لەو ڕۆژانەدا لە ئۆگستۆس قەیسەرەوە فەرمانێک دەرچوو، کە هەموو دانیشتووانی ئیمپراتۆریەتیەکەی ناونووس بکرێت. ئەمە یەکەم ناونووسین بوو، کاتێک کیرینیۆس فەرمانڕەوای سوریا بوو. ئیتر هەرکەس بۆ ناونووسین دەچووە شاری خۆی. یوسفیش لە جەلیل لە شاری ناسیرەوە بەرەو یەهودیا سەرکەوت بۆ شارەکەی داود کە پێی دەگوترێ بێتلەحم، چونکە لە بنەماڵە و تیرەی داود بوو، تاکو لەگەڵ مریەم ناونووس بکرێن کە دەستگیرانی بوو و سکی هەبوو. کە لەوێ بوون، کاتی منداڵبوونی هات. جا کوڕە نۆبەرەکەی بوو، قۆنداغی کرد و لە ئاخوڕێکدا داینا، چونکە هیچ ژوورێکیان بۆ نوستن دەست نەکەوت. لەو ناوچەیە شوان هەبوون لە دەشت دەمانەوە و شەوان ئێشکیان لە مێگەلەکەیان دەگرت. فریشتەیەکی یەزدان بۆیان دەرکەوت و شکۆمەندی یەزدان لە دەوریان درەوشایەوە، بەمە ترسێکی زۆریان لێ نیشت. فریشتەکە پێی گوتن: «مەترسن، ئەوا مژدەی خۆشییەکی گەورەتان دەدەمێ کە بۆ هەموو گەلە. ئەمڕۆ لە شاری داود ڕزگارکەرێکتان بۆ لەدایک بوو، ئەویش مەسیحی خاوەن شکۆیە. ئەمەش نیشانەیە بۆتان، مەلۆتکەیەک دەبینن لەناو ئاخوڕێک دانراوە.» لەناکاو لەگەڵ فریشتەکە لەشکرێکی گەورەی ئاسمانی دەرکەوت و ستایشی خودایان دەکرد و دەیانگوت: «شکۆ بۆ خودا لە ئاسمان، لەسەر زەویش ئاشتی بۆ ئەوانەی جێی ڕەزامەندی ئەون.» کاتێک فریشتەکان بەرەو ئاسمان بەجێیان هێشتن، شوانەکان بە یەکتریان گوت: «دەی با بڕۆینە بێتلەحم و ئەم شتەی ڕوویداوە بیبینین کە یەزدان پێی ڕاگەیاندین.» خێرا هاتن و مریەم و یوسف و ئەو مەلۆتکەیەی لە ئاخوڕەکەدا دانرابوو دۆزییانەوە. کاتێک بینییان، ئەو قسەیەیان بڵاو کردەوە کە دەربارەی ئەم منداڵە پێیان گوترابوو.
لۆقا 2 بخوێنەوە
گوێگرتن لە لۆقا 2
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: لۆقا 1:2-17
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان