لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 1:66-20

په‌سنییه‌كان 1:66-20 PNTZS

ئه‌ی سه‌راپای زه‌وی به‌ شادومانییه‌وه‌ بۆ خودا ده‌نگ هه‌ڵببڕن! به‌ شكۆمه‌ندی ناوی په‌سنی بڵێن. ستایشی شكۆدار بكه‌ن. به‌ خودا بڵێن: “كرده‌وه‌كانت چه‌ند سامناكن! هێزت ئه‌وه‌نده‌ مه‌زنه‌، دوژمنانت ملكه‌چیت بۆ ده‌نوێنن. سه‌راپای زه‌وی كڕنۆشت بۆ ده‌به‌ن، په‌سنیت بۆ ده‌ڵێن. په‌سنی بۆ ناوت ده‌ڵێن”. سیلاه‌. وه‌رن كرده‌وه‌كانی خودا ببینن. كرده‌وه‌ سامناكه‌كه‌ی له‌پێناوی ئاده‌میزادان! ده‌ریای گۆڕی بۆ وشكایی، ئه‌وان به‌ پێیان له‌ ڕووبار په‌ڕینه‌وه‌. له‌وێ‌ به‌ ئه‌و شادمان بووین. به‌ توانای خۆی تاهه‌تایه‌ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كات. چاوه‌كانی چاودێری نه‌ته‌وه‌كان ده‌كه‌ن. یاخییه‌كان خۆیان به‌رامبه‌ری هه‌ڵناكێشن. سیلاه‌. ئه‌ی گه‌لان خوداوه‌ندمان پیرۆز بكه‌ن، با ده‌نگی ستایشكردنی ببیسترێت. كه‌ گیانی ئێمه‌ی له‌ زیندووان پاراستووه‌ و نه‌یهێشتووه‌ پێمان بخلیسكێت. چونكه‌ تۆ خودایه‌، ئێمه‌ت تاقی كردۆته‌وه‌. وه‌ک زیو ئێمه‌ت پاڵاوتووه‌. ئێمه‌ت خستۆته‌ داوه‌وه‌ و باری گرانت خستۆته‌ سه‌ر شانمان. تۆ هێشتت خه‌ڵكی سواری سه‌رمان بن. به‌ نێو ئاگر و ئاودا ڕۆیشتین، به‌ڵام دواتر بۆ شوێنێكی به‌پیت ده‌ریكردین. به‌ پێشكه‌شكردنی قوربانیی سووتاندنه‌وه‌ دێمه‌ ماڵت، نه‌زره‌كانم به‌جێ‌ ده‌هێنم ئه‌و نه‌زرانه‌ی كه‌ له‌ كاتی ته‌نگانه‌دا، لێوه‌كانم به‌ڵێنی پێدابوون و به‌ ده‌ممدا هاتبوون. ئاژه‌ڵی قه‌ڵه‌و ده‌كه‌م به‌ قوربانی، له‌گه‌ڵ بۆنی دووكه‌ڵی قۆچی قوربانی، ته‌گه‌ و گات بۆ ده‌كه‌مه‌ قوربانی. سیلاه‌. وه‌رن گوێ‌ بگرن ئه‌ی هه‌موو له‌خواترسه‌كان، با پێتان بڵێم چی بۆ من كردووه‌. به‌ ده‌می خۆم هاوارم بۆی كرد، ستایش كردنی له‌سه‌ر زمانم بوو. ئه‌گه‌ر دڵم به‌ خراپه‌وه‌ به‌ند بووایه‌، په‌روه‌ردگار گوێی لێ‌ نه‌ده‌گرتم. به‌ڵام خودا گوێی لێگرتم. گویێ‌ له‌ ده‌نگم بوو له‌ كاتی نوێژكردنم. پیرۆزه‌ خودا، كه‌ نه‌ نوێژه‌كه‌می له‌ خۆی دوور خسته‌وه‌ و نه‌ میهره‌بانیه‌كه‌ی خۆی له‌ من.