لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 1:13-20

یۆحەنا 1:13-20 KSS

پێش جەژنی پەسخە، عیسا دەیزانی کاتی هاتووە ئەم جیهانە بەجێبهێڵێت و بۆ لای باوک بگەڕێتەوە، جا ئەوانەی هی خۆی بوون لە جیهاندا خۆشی دەویستن، هەتا ئەوپەڕی خۆشویستن. ژەمی ئێوارە بوو، شەیتان خستبوویە دڵی یەهوزای ئەسخەریوتی کوڕی شیمۆن، کە عیسا بەدەستەوە بدات. عیساش کە دەیزانی باوک هەموو شتێکی خستووەتە ژێر دەستی، هەروەها لە خوداوە هاتووە و بۆ خوداش دەگەڕێتەوە، لەسەر خوان هەستا و کەواکەی داکەند و خاولییەکی هەڵگرت و لە ناوقەدی بەست. پاشان عیسا ئاوی کردە ناو لەگەنێک و دەستی بە شوشتنی پێی قوتابییەکان کرد و بەو خاولییەی کە بە ناوقەدیەوە بەستبووی پێیانی دەسڕییەوە. کاتێک گەیشتە سەر شیمۆن پەترۆس، شیمۆن پێی گوت: «گەورەم تۆ پێی من دەشۆیت؟» عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموو: «ئەمەی ئێستا دەیکەم تۆ لێی تێیناگەیت، بەڵام دواتر تێیدەگەیت.» پەترۆس پێی گوت: «هەرگیز پێم ناشۆیت.» عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر پێت نەشۆم، لەگەڵ من بەشت نابێت.» جا شیمۆن پەترۆس پێی گوت: «گەورەم، تەنها پێم نا، بەڵکو دەست و سەریشم!» عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی خۆی شوشتبێت تەنها پێویستی بە پێ شوشتن هەیە، تەواوی جەستەی پاکە. ئێوەش پاکن بەڵام هەمووتان نا.» عیسا فەرمووی: «هەمووتان پاک نین،» چونکە دەیزانی کێ بە گرتنی دەدات. پاش شوشتنی پێیان کەواکەی خستەوە سەر شانی و دانیشتەوە، لێی پرسین: «ئایا لەوە تێگەیشتن کە بۆم کردن؟ ئێوە بە ”مامۆستا“ و ”گەورە“ بانگم دەکەن و ڕاست دەکەن، چونکە من وام. جا کە من گەورە و مامۆستاتانم و پێم شوشتن، ئێوەش لەسەرتانە پێی یەکتری بشۆن. من نموونەیەکم پێدان تاکو ئەوەی بۆم کردن ئێوەش بیکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کۆیلە لە گەورەکەی زیاتر نییە، نێردراویش لەوەی ناردوویەتی زیاتر نییە. ئەگەر ئەمانەتان زانی، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە ئەگەر پەیڕەوتان کرد. «باسی هەمووتان ناکەم. ئەوانەی هەڵمبژاردوون دەیانناسم، بەڵام تاکو ئەوەی لە نووسراوە پیرۆزەکە هاتووە بێتە دی: ﴿ئەوەی نمەکی کردووم، ناپاکی لەگەڵم کرد‏.﴾ «لە ئێستاوە پێتان دەڵێم پێش ئەوەی ڕووبدات، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بکەن کە من ئەوم. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی پێشوازی لەوە بکات کە دەینێرم، ئەوا پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازی لە من بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە ناردوومی.»