لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕۆما 1:1-32

ڕۆما 1:1-32 PNTZS

پۆڵۆس، به‌نده‌ی ئیشۆعی مه‌سیح، په‌یامبه‌ری بانگكراو و ته‌رخانكراو بۆ ئینجیلی خودا، كه‌ پێشتر له‌ سیپاره‌ پارسا‌كاندا به‌هۆی پێغه‌مبه‌ره‌كان به‌ڵێنی دابوو، سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵه‌كه‌ی كه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ له‌ نه‌وه‌ی داوید په‌یدابوو، هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی ڕووحی پارسایێتی به‌ هێزه‌وه‌ ڕۆڵه‌ی خودا دیاری كرا، به‌ هه‌ستانه‌وه‌ی له‌نێو مردووان، ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. به‌خشش و په‌یاممان به‌هۆی ئه‌و و له‌پێناوی ناویه‌وه‌ وه‌رگرت، بۆ گوێڕایه‌ڵی باوه‌ڕ له‌نێوان هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان، ئه‌وانه‌ی ئێوه‌ش له‌نێویاندا بانگكراوانی ئیشۆعی مه‌سیحن. بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆشه‌ویستی خودان و له‌ ڕۆمادان، بانگكراون تا پارسا بن: به‌خشش و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بۆ ئێوه‌. سه‌ره‌تا، له‌ پێناوی هه‌مووتان به‌ ئیشۆعی مه‌سیح سوپاسی خودام ده‌كه‌م، چونكه‌ باوه‌ڕتان له‌ هه‌موو جیهاندا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌. چونكه‌ خودا، ئه‌وه‌ی به‌ ڕووحم ده‌یپه‌رستم له‌ موژده‌ی ڕۆڵه‌كه‌یدا، گه‌واهیده‌ری منه‌ چۆن بێ بڕانه‌وه‌ یادتان ده‌كه‌م و هه‌میشه‌ له‌ نوێژه‌كانمدا ده‌پاڕێمه‌وه‌، كه‌ ئێستا به‌ خواستی خودا بۆم ڕێک بكه‌وێت بێمه‌ لاتان. چونكه‌ تامه‌زرۆی بینینی ئێوه‌م تاكو بۆ جێگیربوونتان به‌خشینی ڕووحیتان بده‌مێ، واتا له‌نێوانتاندا به‌ باوه‌ڕمان دڵنه‌وایی یه‌كتر بكه‌ین، باوه‌ڕی من و باوه‌ڕی ئێوه‌. برایان، نامه‌وێ له‌لاتان شاراوه‌ بێت كه‌ زۆر جار به‌ته‌مابووم بێمه‌ لاتان، تاكو له‌نێو ئێوه‌شدا به‌رهه‌مم هه‌بێت، وه‌ک له‌نێو نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌، به‌ڵام تا ئێستا ڕێم لێ گیرابوو. من قه‌رزاری یۆنانی و به‌ربه‌ریم، دانا و نه‌زان. به‌م شێوه‌یه‌ به‌ په‌رۆشم موژده‌تان بده‌مێ، ئێوه‌ كه‌ له‌ ڕۆمادان. چونكه‌ شه‌رمم به‌ ئینجیلی مه‌سیح نییه‌، چونكه‌ هێزی خودایه‌ بۆ ڕزگاربوونی هه‌موو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕ ده‌هێنن، یه‌كه‌مجار بۆ جوو ئینجا بۆ یۆنانی. چونكه‌ تیایدا بێتاوانكردن له‌ خوداوه‌ ئاشكرا كراوه‌، هه‌ر له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ تا پایان به‌ باوه‌ڕه‌، وه‌ک نووسراوه‌: {خوداناس به‌ باوه‌ڕ ده‌ژیێت} . چونكه‌ تووڕه‌یی خودا له‌ ئاسمانه‌وه‌ ئاشكرایه‌، دژی هه‌موو خودانه‌ناسی و تاوانی خه‌ڵک، ئه‌وانه‌ی به‌ تاوان ڕه‌وا داده‌پۆشن. چونكه‌ ناسینی خودا تێیاندا دیاره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خودا بۆی ده‌رخستوون. چونكه‌ شته‌ نه‌بینراوه‌كان، توانا جاویدانی و خودایه‌تییه‌كه‌ی، له‌ به‌دیهێنانی جیهانه‌وه‌ به‌هۆی دروستكراوان دركی پێ كراوه‌ و به‌ ڕوونی بینراوه‌، بۆیه‌ بێ بیانوون. چونكه‌ كه‌ خودایان ناسی، وه‌ک خوداوه‌ندێک شكۆداریان نه‌كرد و سوپاسیان نه‌كرد، به‌ڵكو له‌ بیركردنه‌وه‌یان پووچه‌ڵ بوون و دڵه‌ گێله‌كانیان تاریک بوو. هه‌رچه‌نده‌ خۆیان به‌ دانا ده‌زانن، بوونه‌ گێل، شكۆی خودای نه‌مریان گۆڕیه‌وه‌، به‌ شێوه‌ی په‌یكه‌ر‌ی مرۆڤی له‌ناوچوو و باڵنده‌ و چوارپێ و خشۆک. بۆیه‌ خودا به‌ هه‌وه‌سی دڵیان دایانیه‌ ده‌ست گڵاوییه‌وه‌، تاكو له‌نێو خۆیاندا سووكایه‌تی به‌ له‌شی خۆیان بكه‌ن. ئه‌وانه‌ی كه‌ ڕه‌وای خودایان به‌ درۆ گۆڕییه‌وه‌ و ئافریده‌یان په‌رست و ڕاژه‌یان كرد له‌ جیاتی ئافرێنه‌ر، ئه‌وه‌ی تاهه‌تایه‌ پیرۆزه‌. ئامین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ خودا دایانیه‌ ده‌ست هه‌وه‌سه‌ سووكه‌كان. چونكه‌ ژنه‌كانیان جووتبوونی سروشتییان به‌ ناسروشتی گۆڕییه‌وه‌. پیاوانیش وازیان له‌ جووتبوونی سروشتی ژنیان هێنا و گڕیان گرت له‌ هه‌وه‌س بۆ یه‌كتری. پیاو له‌گه‌ڵ پیاو به‌دڕه‌وشتی ده‌كه‌ن، جا سزای ته‌واوی گومڕابوونیان له‌ خۆیاندا وه‌رگرت. كه‌ ناسینی خودایان له‌لا په‌سه‌ند نه‌بوو، ئیتر خودا دایانیه‌ ده‌ست هزرێكی ڕه‌تكراو، تاكو ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ناشێت. پڕبوون له‌ هه‌موو تاوان و داوێنپیسی و به‌دكاری و چڵێسی و به‌دڕه‌وشتی، پڕن له‌ ئیره‌یی و كوشتن و دژایه‌تی و فێڵبازی و خراپه‌كاری، غه‌یبه‌تكارن، بوختانكه‌رن، ڕقیان له‌ خودایه‌، شه‌ڕفرۆشن، لووتبه‌رزن، خۆهه‌ڵكێشن، داهێنه‌ری به‌دكارین، گوێڕایه‌ڵی دایک و باوک نین، بێ مێشكن، بێ به‌ڵێن، بێ سۆز و بێ به‌زه‌یین. ده‌شزانن حوكمی خودا بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌م شتانه‌ ده‌كه‌ن شایسته‌ی مه‌رگه‌، نه‌ک ته‌نها ده‌یكه‌ن، به‌ڵكو دڵخۆشن به‌وانه‌ی كه‌ ده‌یكه‌ن.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان