لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 13:1-38

لۆقا 13:1-38 KSS

بەڵام فریشتەکە پێی گوت: «زەکەریا مەترسە، چونکە پاڕانەوەکەت بیسترا، ئەلیساباتی ژنیشت کوڕێکی بۆت دەبێت و ناوی لێ دەنێیت یەحیا. ئەو دەبێتە مایەی خۆشی و شادی بۆ تۆ، زۆر کەس بە لەدایکبوونی دڵخۆش دەبن، چونکە ئەو لەبەرچاوی یەزدان دەبێتە کەسێکی مەزن و پایەبەرز. هەرگیز شەراب و مەی ناخواتەوە. لە سکی دایکییەوە پڕدەبێت لە ڕۆحی پیرۆز و زۆر لە ڕۆڵەکانی ئیسرائیل بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆیان دەگەڕێنێتەوە. بە ڕۆح و توانای ئەلیاسەوە پێش یەزدان دەکەوێت، تاکو دڵی باوکان بۆ لای منداڵەکان ڕابکێشێت و یاخیبووانیش بۆ لای دانایی ڕاستودروستان بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی گەلێکی ئامادە بۆ یەزدان پێکبهێنێت.» زەکەریاش بە فریشتەکەی گوت: «چۆن لەمە دڵنیا بم، چونکە خۆم پیرم و ژنەکەشم بە ساڵدا چووە؟» فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «من جبرائیلم لەبەردەم خودا ڕادەوەستم، نێردراوم تاکو لەگەڵت بدوێم و ئەم مژدەیەت بدەمێ. ئەوەتا لە ئێستاوە تۆ لاڵ دەبیت و توانای قسەکردنت نامێنێت هەتا ئەو ڕۆژەی ئەم شتانە ڕوودەدەن، چونکە باوەڕت بە قسەکەم نەکرد، ئەوەی لە کاتی خۆیدا دێتە دی.» خەڵکەکە چاوەڕوانی زەکەریایان دەکرد و سەرسام ببوون لە دواکەوتنی لەناو پەرستگادا. کاتێک هاتە دەرەوە نەیتوانی لەگەڵیان بدوێت، جا زانییان کە لە پەرستگادا بینینێکی بۆ ئاشکرا کراوە، چونکە بە ئیشارەت لەگەڵیان دەدوا و بە لاڵی مایەوە. کاتێک ڕۆژانی خزمەتکردنەکەی تەواوبوو، گەڕایەوە ماڵ. دوای ئەو ڕۆژانە، ئەلیساباتی ژنی سکی پڕبوو، پێنج مانگ خۆی شاردەوە و دەیگوت: «یەزدان ئەمەی بۆ کردم، لەم ڕۆژانەدا چاکەی خۆی نیشان دا و ئابڕووی منی لەنێو خەڵکدا کڕییەوە.» کاتێک ئەلیسابات سکی شەش مانگ‏‏ بوو، خودا جبرائیلی فریشتەی نارد بۆ شارێک لە ناوچەی جەلیل کە ناوی ناسیرە بوو، بۆ لای پاکیزەیەک کە دەستگیرانی پیاوێک بوو لە بنەماڵەی داود بە ناوی یوسف، ناوی پاکیزەکەش مریەم بوو. جبرائیل هاتە لای مریەم و گوتی: «سڵاو، ئەی ئەو کەسەی نیعمەتی خودات بەسەردا ڕژاوە، یەزدانت لەگەڵە.» بەڵام ئەو بە پەیامەکە زۆر شێوا و بیری کردەوە دەبێت ئەمە چ جۆرە سڵاوێک بێت. فریشتەکە پێی گوت: «مەترسە مریەم، چونکە لەلای خودا ڕەزامەندیت بەدەستهێنا. ئەوەتا سکت دەبێت و کوڕێکت دەبێت ناوی لێ دەنێیت عیسا. پایەبەرز دەبێت و بە کوڕی خودای هەرەبەرز ناودەبردرێت، خودای پەروەردگاریش تەختی داودی باوکی پێدەداتەوە. هەتاهەتایە حوکمڕانی نەوەی یاقوب دەکات، شانشینەکەشی کۆتایی نایەت.» بەڵام مریەم بە فریشتەکەی گوت: «ئەمە چۆن دەبێت، کە من هێشتا پاکیزەم؟» فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «ڕۆحی پیرۆز دێتە سەرت و هێزی خودای هەرەبەرز دەبێتە سایەی سەرت. لەبەر ئەوە ئەو پیرۆزەی لێت دەبێت بە کوڕی خودا ناودەبردرێت. ئەوەتا ئەلیساباتی خزمیشت بەو پیرییە سکی پڕە بە کوڕێک. ئەوەی پێیان دەگوت نەزۆک سکی شەش مانگە، چونکە هیچ شتێک لەلای خودا مەحاڵ نییە.» مریەم گوتی: «ئەوەتا من کارەکەری یەزدانم. ئەوەی تۆ دەیفەرموویت با بێتە دی.» فریشتەکەش بەجێی هێشت.