لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم کۆرنسۆس 1:11-15

دووەم کۆرنسۆس 1:11-15 KSS

هیوادارم بەرگەی هەندێک گێلایەتی من بگرن، هەرچەندە بەرگەشم دەگرن. بە ئیرەییەکی خوداییانە ئیرەییتان پێ دەبەم، چونکە لە پیاوێک نیشانم کردن، تاکو وەک پاکیزەیەکی پاک پێشکەشی مەسیحتان بکەم. بەڵام دەترسم، وەک مارەکە حەوای بە فێڵەکەی هەڵخەڵەتاند، بیری ئێوەش لەو دڵسۆزی و پاکییە بۆ مەسیح چەواشە بکرێت، چونکە ئەگەر یەکێک بێت و عیسایەکی دیکە ڕابگەیەنێت جیاواز لەوەی ڕامانگەیاند، یان ڕۆحێکی دیکە وەربگرن جیاواز لەوەی وەرتانگرت، یان مزگێنییەکی دیکە ڕابگەیەنێت جیاواز لەوەی وەرتانگرت، ئەوا بە ئاسانی وەریدەگرن. پێم وایە هیچم لەو «نێردراوە بەرزانە» کەمتر نییە. ئەگەر لە قسەکردندا زمان پاراو نەبم، خۆ زانیاریم هەیە، بەڵکو لە هەر لایەک و لە هەموو شتێک بۆ ئێوەمان دەرخست. یاخود گوناهم کردووە کە خۆمم نزم کردەوە تاکو ئێوە بەرز بنەوە، چونکە بەخۆڕایی مژدەی ئینجیلی خودام بۆ جاڕدان؟ کڵێساکانی دیکەم تاڵان کرد کە خەرجیم لێیان وەرگرت بۆ خزمەتەکەتان. کاتێک لەگەڵتان بووم و پێویستیم هەبوو، نەبوومە بار بۆ کەس، چونکە برایان لە مەکدۆنیاوە هاتن پێویستییەکانی منیان پڕکردەوە. لە هەموو شتێکدا خۆمم پاراست بۆ ئەوەی بارگرانی نەخەمە سەرتان و بەردەوام خۆمی لێ دەپارێزم. بە دڵنیاییەوە، هەروەک ڕاستی مەسیح لە مندایە، لە ناوچەکانی ئەخایا ئەم شانازیەم لێ ناسەنرێتەوە. بۆچی؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە ئێوەم خۆشناوێت؟ خودا دەزانێت خۆشمدەوێن. بەڵام ئەوەی دەیکەم، وا دەیکەم بۆ ئەوەی هەلی هەڵپەرستان ببڕم کە شانازی دەکەن و دەیانەوێت دەریبخەن گوایا ئەوان وەک ئێمەن، چونکە ئەمانە نێردراوی درۆزنن و کارگەری فێڵبازن، خۆیان لە شێوەی نێردراوی مەسیح دەردەخەن. سەیر نییە، چونکە شەیتان خۆی لە شێوەی فریشتەی ڕووناکی دەردەخات. کەواتە شتێکی سەیر نییە ئەگەر خزمەتکارانی خۆیان لە شێوەی خزمەتکاری ڕاستودروستی دەربخەن. دواڕۆژیان بەگوێرەی کرداریان دەبێت.