لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 1:2-12

مەتا 1:2-12 KSS

لەدوای لەدایکبوونی عیسا لە بێت‌لەحمی یەهودیا، لە سەردەمی هێرۆدسی پاشا، هەندێک مۆغ لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتنە ئۆرشەلیم، پرسییان: «پاشای لەدایکبووی جولەکە لەکوێیە‏؟ لە ڕۆژهەڵاتەوە ئەستێرەی ئەومان بینی، هاتووین کڕنۆشی بۆ ببەین.» کاتێک هێرۆدسی پاشا ئەمەی بیست، پەشۆکا و هەموو خەڵکی ئۆرشەلیم لەگەڵی پەشۆکان. هەموو کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەوراتی گەلی کۆکردەوە، لێی پرسین: «مەسیح لەکوێ لە دایک دەبێت؟» وەڵامیان دایەوە: «لە بێت‌لەحمی یەهودیا، چونکە لە ڕێی پێغەمبەرەکەوە ئاوا نووسراوە: «﴿بەڵام تۆ ئەی بێت‌لەحمی خاکی یەهودا، کەمتر نیت لە شارۆچکەکانی دیکەی یەهودا، چونکە لە تۆوە فەرمانڕەوایەک دەردەکەوێت، شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم دەکات.﴾» دوای ئەمە هێرۆدس بە نهێنی مۆغەکانی بانگکرد و لەبارەی کاتی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردن. ئینجا بۆ بێت‌لەحمی ناردن و پێی گوتن: «بڕۆن و بە وردی بەدوای منداڵەکەدا بگەڕێن. کاتێک دۆزیتانەوە هەواڵم بدەنێ، تاکو منیش بێم و کڕنۆشی بۆ ببەم.» لەدوای ئەوەی گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، هەمان ئەو ئەستێرەیەی کە لە ڕۆژهەڵات بینیبوویان، پێشیان کەوت و هات و لەسەر ئەو شوێنە ڕاوەستا کە منداڵەکەی لێبوو. کاتێک ئەستێرەکەیان بینی، زۆر شادمان بوون، چوونە ماڵەکە، منداڵەکەیان لەگەڵ مریەمی دایکی بینی، دانەوینەوە و کڕنۆشیان بۆ برد و سندوقی گەنجینەکانیان کردەوە، زێڕ و بخوور و موڕیان بە دیاری پێشکەش کرد. ئینجا خودا لە خەوندا مۆغەکانی ئاگادار کردەوە کە نەگەڕێنەوە لای هێرۆدس، ئەوانیش بە ڕێگایەکی دیکەدا گەڕانەوە وڵاتی خۆیان.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان