لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

گەلاتیا 1:2-10

گەلاتیا 1:2-10 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

دوای چوارده‌ ساڵ، له‌گه‌ڵ به‌رنڤا سه‌ركه‌وتمه‌وه‌ یروشلایم، تتوسم له‌گه‌ڵ خۆم برد. سه‌ركه‌وتنه‌كه‌م به‌گوێره‌ی ئاشكراكردنێک بوو، ئه‌و ئینجیله‌ی كه‌ له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان ڕایده‌گه‌یه‌نم، خستمه‌ به‌رده‌میان، به‌ڵام بۆ گه‌وره‌ پیاوان به‌ ته‌نها، تاكو ئه‌وه‌ی بۆی كۆشش ده‌كه‌م و كۆششم كردووه‌ به‌ فیڕۆ نه‌ڕوات. به‌ڵام ته‌نانه‌ت تتوس كه‌ له‌گه‌ڵم بوو، یۆنانیش بوو، ناچارنه‌كرا خۆی خروسه‌بڕان بكات. به‌ڵام به‌هۆی هه‌ندێک برایانی درۆزن كه‌ به‌ نهێنی هاتبوونه‌ ناومان، بۆ سیخوڕی كردن له‌سه‌ر ئه‌م ئازادییه‌ی له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا هه‌مانه‌ خزابوونه‌ نێومان، تاكو بمانكه‌نه‌ كۆیله‌. بۆ كاژێرێكیش ملكه‌چیان نه‌بووین، تاكو ڕه‌وای ئینجیل له‌گه‌ڵتان بمێنێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌ گه‌وره‌ پیاو داده‌نران هه‌رچییه‌ک بن، به‌لای منه‌وه‌ گرنگ نییه‌، چونكه‌ خودا ته‌ماشای ڕواڵه‌تی مرۆڤ ناكات ئه‌وان هیچیان بۆ په‌یامه‌كه‌م زیاد نه‌كرد. به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، بینییان كه‌ ئینجیل بۆ خروسه‌نه‌بڕاوان به‌ من سپێردراوه‌، وه‌ک ئینجیل بۆ خروسه‌بڕاوان به‌ په‌تڕۆس. چونكه‌ خودا به‌هۆی په‌تڕۆس وه‌ک په‌یامبه‌ر بۆ خروسه‌بڕاوان كاری ده‌كرد، له‌ منیشدا بۆ نه‌ته‌وه‌كان كاری ده‌كرد. كاتێ یاقوو و كیپه‌ و یوخه‌ننه‌ن كه‌ به‌ كۆڵه‌گه‌ دانرابوون، به‌م به‌خششه‌یان زانی كه‌ به‌ من دراوه‌، ئه‌وسا ئه‌وان ده‌ستی ڕاستی هاوبه‌شیان بۆ من و به‌رنڤا درێژ كرد، تاكو ئێمه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌كان و ئه‌وانیش بۆ خروسه‌بڕاوان بڕۆن. ته‌نها داوایان كرد هه‌ژاران له‌یاد نه‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش شتێكه‌ هه‌میشه‌ كۆششم بۆی كردووه‌.

گەلاتیا 1:2-10 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

دوای چواردە ساڵ لەگەڵ بەرناباس گەڕامەوە ئۆرشەلیم و تیتۆسیشم لەگەڵ خۆم برد. گەڕانەوەکەم بەگوێرەی ئاشکراکردنێک بوو و ئەو پەیامەی ئینجیل کە لەنێو نەتەوەکان جاڕی دەدەم، تەنها خستمە بەردەم گەورە پیاوانی کڵێسا، تاکو ئەوەی بۆی ڕادەکەم و ڕامکردووە بەفیڕۆ نەڕوات. بەڵام هەرچەندە تیتۆس کە لەگەڵم بوو یۆنانی بوو، زۆریان لێ نەکرد خەتەنە بکرێت. ئەم بابەتە لەوەوە سەری هەڵدا کە هەندێک لە برایانی درۆزن بە نهێنی هاتبوونە ناومان بۆ سیخوڕیکردن لەسەر ئەو ئازادییەی لە عیسای مەسیحدا هەمانە، تاکو بمانکەنە کۆیلە. بۆ کاتژمێرێکیش ملکەچیان نەبووین، تاکو ڕاستی ئینجیل لەگەڵتان بمێنێتەوە. بەڵام ئەوانەی بە گەورە پیاو دادەنران، هەرچییەک بن، بەلای منەوە گرنگ نییە، چونکە خودا تەماشای ڕواڵەتی مرۆڤ ناکات، ئەوان هیچیان بۆ پەیامەکەم زیاد نەکرد. بەڵکو بە پێچەوانەوە، بینییان کە پەیامی ئینجیل بۆ ناجولەکەکان بە من سپێردراوە، هەروەک پەیامی ئینجیل بۆ جولەکەکان بە پەترۆس سپێردراوە، چونکە خودا بەهۆی پەترۆسەوە وەک نێردراو بۆ جولەکەکان کاری دەکرد، لە منیشدا بۆ ناجولەکەکان کاری دەکرد. کاتێک یاقوب و پەترۆس و یۆحەنا کە بە کۆڵەکە دانرابوون، بەم نیعمەتەیان زانی کە بە من دراوە، ئەوسا ئەوان دەستی ڕاستی هاوبەشییان بۆ من و بەرناباس درێژکرد، تاکو ئێمە بۆ لای نەتەوەکان بچین و ئەوانیش بۆ لای جولەکەکان بچن. تەنها داوایان کرد هەژاران لەیاد نەکەین، ئەمەش شتێکە هەمیشە کۆششم بۆی کردووە.