دوای چواردە ساڵ لەگەڵ بەرناباس گەڕامەوە ئۆرشەلیم و تیتۆسیشم لەگەڵ خۆم برد. گەڕانەوەکەم بەگوێرەی ئاشکراکردنێک بوو و ئەو پەیامەی ئینجیل کە لەنێو نەتەوەکان جاڕی دەدەم، تەنها خستمە بەردەم گەورە پیاوانی کڵێسا، تاکو ئەوەی بۆی ڕادەکەم و ڕامکردووە بەفیڕۆ نەڕوات. بەڵام هەرچەندە تیتۆس کە لەگەڵم بوو یۆنانی بوو، زۆریان لێ نەکرد خەتەنە بکرێت. ئەم بابەتە لەوەوە سەری هەڵدا کە هەندێک لە برایانی درۆزن بە نهێنی هاتبوونە ناومان بۆ سیخوڕیکردن لەسەر ئەو ئازادییەی لە عیسای مەسیحدا هەمانە، تاکو بمانکەنە کۆیلە. بۆ کاتژمێرێکیش ملکەچیان نەبووین، تاکو ڕاستی ئینجیل لەگەڵتان بمێنێتەوە. بەڵام ئەوانەی بە گەورە پیاو دادەنران، هەرچییەک بن، بەلای منەوە گرنگ نییە، چونکە خودا تەماشای ڕواڵەتی مرۆڤ ناکات، ئەوان هیچیان بۆ پەیامەکەم زیاد نەکرد. بەڵکو بە پێچەوانەوە، بینییان کە پەیامی ئینجیل بۆ ناجولەکەکان بە من سپێردراوە، هەروەک پەیامی ئینجیل بۆ جولەکەکان بە پەترۆس سپێردراوە، چونکە خودا بەهۆی پەترۆسەوە وەک نێردراو بۆ جولەکەکان کاری دەکرد، لە منیشدا بۆ ناجولەکەکان کاری دەکرد. کاتێک یاقوب و پەترۆس و یۆحەنا کە بە کۆڵەکە دانرابوون، بەم نیعمەتەیان زانی کە بە من دراوە، ئەوسا ئەوان دەستی ڕاستی هاوبەشییان بۆ من و بەرناباس درێژکرد، تاکو ئێمە بۆ لای نەتەوەکان بچین و ئەوانیش بۆ لای جولەکەکان بچن. تەنها داوایان کرد هەژاران لەیاد نەکەین، ئەمەش شتێکە هەمیشە کۆششم بۆی کردووە.
گەلاتیا 2 بخوێنەوە
گوێگرتن لە گەلاتیا 2
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: گەلاتیا 1:2-10
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان