لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕۆما 2

2
1 بۆیه‌ تۆ بێ بیانوویت ئه‌ی مرۆڤ، ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی حوكم ده‌ده‌یت، چونكه‌ به‌وه‌ی خه‌ڵكی پێ حوكم ده‌ده‌یت، خۆت تاوانبار ده‌كه‌یت، چونكه‌ تۆ كه‌ حوكم ده‌ده‌یت، خۆشت هه‌مان شت ده‌كه‌یت! 2 ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ حوكمی خودا ڕه‌وایه‌ به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی ئه‌م شتانه‌ ده‌كه‌ن. 3 ئایا ئه‌ی مرۆڤ، كه‌ حوكم ده‌ده‌یته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی وا ئه‌م شتانه‌ ده‌كه‌ن و خۆشت هه‌مان شت ده‌كه‌یت، وا ده‌زانیت له‌ حوكمی خودا ده‌رباز ده‌بیت؟ 4 یان گاڵته‌ت به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیی نیانی و نه‌رمی و پشوودرێژییه‌كه‌ی دێت؟ نازانیت نیانیی خودا به‌ره‌و تۆبه‌كردنت ده‌بات؟ 5 به‌ڵام له‌به‌ر توندی و دڵی تۆبه‌ نه‌كردووت، له‌ ڕۆژی تووڕه‌یی و ئاشكراكردنی حوكمی دادپه‌روه‌رانه‌ی خودا، تووڕه‌یی بۆ خۆت كۆده‌كه‌یته‌وه‌، 6 ئه‌وه‌ی پاداشتی هه‌ر یه‌كێک به‌گوێره‌ی كرداره‌كانی ده‌داته‌وه‌. 7 ژیانی جاویدانیش بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ به‌ دانبه‌خۆداگرتنه‌وه‌ له‌ كاری چاكه‌دا داوای شكۆ و ڕێز و نه‌مری ده‌كه‌ن. 8 به‌ڵام ڕق و تووڕه‌یی بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ داوای خۆپه‌رستی ده‌كه‌ن و ملكه‌چی ڕه‌وا نابن، به‌ڵكو بۆ ناڕه‌وایی ملكه‌چ ده‌بن. 9 ناخۆشی و ته‌نگانه‌ بۆ هه‌ر مرۆڤێكه‌ كه‌ خراپه‌ ده‌كات: یه‌كه‌مجار بۆ جوو ئینجا یۆنانی. 10 شكۆ و ڕێز و ئاشتی بۆ هه‌موو چاكه‌كارێكه‌: یه‌كه‌مجار بۆ جوو ئینجا یۆنانی. 11 چونكه‌ خودا جوداخوازی ناكات.
12 هه‌موو ئه‌وانه‌ی ته‌وراتیان نییه‌ و گوناهیان كرد، بێ ته‌ورات له‌ناوده‌چن، هه‌موو ئه‌وانه‌ش ته‌وراتیان هه‌یه‌ و گوناهیان كرد، به‌ ته‌ورات حوكم ده‌درێن. 13 چونكه‌ نه‌ک ئه‌وانه‌ی ته‌ورات ده‌بیستن له‌لای خودا بێتاوانن، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی كار به‌ ته‌ورات ده‌كه‌ن، بێتاوان ده‌كرێن. 14 چونكه‌ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ته‌وراتیان نییه‌، كاتێ به‌ سروشت ته‌وراتیان په‌یڕه‌و كرد، ئه‌وانه‌ بۆ خۆیان ته‌وراتن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌وراتیان نییه‌. 15 ئه‌وانه‌ كاری ته‌ورات ده‌رده‌خه‌ن كه‌ له‌ دڵیاندا نووسراوه‌، ویژدان و بیریان له‌نێویاندا گه‌واهیی ده‌ده‌ن، یان سكاڵایان لێ ده‌كات یان به‌رگرییان لێده‌كات، 16 له‌و ڕۆژه‌دا كاتێ خودا نهێنییه‌كانی خه‌ڵک به‌هۆی ئینجیله‌كه‌م له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا حوكم ده‌دات.
17 ئه‌وه‌تا تۆ به‌ جوو ناو ده‌بردرێیت و پشت به‌ ته‌ورات ده‌به‌ستیت و شانازی به‌ خودا ده‌كه‌یت، 18 خواستی ئه‌و ده‌زانیت، چی باشترینه‌ جیای ده‌كه‌یته‌وه‌، چونكه‌ له‌ ته‌ورات فێربوویت، 19 دڵنیایت كه‌ ڕێبه‌ری كوێره‌كانی و ڕووناكیت بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ تاریكیدان، 20 ته‌مبێكاری نه‌زانان و ڕابیی منداڵانیت و له‌ ته‌وراتدا وێنه‌ی زانین و ڕه‌وات هه‌یه‌ 21 جا تۆ كه‌ خه‌ڵكی دیكه‌ فێر ده‌كه‌یت، بۆچی خۆت فێر ناكه‌یت؟ كه‌ بانگه‌واز ده‌كه‌یت دزی نه‌كرێت، بۆچی خۆت دزی ده‌كه‌یت؟ 22 كه‌ ده‌ڵێی داوێنپیسی نه‌كرێت، بۆچی خۆت داوێنپیسی ده‌كه‌یت؟ كه‌ ڕقت له‌ بت ده‌بێته‌وه‌، بۆچی په‌رستگاكان تاڵان ده‌كه‌یت؟ 23 كه‌ شانازی به‌ ته‌ورات ده‌كه‌یت، بۆچی به‌ سه‌رپێچیكردنی ته‌ورات سووكایه‌تی به‌ خودا ده‌كه‌یت؟ 24 وه‌ک نووسراوه‌: {به‌هۆی ئێوه‌وه‌ له‌ نێو نه‌ته‌وه‌كاندا كفر به‌ ناوی خودا ده‌كرێت}. 25 چونكه‌ خروسه‌بڕان سوودی ده‌بێت ئه‌گه‌ر ته‌ورات په‌یڕه‌و بكه‌یت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رپێچیكاری ته‌ورات بیت، ئه‌وا خروسه‌بڕانه‌كه‌ت ده‌بێته‌ خروسه‌ نه‌بڕان. 26 كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر خروسه‌نه‌بڕاو كار به‌ حوكمه‌كانی ته‌ورات بكات، ئایا خروسه‌نه‌بڕانه‌كه‌ی به‌ خروسه‌بڕان دانانرێت؟ 27 ئیتر ئه‌وه‌ی به‌ سروشت خروسه‌ی نه‌بڕاوه‌، به‌ڵام ته‌ورات ته‌واو ده‌كات، حوكم به‌سه‌ر تۆ ده‌دات كه‌ په‌رتووک و خروسه‌بڕانت هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌رپێچی ته‌ورات ده‌كه‌یت. 28 چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ڕواڵه‌ت جووه‌، ئه‌وا جوو نیه‌، ئه‌و خروسه‌بڕانه‌ش له‌ گۆشت و به‌ ڕواڵه‌ته‌، خروسه‌بڕان نیه‌، 29 به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌ ناخه‌وه‌ جووه‌، ئه‌وه‌ جووه‌، خروسه‌بڕانی دڵیش به‌ ڕووح‌ نه‌ک به‌ په‌رتووک، ئه‌وه‌ خروسه‌بڕانه‌. ئه‌وه‌ی ستایشی له‌لای خه‌ڵک نییه‌، به‌ڵكو له‌لای خودایه‌.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

ڕۆما 2: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە