لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:66-20

زەبوورەکان 1:66-20 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌ی سه‌راپای زه‌وی به‌ شادومانییه‌وه‌ بۆ خودا ده‌نگ هه‌ڵببڕن! به‌ شكۆمه‌ندی ناوی په‌سنی بڵێن. ستایشی شكۆدار بكه‌ن. به‌ خودا بڵێن: “كرده‌وه‌كانت چه‌ند سامناكن! هێزت ئه‌وه‌نده‌ مه‌زنه‌، دوژمنانت ملكه‌چیت بۆ ده‌نوێنن. سه‌راپای زه‌وی كڕنۆشت بۆ ده‌به‌ن، په‌سنیت بۆ ده‌ڵێن. په‌سنی بۆ ناوت ده‌ڵێن”. سیلاه‌. وه‌رن كرده‌وه‌كانی خودا ببینن. كرده‌وه‌ سامناكه‌كه‌ی له‌پێناوی ئاده‌میزادان! ده‌ریای گۆڕی بۆ وشكایی، ئه‌وان به‌ پێیان له‌ ڕووبار په‌ڕینه‌وه‌. له‌وێ‌ به‌ ئه‌و شادمان بووین. به‌ توانای خۆی تاهه‌تایه‌ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كات. چاوه‌كانی چاودێری نه‌ته‌وه‌كان ده‌كه‌ن. یاخییه‌كان خۆیان به‌رامبه‌ری هه‌ڵناكێشن. سیلاه‌. ئه‌ی گه‌لان خوداوه‌ندمان پیرۆز بكه‌ن، با ده‌نگی ستایشكردنی ببیسترێت. كه‌ گیانی ئێمه‌ی له‌ زیندووان پاراستووه‌ و نه‌یهێشتووه‌ پێمان بخلیسكێت. چونكه‌ تۆ خودایه‌، ئێمه‌ت تاقی كردۆته‌وه‌. وه‌ک زیو ئێمه‌ت پاڵاوتووه‌. ئێمه‌ت خستۆته‌ داوه‌وه‌ و باری گرانت خستۆته‌ سه‌ر شانمان. تۆ هێشتت خه‌ڵكی سواری سه‌رمان بن. به‌ نێو ئاگر و ئاودا ڕۆیشتین، به‌ڵام دواتر بۆ شوێنێكی به‌پیت ده‌ریكردین. به‌ پێشكه‌شكردنی قوربانیی سووتاندنه‌وه‌ دێمه‌ ماڵت، نه‌زره‌كانم به‌جێ‌ ده‌هێنم ئه‌و نه‌زرانه‌ی كه‌ له‌ كاتی ته‌نگانه‌دا، لێوه‌كانم به‌ڵێنی پێدابوون و به‌ ده‌ممدا هاتبوون. ئاژه‌ڵی قه‌ڵه‌و ده‌كه‌م به‌ قوربانی، له‌گه‌ڵ بۆنی دووكه‌ڵی قۆچی قوربانی، ته‌گه‌ و گات بۆ ده‌كه‌مه‌ قوربانی. سیلاه‌. وه‌رن گوێ‌ بگرن ئه‌ی هه‌موو له‌خواترسه‌كان، با پێتان بڵێم چی بۆ من كردووه‌. به‌ ده‌می خۆم هاوارم بۆی كرد، ستایش كردنی له‌سه‌ر زمانم بوو. ئه‌گه‌ر دڵم به‌ خراپه‌وه‌ به‌ند بووایه‌، په‌روه‌ردگار گوێی لێ‌ نه‌ده‌گرتم. به‌ڵام خودا گوێی لێگرتم. گویێ‌ له‌ ده‌نگم بوو له‌ كاتی نوێژكردنم. پیرۆزه‌ خودا، كه‌ نه‌ نوێژه‌كه‌می له‌ خۆی دوور خسته‌وه‌ و نه‌ میهره‌بانیه‌كه‌ی خۆی له‌ من.

زەبوورەکان 1:66-20 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی سەراپای زەوی، بە شادمانییەوە هاوار بۆ خودا بکەن! بە شکۆمەندی ناوی ئەو گۆرانی بڵێن، ستایشی شکۆدار بکەن! بە خودا بڵێن: «کردەوەکانت چەند سامناکن! هێزت ئەوەندە گەورەیە، دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن. سەراپای زەوی کڕنۆشت بۆ دەبەن، گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێن، گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێن.» وەرن کردارەکانی خودا ببینن، کارە سامناکەکەی لە پێناوی ئادەمیزاد! دەریای گۆڕی بۆ وشکانی، ئەوان بە پێیان لە ڕووبار پەڕینەوە. با بە ئەو شادمان بین. بە توانای خۆی هەتاهەتایە فەرمانڕەوایەتی دەکات، چاوەکانی چاودێری نەتەوەکان دەکەن، با یاخییەکان خۆیان بەرامبەری هەڵنەکێشن. ئەی خەڵکینە، ستایشی خودامان بکەن، با دەنگی ستایشکردنی ببیسترێت، کە گیانی ئێمەی بە زیندوویی پاراستووە و نەیهێشتووە پێمان بخلیسکێت. ئەی خودایە، چونکە تۆ ئێمەت تاقی کردووەتەوە، وەک زیو ئێمەت پاڵاوتووە. ئێمەت خستووەتە داوەوە و باری گرانت خستووەتە سەر شانمان. تۆ هێشتت خەڵکی سواری سەرمان بن، بە ناو ئاو و ئاگردا ڕۆیشتین، بەڵام دواتر بۆ شوێنێکی بەپیتت هێناین. بە قوربانی سووتاندنەوە دێمە پەرستگاکەت، نەزرەکانم بەجێدەهێنم، ئەو نەزرانەی کە لە کاتی تەنگانەدا، لێوەکانم بەڵێنی پێدابوون و بە دەممدا هاتبوون. ئاژەڵی قەڵەو دەکەمە قوربانی، لەگەڵ بۆنی دووکەڵی قۆچی قوربانی، تەگە و گات بۆ دەکەمە قوربانی. ئەی هەموو لەخواترسەکان، وەرن و گوێ بگرن، با پێتان بڵێم چی بۆ من کردووە. بە دەمی خۆم هاوارم بۆی کرد، ستایشکردنی لەسەر زمانم بوو. ئەگەر دڵم حەزی لە خراپە بووایە، پەروەردگار گوێی لێ نەدەگرتم، بەڵام بێگومان خودا گوێی لێ گرتم، گوێی لە دەنگم بوو لە کاتی نوێژکردنم. ستایش بۆ خودا، کە نە نوێژەکەی منی لە خۆی دوورخستەوە و نە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی لە من.