لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 28:9-36

لۆقا 28:9-36 KSS

نزیکەی هەشت ڕۆژ لەدوای ئەم وتانە، عیسا پەترۆس و یۆحەنا و یاقوبی برد و سەرکەوتە سەر چیایەک تاکو نوێژ بکات. کاتێک نوێژی دەکرد، ڕوخساری گۆڕا و جلەکانی سپی بریسکەدار هەڵگەڕان. دوو پیاویش لەگەڵی دەدوان، موسا و ئەلیاس بوون. بە شکۆوە دەرکەوتن و لەبارەی ڕووداوی بەجێهێشتنی جیهان کە دەبووایە بەم نزیکانە لە ئۆرشەلیم بێتە دی، گفتوگۆیان کرد. بەڵام پەترۆس و هاوڕێیانی خەو چاوی قورس کردبوون، کاتێک بە تەواوی خەبەریان بووەوە شکۆی ئەویان بینی و هەروەها ئەو دوو پیاوەشیان بینی کە لەگەڵی ڕاوەستابوون. کاتێک پیاوەکان لە عیسا جیا دەبوونەوە، پەترۆس بە عیسای گوت: «گەورەم، پێمان باشە لێرە بین. با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.» ئەمەی گوت بێ ئەوەی بزانێت باسی چی دەکات. کاتێک لەم قسانەدا بوو، هەورێک هات و باڵی بەسەریاندا کێشا، کە کەوتنە ناو هەورەکە، ترسان. دەنگێک لەناو هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی منە، ئەوەی هەڵمبژاردووە، گوێی لێ بگرن.» کە دەنگەکە نەما، عیسا بە تەنها بینرا. ئەوانیش بێدەنگ بوون و لەو ڕۆژانەدا لەلای کەس باسی ئەو شتانەیان نەکرد کە بینییان.