لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 36:7-50

لۆقا 36:7-50 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

یه‌كێک له‌ په‌ڕیشییه‌كان داوای لێكرد نانی له‌گه‌ڵ بخوات، ئه‌ویش چووه‌ ماڵی په‌ڕیشییه‌كه‌ و له‌سه‌ر خوان پاڵیدایه‌وه‌. له‌ شاره‌كه‌ ژنێكی گوناهبار هه‌بوو، زانی له‌ ماڵی په‌ڕیشییه‌كه‌ دانیشتووه‌، بوتڵێكی بۆنی خۆشی هێنا، له‌ دواوه‌ به‌ گریانه‌وه‌ له‌لای پێی ڕاوه‌ستا، پێیه‌كانی به‌ فرمێسک ته‌ڕ كرد و به‌ قژی سه‌ری ده‌یسڕییه‌وه‌، پێی ماچ ده‌كرد و به‌ بۆنه‌كه‌ چه‌وری ده‌كرد. كاتێ په‌ڕیشییه‌كه‌ی داوه‌تی كردبوو ئه‌مه‌ی بینی، له‌ دڵیدا وتی: “ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ پێغه‌مبه‌ر بووایه‌، ده‌یزانی ئه‌م ژنه‌ی ده‌ستی لێ ده‌دات كێیه‌ و چییه‌! چونكه‌ گوناهباره‌”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “شیمعون، ده‌مه‌وێ شتێكت پێ بڵێم”. وتی: “بفه‌رموو ڕابی”. “قه‌رزده‌رێک دوو قه‌رزاری هه‌بوو، لای یه‌كێک پێنج سه‌د دینار، ئه‌وه‌ی دیكه‌ په‌نجا. نه‌یانبوو بیده‌نه‌وه‌، كابرا له‌ هه‌ردووكیان خۆشبوو. پێم بڵێ: كامیان زیاتر خۆشیده‌وێت؟” شیمعون وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “پێم وایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ زۆره‌كه‌ لێی خۆشبوو”. پێی فه‌رموو: “حوكمه‌كه‌ت ڕاسته‌”. ڕووی كرده‌ ژنه‌كه‌ و به‌ شیمعونی فه‌رموو: “ئه‌م ژنه‌ ده‌بینیت؟ هاتمه‌ ماڵه‌كه‌ت و ئاوت نه‌دامێ بۆ پێم، به‌ڵام ئه‌م به‌ فرمێسک پێی ته‌ڕ كردم و به‌ قژی سڕییه‌وه‌. خۆ ماچێكت نه‌كردم، به‌ڵام ئه‌م له‌وه‌ته‌ی هاتوومه‌ته‌ ژووره‌وه‌ له‌ ماچكردنی پێم نه‌وه‌ستاوه‌. تۆ به‌ زه‌یت سه‌رت چه‌ور نه‌كردم، به‌ڵام ئه‌م به‌ بۆن پێمی چه‌وركرد. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ پێت ده‌ڵێم: گوناهه‌ زۆره‌كانی به‌خشران چونكه‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی زۆره‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌م به‌خشراوه‌، خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی كه‌م ده‌بێت”. ئینجا به‌ ژنه‌كه‌ی فه‌رموو: “گوناهه‌كانت به‌خشران”. ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی دانیشتبوون له‌ دڵی خۆیان وتیان: “ئه‌مه‌ كێیه‌ ته‌نانه‌ت گوناهیش ده‌به‌خشێت؟” ئیشۆع به‌ ژنه‌كه‌ی فه‌رموو: “باوه‌ڕت ڕزگاری كردیت. به‌ ئاشتی بڕۆ”.

هاوبەشی بکە
لۆقا 7 بخوێنەوە

لۆقا 36:7-50 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

یەکێک لە فەریسییەکان داوای لە عیسا کرد نانی لەگەڵ بخوات، ئەویش چووە ماڵی فەریسییەکە و لەسەر خوان دانیشت. لە شارەکە ئافرەتێکی گوناهبار هەبوو، زانی عیسا لە ماڵی فەریسییەکە دانیشتووە، بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی هێنا، لە دواوە بە گریانەوە لەلای پێی ڕاوەستا، پێیەکانی بە فرمێسک تەڕ کرد و بە قژی بۆی سڕییەوە، پێیەکانی ماچکرد و بە بۆنەکە چەوری کردن. ئەو فەریسییەی کە عیسای داوەت کردبوو، کاتێک ئەمەی بینی، لە دڵیدا گوتی: «ئەگەر ئەمە پێغەمبەر بووایە، دەیزانی ئەم ئافرەتەی دەستی لێدەدات کێیە و چییە، چونکە گوناهبارە.» عیسا وەڵامی دایەوە: «شیمۆن، دەمەوێ شتێکت پێ بڵێم.» گوتی: «بفەرموو مامۆستا.» «کابرایەک قەرزی دابوو بە دوو کەس، بە یەکێکیان پێنج سەد دینار، ئەوەی دیکەیان پەنجا. هیچ کامیان نەیانبوو بیدەنەوە، کابرا لە هەردووکیان خۆشبوو. کامیان زیاتر کابرای خۆشدەوێت؟» شیمۆن وەڵامی دایەوە: «لەو باوەڕەدام ئەوەی پارە زۆرەکەی لەلابوو.» پێی فەرموو: «حوکمەکەت ڕاستە.» ئینجا ڕووی کردە ئافرەتەکە و بە شیمۆنی فەرموو: «ئەم ئافرەتە دەبینیت؟ هاتمە ماڵەکەت و ئاوت نەدامێ بۆ ئەوەی پێیەکانم بشۆم، بەڵام ئەم بە فرمێسک پێی تەڕ کردم و بە قژی سڕییەوە. تۆ ماچت نەکردم، بەڵام ئەم لەو کاتەوەی هاتوومەتە ژوورەوە لە ماچکردنی پێیەکانم نەوەستاوە. تۆ زەیتت لە سەرم نەدا، بەڵام ئەم بە بۆن پێیەکانمی چەورکرد. لەبەر ئەم هۆیە پێت دەڵێم، گوناهە زۆرەکانی بەخشران و ئاوا خۆشەویستییە زۆرەکەی دەردەبڕێت. بەڵام ئەوەی کەم بەخشراوە، کەم خۆشەویستی دەردەبڕێت.» ئینجا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «گوناهەکانت بەخشران.» ئەوانەی لەگەڵی دانیشتبوون لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کێیە تەنانەت گوناهیش دەبەخشێت؟» عیسا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «باوەڕت ڕزگاری کردیت. بڕۆ بە سەلامەت.»

هاوبەشی بکە
لۆقا 7 بخوێنەوە