لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕۆما 1:1-32

ڕۆما 1:1-32 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پۆڵۆس، به‌نده‌ی ئیشۆعی مه‌سیح، په‌یامبه‌ری بانگكراو و ته‌رخانكراو بۆ ئینجیلی خودا، كه‌ پێشتر له‌ سیپاره‌ پارسا‌كاندا به‌هۆی پێغه‌مبه‌ره‌كان به‌ڵێنی دابوو، سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵه‌كه‌ی كه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ له‌ نه‌وه‌ی داوید په‌یدابوو، هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی ڕووحی پارسایێتی به‌ هێزه‌وه‌ ڕۆڵه‌ی خودا دیاری كرا، به‌ هه‌ستانه‌وه‌ی له‌نێو مردووان، ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. به‌خشش و په‌یاممان به‌هۆی ئه‌و و له‌پێناوی ناویه‌وه‌ وه‌رگرت، بۆ گوێڕایه‌ڵی باوه‌ڕ له‌نێوان هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان، ئه‌وانه‌ی ئێوه‌ش له‌نێویاندا بانگكراوانی ئیشۆعی مه‌سیحن. بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆشه‌ویستی خودان و له‌ ڕۆمادان، بانگكراون تا پارسا بن: به‌خشش و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بۆ ئێوه‌. سه‌ره‌تا، له‌ پێناوی هه‌مووتان به‌ ئیشۆعی مه‌سیح سوپاسی خودام ده‌كه‌م، چونكه‌ باوه‌ڕتان له‌ هه‌موو جیهاندا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌. چونكه‌ خودا، ئه‌وه‌ی به‌ ڕووحم ده‌یپه‌رستم له‌ موژده‌ی ڕۆڵه‌كه‌یدا، گه‌واهیده‌ری منه‌ چۆن بێ بڕانه‌وه‌ یادتان ده‌كه‌م و هه‌میشه‌ له‌ نوێژه‌كانمدا ده‌پاڕێمه‌وه‌، كه‌ ئێستا به‌ خواستی خودا بۆم ڕێک بكه‌وێت بێمه‌ لاتان. چونكه‌ تامه‌زرۆی بینینی ئێوه‌م تاكو بۆ جێگیربوونتان به‌خشینی ڕووحیتان بده‌مێ، واتا له‌نێوانتاندا به‌ باوه‌ڕمان دڵنه‌وایی یه‌كتر بكه‌ین، باوه‌ڕی من و باوه‌ڕی ئێوه‌. برایان، نامه‌وێ له‌لاتان شاراوه‌ بێت كه‌ زۆر جار به‌ته‌مابووم بێمه‌ لاتان، تاكو له‌نێو ئێوه‌شدا به‌رهه‌مم هه‌بێت، وه‌ک له‌نێو نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌، به‌ڵام تا ئێستا ڕێم لێ گیرابوو. من قه‌رزاری یۆنانی و به‌ربه‌ریم، دانا و نه‌زان. به‌م شێوه‌یه‌ به‌ په‌رۆشم موژده‌تان بده‌مێ، ئێوه‌ كه‌ له‌ ڕۆمادان. چونكه‌ شه‌رمم به‌ ئینجیلی مه‌سیح نییه‌، چونكه‌ هێزی خودایه‌ بۆ ڕزگاربوونی هه‌موو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕ ده‌هێنن، یه‌كه‌مجار بۆ جوو ئینجا بۆ یۆنانی. چونكه‌ تیایدا بێتاوانكردن له‌ خوداوه‌ ئاشكرا كراوه‌، هه‌ر له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ تا پایان به‌ باوه‌ڕه‌، وه‌ک نووسراوه‌: {خوداناس به‌ باوه‌ڕ ده‌ژیێت} . چونكه‌ تووڕه‌یی خودا له‌ ئاسمانه‌وه‌ ئاشكرایه‌، دژی هه‌موو خودانه‌ناسی و تاوانی خه‌ڵک، ئه‌وانه‌ی به‌ تاوان ڕه‌وا داده‌پۆشن. چونكه‌ ناسینی خودا تێیاندا دیاره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خودا بۆی ده‌رخستوون. چونكه‌ شته‌ نه‌بینراوه‌كان، توانا جاویدانی و خودایه‌تییه‌كه‌ی، له‌ به‌دیهێنانی جیهانه‌وه‌ به‌هۆی دروستكراوان دركی پێ كراوه‌ و به‌ ڕوونی بینراوه‌، بۆیه‌ بێ بیانوون. چونكه‌ كه‌ خودایان ناسی، وه‌ک خوداوه‌ندێک شكۆداریان نه‌كرد و سوپاسیان نه‌كرد، به‌ڵكو له‌ بیركردنه‌وه‌یان پووچه‌ڵ بوون و دڵه‌ گێله‌كانیان تاریک بوو. هه‌رچه‌نده‌ خۆیان به‌ دانا ده‌زانن، بوونه‌ گێل، شكۆی خودای نه‌مریان گۆڕیه‌وه‌، به‌ شێوه‌ی په‌یكه‌ر‌ی مرۆڤی له‌ناوچوو و باڵنده‌ و چوارپێ و خشۆک. بۆیه‌ خودا به‌ هه‌وه‌سی دڵیان دایانیه‌ ده‌ست گڵاوییه‌وه‌، تاكو له‌نێو خۆیاندا سووكایه‌تی به‌ له‌شی خۆیان بكه‌ن. ئه‌وانه‌ی كه‌ ڕه‌وای خودایان به‌ درۆ گۆڕییه‌وه‌ و ئافریده‌یان په‌رست و ڕاژه‌یان كرد له‌ جیاتی ئافرێنه‌ر، ئه‌وه‌ی تاهه‌تایه‌ پیرۆزه‌. ئامین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ خودا دایانیه‌ ده‌ست هه‌وه‌سه‌ سووكه‌كان. چونكه‌ ژنه‌كانیان جووتبوونی سروشتییان به‌ ناسروشتی گۆڕییه‌وه‌. پیاوانیش وازیان له‌ جووتبوونی سروشتی ژنیان هێنا و گڕیان گرت له‌ هه‌وه‌س بۆ یه‌كتری. پیاو له‌گه‌ڵ پیاو به‌دڕه‌وشتی ده‌كه‌ن، جا سزای ته‌واوی گومڕابوونیان له‌ خۆیاندا وه‌رگرت. كه‌ ناسینی خودایان له‌لا په‌سه‌ند نه‌بوو، ئیتر خودا دایانیه‌ ده‌ست هزرێكی ڕه‌تكراو، تاكو ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ناشێت. پڕبوون له‌ هه‌موو تاوان و داوێنپیسی و به‌دكاری و چڵێسی و به‌دڕه‌وشتی، پڕن له‌ ئیره‌یی و كوشتن و دژایه‌تی و فێڵبازی و خراپه‌كاری، غه‌یبه‌تكارن، بوختانكه‌رن، ڕقیان له‌ خودایه‌، شه‌ڕفرۆشن، لووتبه‌رزن، خۆهه‌ڵكێشن، داهێنه‌ری به‌دكارین، گوێڕایه‌ڵی دایک و باوک نین، بێ مێشكن، بێ به‌ڵێن، بێ سۆز و بێ به‌زه‌یین. ده‌شزانن حوكمی خودا بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌م شتانه‌ ده‌كه‌ن شایسته‌ی مه‌رگه‌، نه‌ک ته‌نها ده‌یكه‌ن، به‌ڵكو دڵخۆشن به‌وانه‌ی كه‌ ده‌یكه‌ن.

هاوبەشی بکە
ڕۆما 1 بخوێنەوە

ڕۆما 1:1-32 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لە پۆڵسی بەندەی عیسای مەسیحەوە کە خودا وەک نێردراوێک بانگی کرد و تەرخانی کرد بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنییەکەی، ئەو مزگێنییەی کە خودا پێشتر لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانەوە لە نووسراوە پیرۆزەکاندا بەڵێنی دابوو، سەبارەت بە کوڕەکەی کە بە جەستە لە نەوەی داود بوو، هەروەها بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز و بە هێزی هەستانەوەی لەنێو مردووان عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بە کوڕی خودا دیاری کرا. لە پێناوی ناوی مەسیح و لە ڕێگەی ئەوەوە، نیعمەت و نێردراویێتیمان وەرگرت، تاکو هەموو نەتەوەکان بانگ بکەین بۆ ئەوەی باوەڕ بە مەسیح بهێنن و گوێڕایەڵی بن. ئێوەش لەنێو ئەوانەدان کە خودا بانگی کردن بۆ ئەوەی هی عیسای مەسیح بن. بۆ هەموو ئەوانەی خۆشەویستی خودان و لە ڕۆما دەژین، بانگکراون بۆ ئەوەی پیرۆز بن: با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت. سەرەتا، لە پێناوی هەمووتان بەهۆی عیسای مەسیحەوە سوپاسی خودام دەکەم، چونکە باوەڕتان لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە. خودا، ئەوەی بە ڕۆحم خزمەتی دەکەم لە جاڕدانی مزگێنیی کوڕەکەیدا، شایەتی منە کە چۆن بێ بڕانەوە یادتان دەکەم و بەردەوام لە نوێژەکانم دەپاڕێمەوە کە هیچ نەبێت ئێستا بە خواستی خودا بۆم ڕێک بکەوێت بێمە لاتان. تامەزرۆی بینینی ئێوەم تاکو بۆ جێگیربوونتان بەهرەی ڕۆحیتان بدەمێ، هەموومان پێکەوە یەکتری هانبدەین، ئێوە بە باوەڕی من و منیش بە باوەڕی ئێوە. ئەی خوشک و برایان، نامەوێ لەلاتان شاراوە بێت، زۆر جار بەتەمابووم بێمە لاتان، تاکو لەنێو ئێوەشدا بەرهەمم هەبێت، هەروەک لەنێو نەتەوەکانی دیکە هەمە، بەڵام هەتا ئێستا ڕێم لێ گیرابوو. من قەرزاری یۆنانی و بەربەریم، دانا و نەزان. بۆیە بە پەرۆشم مزگێنی بدەمە ئێوەی دانیشتووانی ڕۆما. شەرمم بە پەیامی ئینجیل نییە، لەبەر ئەوەی هێزی خودایە بۆ ڕزگاربوونی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە. لە پەیامی ئینجیلدا بێتاوانکردن لە خوداوە ئاشکرا دەکرێت، ئەم بێتاوانکردنەش لە دەستپێکەوە هەتا کۆتایی بە باوەڕە، وەک نووسراوە: ﴿ئەوەی ڕاستودروستە بە باوەڕ دەژیێت.‏﴾ لە ئاسمانەوە تووڕەیی خودا لە دژی هەموو خوانەناسی و خراپەکارییەکی خەڵک دەردەکەوێت، ئەوانەی بە خراپەکانیان ڕاستی دادەپۆشن، چونکە ئەوەی کە دەبێت لەبارەی خوداوە بزانرێت، لەلای ئەوان ئاشکرایە، لەبەر ئەوەی خودا بۆی دەرخستوون. لەبەر ئەوەی سیفەتە نەبینراوەکانی خودا، توانا هەتاهەتایی و خودایەتییەکەی، لە بەدیهێنانی جیهانەوە بەهۆی دروستکراوان درکیان پێ کراوە و بە ڕوونی بینراون، بۆیە بێ بیانوون. لەگەڵ ئەوەی کە خودایان ناسی، بەڵام وەک خودا ستایشیان نەکرد و سوپاسیان نەکرد، بەڵکو لە بیرکردنەوەیان پووچەڵ بوون و دڵە گێلەکانیان تاریک بوو. هەرچەندە خۆیان بە دانا دەزانی، بەڵام بوونە گێل، شکۆی خودای نەمریان گۆڕییەوە بە شێوەی پەیکەری مرۆڤی لەناوچوو و باڵندە و چوارپێ و خشۆک. هەر لەبەر ئەوە خودا بە هەوەسی دڵیان ئەوانی دایە دەست گڵاوی، تاکو لەناو خۆیاندا سووکایەتی بە لەشی خۆیانەوە بکەن. ئەوان ڕاستی خودایان بە درۆ گۆڕییەوە و بەدیهێنراویان پەرست و لە جیاتی بەدیهێنەر خزمەتیان کرد، ئەوەی هەتاهەتایە ستایش بۆ ئەوە. ئامین. لەبەر ئەوە خودا ئەوانی دایە دەست هەوەسە ئابڕووبەرەکانیان، چونکە ژنەکانیان جووتبوونی سروشتییان بە ناسروشتی گۆڕییەوە. پیاوانیش وازیان هێنا لە جووتبوونی سروشتی لەگەڵ ژنانیان و گڕیان گرت لە هەوەس بۆ یەکتری. پیاو لەگەڵ پیاو بەدڕەوشتی دەکرد، جا سزای تەواوی خراپبوونیان لە خۆیاندا وەرگرت. سەرەڕای ئەوەش، نەیاندەویست لە ناسینی خودا بەردەوام بن، خوداش ئەوانی دایە دەست مێشکی گەندەڵیان، تاکو ئەوە بکەن کە ناشێت. پڕبوون لە هەموو ناڕەوایی و خراپە و چاوچنۆکی و بەدکارییەک. پڕن لە ئیرەیی و کوشتن و دژایەتی و فێڵبازی و زیانبەخشی. غەیبەتکارن، بوختانکەرن، ڕقیان لە خودایە، شەڕفرۆشن، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، داهێنەری خراپەن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نین، بێ مێشکن و دڵسۆز نین، بێ هەست و بێ بەزەیین. لەگەڵ ئەوەی دەزانن حوکمی دادپەروەرانەی خودا بۆ ئەنجامدەرانی ئەم جۆرە کارانە مردنە، بەڵام نەک تەنها خۆیان ئەو کارانە دەکەن، بەڵکو ئەو کەسانەش پەسەند دەکەن کە دەیکەن.

هاوبەشی بکە
ڕۆما 1 بخوێنەوە