لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

بینین 12

12
1 نیشانه‌یه‌كی مه‌زنیش له‌ ئاسماندا ده‌ركه‌وت: ژنێک خۆری پۆشیبوو، مانگ له‌ ژێر پێیدا و تاجێكی دوازده‌ هه‌ساره‌یی له‌سه‌ر سه‌ری بوو، 2 سكی هه‌بوو، ئازاری هه‌بوو و له‌ ژانی منداڵبوون هاواری ده‌كرد. 3 نیشانه‌یه‌كی دیكه‌ش له‌ ئاسماندا ده‌ركه‌وت: ئه‌ژدیهایه‌كی مه‌زنی سوور، حه‌وت سه‌ر و ده‌ قۆچی هه‌بوو، حه‌وت تاج له‌سه‌ر سه‌ره‌كان بوو. 4 كلكیشی سێیه‌كی ئه‌ستێره‌ی ئاسمانی ڕاكێشا و فڕێیدانه‌ سه‌ر زه‌وی، ئه‌ژدیهاكه‌ له‌به‌رده‌م ژنه‌كه‌ كه‌ منداڵی ده‌بوو وه‌ستابوو، تاكو كه‌ منداڵه‌كه‌ بوو بیخوات. 5 ئیتر منداڵێكی نێرینه‌ی بوو، ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوو به‌ گۆچانێكی ئاسنین شوانایه‌تیی نه‌ته‌وه‌كان ده‌كات. به‌ڵام كوڕه‌كه‌ی بۆ لای خودا و ته‌خته‌كه‌ی ڕفێندرا. 6 ژنه‌كه‌ش به‌ره‌و چۆڵه‌وانی هه‌ڵات، له‌وێدا شوێنێكی هه‌یه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ ئاماده‌ كراوه‌، تاكو له‌وێ هه‌زار و دوو سه‌د و شه‌ست ڕۆژ به‌خێو بكرێت.
7 له‌ ئاسماندا بووه‌ جه‌نگ، میخائێل و فریشته‌كانی دژی ئه‌ژدیهاكه‌ هێرشیان برد، ئه‌ژدیهاكه‌ و فریشته‌كانیشی هێرشیان برد، 8 به‌ڵام ئه‌ژدیهاكه‌ به‌هێز نه‌بوو، شوێنیان له‌ ئاسماندا نه‌ما. 9 ئه‌ژدیها مه‌زنه‌كه‌ فڕێدرایه‌ خواره‌وه‌، ماره‌ دێرینه‌كه‌ كه‌ به‌ ئیبلیس و شه‌یتان ناوده‌بردرێت، ئه‌وه‌ی هه‌موو جیهان گومڕا ده‌كات، فریشته‌كانیشی له‌گه‌ڵیدا فڕێدرانه‌ زه‌وی. 10 جا ده‌نگێكی مه‌زنم بیست له‌ ئاسماندا ده‌یفه‌رموو: “ئێستا ڕزگاریی و توانا و پاشایه‌تیی خوداوه‌ندمان و ده‌سه‌ڵاتی مه‌سیحه‌كه‌ی هاتووه‌، چونكه‌ ئه‌و سكاڵاكاره‌ی له‌ براكانمان، كه‌ شه‌و و ڕۆژ له‌به‌رده‌م خوداوه‌ندمان سكاڵای لێیان ده‌كرد، فڕێدرایه‌ خواره‌وه‌. 11 ئه‌وان به‌ خوێنی كاوڕه‌كه‌ و به‌ وشه‌ی گه‌واهییان به‌زاندییان، تا ئه‌وه‌ی له‌ڕووی مه‌رگیش ژیانی خۆیان خۆشنه‌ویست. 12 بۆیه‌ ئه‌ی ئاسمانان و ئه‌وانه‌ی تیایدا نیشته‌جێن، دڵخۆش بن! به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵ دانیشتوانی زه‌وی و ده‌ریا، چونكه‌ ئیبلیس بۆتان دابه‌زیوه‌! تووڕه‌ییه‌كی گه‌وره‌ی پێیه‌! چونكه‌ ده‌زانێت كاتێكی كورتی هه‌یه‌”.
13 كاتێ ئه‌ژدیهاكه‌ خۆی بینی فڕێدراوه‌ته‌ زه‌وی، ژنه‌كه‌ی ڕاونا كه‌ كوڕه‌كه‌ی لێبوو. 14 ژنه‌كه‌ دوو باڵی هه‌ڵۆ گه‌وره‌كه‌ی پێدرا تاكو بۆ چۆڵه‌وانی و شوێنی خۆی بفڕێت، له‌وێدا كاتێک و دوو كات و نیو دوور له‌ ماره‌كه‌ به‌خێو كرا. 15 ماره‌كه‌ش له‌ ده‌میه‌وه‌ ئاوێكی وه‌ک ڕووباری فڕێدا بۆ دواوه‌ی ژنه‌كه‌، تاكو به‌ ڕووبار هه‌ڵبگیردرێت. 16 زه‌وی یارمه‌تی ژنه‌كه‌ی دا، زه‌وی ده‌می كرده‌وه‌ و ئه‌و ڕووباره‌ی قووت دا كه‌ ئه‌ژدیهاكه‌ له‌ ده‌میه‌وه‌ فڕێیدا. 17 ئه‌ژدیهاكه‌ له‌ ژنه‌كه‌ تووڕه‌ بوو، چوو له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كانی دیكه‌ی بجه‌نگێت، ئه‌وانه‌ی ڕاسپارده‌كانی خودا ده‌پارێزن و پابه‌ندن به‌ گه‌واهییان بۆ ئیشۆعی مه‌سیح.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

بینین 12: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە