لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 36:7-50

لۆقا 36:7-50 KSS

یەکێک لە فەریسییەکان داوای لە عیسا کرد نانی لەگەڵ بخوات، ئەویش چووە ماڵی فەریسییەکە و لەسەر خوان دانیشت. لە شارەکە ئافرەتێکی گوناهبار هەبوو، زانی عیسا لە ماڵی فەریسییەکە دانیشتووە، بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی هێنا، لە دواوە بە گریانەوە لەلای پێی ڕاوەستا، پێیەکانی بە فرمێسک تەڕ کرد و بە قژی بۆی سڕییەوە، پێیەکانی ماچکرد و بە بۆنەکە چەوری کردن. ئەو فەریسییەی کە عیسای داوەت کردبوو، کاتێک ئەمەی بینی، لە دڵیدا گوتی: «ئەگەر ئەمە پێغەمبەر بووایە، دەیزانی ئەم ئافرەتەی دەستی لێدەدات کێیە و چییە، چونکە گوناهبارە.» عیسا وەڵامی دایەوە: «شیمۆن، دەمەوێ شتێکت پێ بڵێم.» گوتی: «بفەرموو مامۆستا.» «کابرایەک قەرزی دابوو بە دوو کەس، بە یەکێکیان پێنج سەد دینار، ئەوەی دیکەیان پەنجا. هیچ کامیان نەیانبوو بیدەنەوە، کابرا لە هەردووکیان خۆشبوو. کامیان زیاتر کابرای خۆشدەوێت؟» شیمۆن وەڵامی دایەوە: «لەو باوەڕەدام ئەوەی پارە زۆرەکەی لەلابوو.» پێی فەرموو: «حوکمەکەت ڕاستە.» ئینجا ڕووی کردە ئافرەتەکە و بە شیمۆنی فەرموو: «ئەم ئافرەتە دەبینیت؟ هاتمە ماڵەکەت و ئاوت نەدامێ بۆ ئەوەی پێیەکانم بشۆم، بەڵام ئەم بە فرمێسک پێی تەڕ کردم و بە قژی سڕییەوە. تۆ ماچت نەکردم، بەڵام ئەم لەو کاتەوەی هاتوومەتە ژوورەوە لە ماچکردنی پێیەکانم نەوەستاوە. تۆ زەیتت لە سەرم نەدا، بەڵام ئەم بە بۆن پێیەکانمی چەورکرد. لەبەر ئەم هۆیە پێت دەڵێم، گوناهە زۆرەکانی بەخشران و ئاوا خۆشەویستییە زۆرەکەی دەردەبڕێت. بەڵام ئەوەی کەم بەخشراوە، کەم خۆشەویستی دەردەبڕێت.» ئینجا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «گوناهەکانت بەخشران.» ئەوانەی لەگەڵی دانیشتبوون لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کێیە تەنانەت گوناهیش دەبەخشێت؟» عیسا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «باوەڕت ڕزگاری کردیت. بڕۆ بە سەلامەت.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان