لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پەترۆس 11:2-25

یەکەم پەترۆس 11:2-25 KSS

خۆشەویستان، ئێوە نامۆ و بێگانەن بەم جیهانە، هەر بۆیە لێتان دەپاڕێمەوە لە هەوەسەکانی جەستە دوور بکەونەوە، کە لە دژی دەروون دەجەنگن. با لەنێو بێباوەڕاندا ڕەوشتتان باش بێت، تاکو کاتێک بوختانتان پێ دەکەن گوایا ئێوە بەدکارن، کردەوە چاکەکانتان ببینن و لە ڕۆژی بەسەرکردنەوەی خودا، ئەوانیش خودا شکۆدار بکەن. لەبەر مەسیحی باڵادەست، ملکەچی هەموو دامودەزگایەکی مرۆڤانە بن: بۆ پاشا وەک دەسەڵاتدار، یان بۆ پارێزگاران وەک نێردراوی ئەو بۆ سزادانی بەدکاران و ستایشی چاکەکاران، چونکە خواستی خودا ئاوایە، بە چاکەکاری نەزانیی گێلەکان بێدەنگ بکەن. وەک مرۆڤی ئازاد بژین، بەڵام نەک ئازادی پەردەی بەدکاری بێت، بەڵکو وەک بەندەی خودا بژین. ڕێز لە هەمووان بگرن، هاوباوەڕانتان خۆشبوێ، لە خودا بترسن و ڕێز لە پاشا بگرن. ئەی کۆیلەکان، بە هەموو ترسەوە ملکەچی گەورەکانتان بن، نەک تەنها بۆ چاک و دڵنەرمەکان، بەڵکو بۆ توندەکانیش، چونکە ئەگەر کەسێک لەبەر ویژدانی بەرامبەر خودا بەرگەی ژانی ئازاری زۆرداری بگرێت، ئەمە جێی ستایشە. بەڵام ئەگەر هەڵەتان کرد و لێتان درا و بەرگەتان گرت، ئەمە چ شانازییەکە؟ بۆیە ئەگەر چاکە بکەن و لە ئازاردا بەرگەتان گرت، ئەمە جێی ستایشە لەلای خودا. بۆ ئەمە بانگکراون، لەبەر ئەوەی مەسیحیش لە پێناوتاندا ئازاری چێژت و نموونەی بۆ بەجێهێشتن، تاکو بە هەنگاوەکانیدا بڕۆن. ﴿ئەوەی هیچ گوناهێکی نەکردبوو، فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو.﴾ ئەوەی جنێوی پێدەدرا و جنێوی نەدەدایەوە، ئازار دەدرا و هەڕەشەی نەدەکرد، بەڵکو خۆی دەدایە دەست ئەوەی حوکمی دادپەروەرانەیە. ئەوەی خودی خۆی لە لەشیدا لەسەر دار گوناهەکانمانی هەڵگرت، تاکو سەبارەت بە گوناه بمرین و بۆ ڕاستودروستی بژین. بە برینەکانی ئەو چاکبوونەوە. ئێوە وەک مەڕی ونبوو وابوون، بەڵام ئێستا گەڕاونەتەوە لای شوان و چاودێری گیانتان.