لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم کۆرنسۆس 1:11-15

دووەم کۆرنسۆس 1:11-15 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

هیوادارم به‌رگه‌ی هه‌ندێک گێلایه‌تی من بگرن! هه‌رچه‌نده‌ به‌رگه‌شم ده‌گرن. دڵگه‌رمییه‌كی خوداییانه‌ دڵگه‌رمیم بۆتان هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ یه‌ک پیاو نیشانم كردن، تاكو وه‌ک پاكیزه‌یه‌كی بێگه‌رد پێشكه‌شی مه‌سیحتان بكه‌م. به‌ڵام ده‌ترسم، وه‌ک ماره‌كه‌ حه‌وای به‌ فێڵه‌كه‌ی خه‌ڵه‌تاند، هزری ئێوه‌ش له‌و ساكاریه‌ بۆ مه‌سیح چه‌واشه‌ بكرێت. چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێک بێ و ئیشۆعێكی دیكه‌ ڕابگه‌یه‌نێت جیاواز له‌وه‌ی ڕامانگه‌یاند، یان ڕووحێكی دیكه‌ وه‌رگرن جیاواز له‌وه‌ی وه‌رتانگرت، یان ئینجیلێكی دیكه‌ جیاواز له‌وه‌ی وه‌رتانگرت، ئه‌وا باش به‌رگه‌ ده‌گرن. وا ده‌زانم هیچم له‌و په‌یامبه‌ره‌ به‌رزانه‌ كه‌متر نییه‌. ئه‌گه‌ر له‌ قسه‌كردن زمان پاراو نیم، خۆ زانینم هه‌یه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ له‌ هه‌ر لایه‌ک و له‌ هه‌موو شتێک بۆ ئێوه‌مان ده‌رخست. یاخود گوناهم كردووه‌ كه‌ خۆم نزم كرده‌وه‌ تاكو ئێوه‌ به‌رز ببنه‌وه‌، چونكه‌ به‌خۆڕایی موژده‌ی ئینجیلی خودام بۆ ڕاگه‌یاندن؟ وارگه‌كانی دیكه‌م تاڵان كرد كه‌ خه‌رجیم لێیان وه‌رگرت له‌پێناوی ڕاژه‌كه‌تان. كه‌ له‌گه‌ڵتان بووم و پێویستیم هه‌بوو، قورساییم نه‌خسته‌ سه‌ر كه‌س، چونكه‌ برایان له‌ ماقیدۆنیاوه‌ هاتن پێویستییه‌كانی منیان پڕكرده‌وه‌. له‌ هه‌موو شتێكدا خۆم پاراست تا قورسایی نه‌خه‌مه‌ سه‌رتان، خۆشمی لێ ده‌پارێزم. وه‌ک ڕه‌وای مه‌سیح له‌ مندایه‌، له‌ ناوچه‌كانی ئه‌خائیه‌ ئه‌م شانازیه‌م لێ ناسه‌ندرێته‌وه‌. بۆچی؟ ئایا چونكه‌ ئێوه‌م خۆشناوێت؟ خودا ده‌زانێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌م، وا ده‌یكه‌م، تاكو هه‌لی هه‌ڵپه‌رستان ببڕم كه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌ریبخه‌ن له‌وه‌ی شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ن گوایه‌ ئه‌وان وه‌ک ئێمه‌ن. چونكه‌ ئه‌مانه‌ په‌یامبه‌ری درۆزنن، كارگه‌ری فێڵبازن، خۆیان بۆ شێوه‌ی په‌یامبه‌ری مه‌سیح ده‌گۆڕن. سه‌یر نییه‌، چونكه‌ شه‌یتان خۆی بۆ شێوه‌ی فریشته‌ی ڕووناكی ده‌گۆڕێت! كه‌واته‌ شتێكی گه‌وره‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر ڕاژه‌وانانی خۆیان بۆ شێوه‌ی ڕاژه‌وانی خوداناسی بگۆڕن. دواڕۆژیان به‌گوێره‌ی كرداریان ده‌بێت.

دووەم کۆرنسۆس 1:11-15 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هیوادارم بەرگەی هەندێک گێلایەتی من بگرن، هەرچەندە بەرگەشم دەگرن. بە ئیرەییەکی خوداییانە ئیرەییتان پێ دەبەم، چونکە لە پیاوێک نیشانم کردن، تاکو وەک پاکیزەیەکی پاک پێشکەشی مەسیحتان بکەم. بەڵام دەترسم، وەک مارەکە حەوای بە فێڵەکەی هەڵخەڵەتاند، بیری ئێوەش لەو دڵسۆزی و پاکییە بۆ مەسیح چەواشە بکرێت، چونکە ئەگەر یەکێک بێت و عیسایەکی دیکە ڕابگەیەنێت جیاواز لەوەی ڕامانگەیاند، یان ڕۆحێکی دیکە وەربگرن جیاواز لەوەی وەرتانگرت، یان مزگێنییەکی دیکە ڕابگەیەنێت جیاواز لەوەی وەرتانگرت، ئەوا بە ئاسانی وەریدەگرن. پێم وایە هیچم لەو «نێردراوە بەرزانە» کەمتر نییە. ئەگەر لە قسەکردندا زمان پاراو نەبم، خۆ زانیاریم هەیە، بەڵکو لە هەر لایەک و لە هەموو شتێک بۆ ئێوەمان دەرخست. یاخود گوناهم کردووە کە خۆمم نزم کردەوە تاکو ئێوە بەرز بنەوە، چونکە بەخۆڕایی مژدەی ئینجیلی خودام بۆ جاڕدان؟ کڵێساکانی دیکەم تاڵان کرد کە خەرجیم لێیان وەرگرت بۆ خزمەتەکەتان. کاتێک لەگەڵتان بووم و پێویستیم هەبوو، نەبوومە بار بۆ کەس، چونکە برایان لە مەکدۆنیاوە هاتن پێویستییەکانی منیان پڕکردەوە. لە هەموو شتێکدا خۆمم پاراست بۆ ئەوەی بارگرانی نەخەمە سەرتان و بەردەوام خۆمی لێ دەپارێزم. بە دڵنیاییەوە، هەروەک ڕاستی مەسیح لە مندایە، لە ناوچەکانی ئەخایا ئەم شانازیەم لێ ناسەنرێتەوە. بۆچی؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە ئێوەم خۆشناوێت؟ خودا دەزانێت خۆشمدەوێن. بەڵام ئەوەی دەیکەم، وا دەیکەم بۆ ئەوەی هەلی هەڵپەرستان ببڕم کە شانازی دەکەن و دەیانەوێت دەریبخەن گوایا ئەوان وەک ئێمەن، چونکە ئەمانە نێردراوی درۆزنن و کارگەری فێڵبازن، خۆیان لە شێوەی نێردراوی مەسیح دەردەخەن. سەیر نییە، چونکە شەیتان خۆی لە شێوەی فریشتەی ڕووناکی دەردەخات. کەواتە شتێکی سەیر نییە ئەگەر خزمەتکارانی خۆیان لە شێوەی خزمەتکاری ڕاستودروستی دەربخەن. دواڕۆژیان بەگوێرەی کرداریان دەبێت.