەیان بکات، با بە زیندوویی دابەزنە ناو جیهانی مردووان، چونکە خراپە شوێنی خۆی کردووەتەوە لەنێویان. بەڵام هاواری من بۆ خودایە، یەزدانیش ڕزگارم دەکات. ئێواران و بەیانییان و نیوەڕۆیان گلەیی دەکەم و دەناڵێنم، ئەویش گوێم لێ دەگرێت. گیانمی بە تەواوی کڕییەوە لەو جەنگەی دژم هەڵگیرساوە، چونکە زۆرن بەرهەڵستکارانم. خودا، ئەوەی لە ئەزەلەوە لەسەر تەخت دانیشتووە، گوێی لێ دەبێت و ڕیسوایان دەکات؛ ئەوانەی ناگۆڕێن و ترسی خودایان لە دڵدا نییە. هاوڕێکەم دەستدرێژی دەکاتە سەر دۆستەکانی، پەیمانی خۆی دەشکێنێت. زمانی وەک کەرە لووسە، بەڵام دڵی پڕ لە شەڕە. قسەی لە ڕۆن نەرمترە، بەڵام شمشێری هەڵکێشراوە. خەمەکانت بە یەزدان بسپێرە، ئەو پشتگیریت دەکات، هەرگیز ناهێڵێت ڕاستودروستان بهەژێن. بەڵام تۆ ئەی خودایە، فڕێیان بدە ناو قووڵترین بیر، خوێنڕێژ و فێڵبازەکان، ڕۆژگاریان ناگاتە نیوە.