لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕۆما 7

7
1 برایان، ئایا ئێوه‌ نازانن چونكه‌ بۆ ئه‌وانه‌ ده‌دوێم كه‌ له‌ ته‌ورات ده‌زانن، ته‌ورات به‌سه‌ر مرۆڤدا سالاره‌ تاكو ئه‌و كاته‌ی زیندووه‌؟ 2 چونكه‌ ژن به‌پێی ته‌ورات به‌ مێرده‌ زیندووه‌كه‌ی به‌ستراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كه‌ مێرده‌كه‌ مرد، ئه‌وا له‌ یاسای مێرد ئازاد بووه‌. 3 كه‌واته‌ تاكو مێرده‌كه‌ زیندوو بێت، ژنه‌كه‌ به‌ داوێنپیس ناوده‌بردرێت ئه‌گه‌ر بووه‌ هی پیاوێكی دیكه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ بمرێت، ئه‌وسا له‌ یاساكه‌‌ ئازاده‌ و داوێنپیس نییه‌ ئه‌گه‌ر بووه‌ هی پیاوێكی دیكه‌. 4 كه‌واته‌ براكانم، ئێوه‌ش به‌ له‌شی مه‌سیح سه‌باره‌ت به‌ ته‌ورات مردن، تاكو ببنه‌ هی یه‌كێكی دیكه‌، بۆ ئه‌وی كه‌ له‌نێو مردوواندا هه‌ستێنرایه‌وه‌، تاكو بۆ خودا به‌رهه‌م بده‌ین. 5 چونكه‌ كاتێ له‌ جه‌سته‌دا بووین، ئاره‌زووه‌كانی گوناه‌ كه‌ به‌هۆی ته‌وراته‌ له‌ ئه‌ندامه‌كانماندا كاری ده‌كرد، تاكو بۆ مه‌رگ به‌رهه‌م بده‌ین. 6 به‌ڵام ئێستا به‌ مه‌رگ بۆ ئه‌وه‌ی پێی به‌سترابووینه‌وه‌ له‌ ته‌ورات ئازاد كراوین، تاكو به‌ نوێیه‌تی ڕووح ڕاژه‌ بكه‌ین، نه‌ک به‌ كۆنییه‌تی پیت.
7 كه‌واته‌ چی بڵێین؟ ئایا ته‌ورات گوناهه‌؟ حاشا! به‌ڵكو به‌هۆی ته‌وراته‌وه‌ نه‌بێت گوناهم نه‌ده‌ناسی. چونكه‌ هه‌وه‌سم نه‌ده‌زانی ئه‌گه‌ر ته‌ورات نه‌یووتایه‌ {هه‌وه‌سبازی مه‌كه‌!} 8 به‌ڵام گوناه‌ ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌ی قۆسته‌وه‌ و هه‌موو هه‌وه‌سێكی له‌ مندا وروژاند، چونكه‌ گوناه‌ به‌بێ ته‌ورات مردووه‌. 9 منیش له‌پێشا به‌بێ ته‌ورات ده‌ژیام. به‌ڵام كاتێ ڕاسپارده‌ هات، گوناه‌ هاته‌ ژیان و منیش مردم. 10 بینیم هه‌مان ئه‌و ڕاسپارده‌یه‌ی بۆ ژیانه‌ بۆ من بۆ مه‌رگه‌. 11 چونكه‌ گوناه‌ ڕاسپارده‌كه‌ی قۆسته‌وه‌ و منی خه‌ڵه‌تاند و به‌و منی كوشت. 12 كه‌واته‌ ته‌ورات پارسایه‌‌، ڕاسپارده‌ش پارسا و دادپه‌روه‌ر و چاكه‌. 13 باشه‌، ئایا چاكه‌ بۆ من بووه‌ته‌ مه‌رگ؟ حاشا! به‌ڵكو گوناه‌، تاكو ده‌ركه‌وێت كه‌ به‌ ڕاستی گوناهه‌، به‌هۆی چاكه‌وه‌ مه‌رگ له‌ مندا هێنایه‌ كایه‌وه‌، تاكو به‌هۆی ڕاسپارده‌كه‌ ئاشكرا بێت كه‌ گوناه‌ به‌ ته‌واوه‌تی خراپه‌.
14 ئێمه‌ ده‌زانین ته‌ورات ڕووحییه‌، به‌ڵام من جه‌سته‌ییم و له‌ گوناهه‌دا فرۆشراوم. 15 ئیتر نازانم چی ده‌كه‌م. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت نایكه‌م، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ڕقم لێیه‌تی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م. 16 ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ نامه‌وێت، ئه‌وسا ته‌ورات په‌سه‌ند ده‌كه‌م كه‌ باشه‌. 17 ئیتر من نیم كه‌ واده‌كه‌م، به‌ڵكو ئه‌و گوناهه‌ی كه‌ له‌ مندا نیشته‌جێیه‌. 18 چونكه‌ ده‌زانم هیچ چاكه‌یه‌ک له‌ مندا نیشته‌جێ نییه‌، واتا له‌ جه‌سته‌مدا. چونكه‌ خواست له‌لام ئاماده‌یه‌، به‌ڵام توانای چاكه‌كردنم نییه‌. 19 چونكه‌ ئه‌و چاكه‌یه‌ی ده‌مه‌وێت نایكه‌م، به‌ڵكو ئه‌و خراپه‌ی كه‌ نامه‌وێت ئه‌وه‌ ده‌كه‌م. 20 ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌م كرد كه‌ نامه‌وێت، ئیتر ئه‌وه‌ من نیم كه‌ ده‌یكه‌م، به‌ڵكو ئه‌و گوناهه‌ی له‌ مندا نیشته‌جێیه‌. 21 كه‌واته‌ یاسایه‌ک ده‌بینم كاتێ ده‌مه‌وێت چاكه‌ بكه‌م، خراپه‌ له‌لام ئاماده‌یه‌. 22 چونكه‌ له‌ ناخمدا به‌ ته‌وراتی خودا دڵشادم، 23 به‌ڵام یاسایه‌كی دیكه‌ له‌ ئه‌ندامانم ده‌بینم، به‌ربه‌ره‌كانێی یاسای هزرم ده‌كات و ده‌مكاته‌ دیلی یاسای گوناه‌ كه‌ له‌ ئه‌ندامانمدایه‌. 24 ئای له‌ منی مرۆڤی به‌دبه‌خت! كێ له‌ له‌شی ئه‌م مه‌رگه‌ ڕزگارم ده‌كات؟ 25 سوپاسی خودا ده‌كه‌م، به‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان! كه‌واته‌ به‌ هزری خۆم ڕاژه‌ی ته‌وراتی خودا ده‌كه‌م، به‌ڵام به‌ جه‌سته‌، یاسای گوناه‌.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

ڕۆما 7: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە