هێشتا ئەو قسەی دەکرد، یەهوزا هات، کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، کۆمەڵێکی زۆری لەگەڵ بوو کە بە شمشێر و کوتەکەوە لەلایەن کاهینانی باڵا و پیرانی گەلەوە نێردرابوون. ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم ئەوە خۆیەتی، بیگرن.» دەستبەجێ هاتە لای عیسا و گوتی: «سڵاو ڕابی.» ئینجا ماچی کرد. عیساش پێی فەرموو: «هاوڕێ، ئەوەی بۆی هاتووی بیکە.» ئینجا هاتنە پێشەوە و عیسایان دەستبەسەر کرد و گرتییان. لەناکاو یەکێک لەوانەی لەگەڵ عیسادا بوو، دەستی درێژکرد و شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی. عیسا پێی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە شوێنی خۆی، چونکە هەموو ئەوانەی شمشێر هەڵدەگرن، بە شمشێر دەمرن. ئایا وا دەزانیت ناتوانم بانگی باوکم بکەم و زیاتر لە دوازدە لەشکر فریشتەم بۆ بنێرێت؟ بەڵام ئیتر چۆن نووسراوە پیرۆزەکان دێنە دی، کە دەڵێن بەو شێوەیە پێویستە ڕووبدات؟» لەو کاتەدا عیسا بە خەڵکەکەی فەرموو: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا دانیشتبووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم. بەڵام ئەمانە هەمووی ڕوویدا بۆ هاتنەدی نووسراوە پیرۆزەکانی پێغەمبەران.» ئینجا هەموو قوتابییەکان بەجێیان هێشت و ڕایانکرد. ئەوانەی عیسایان گرت، بردیانە لای قەیافای سەرۆکی کاهینان، لەوێ مامۆستایانی تەورات و پیران کۆببوونەوە. پەترۆسیش دووربەدوور بۆ حەوشەی ماڵی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، ئینجا چووە ژوورەوە و لەنێو خزمەتکاران دانیشت تاکو دەرئەنجامەکەی ببینێت. کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە بەدوای شایەتییەکی درۆدا دەگەڕان لەسەر عیسا، تاکو سزای کوشتنی بەسەردا بدەن. بەڵام هیچیان نەدۆزییەوە، هەرچەندە زۆر شایەتی درۆزن هاتن. لە کۆتاییدا دووان هاتن، گوتیان: «ئا ئەمە گوتی: ”دەتوانم پەرستگای خودا بڕووخێنم و بە سێ ڕۆژ بنیادی بنێمەوە.“» جا سەرۆکی کاهینان هەستا و پێی گوت: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە چ شایەتییەکت لەسەر دەدەن؟» بەڵام عیسا بێدەنگ بوو. سەرۆکی کاهینانیش پێی گوت: «سوێندت دەدەم بە خودای زیندوو، پێمان بڵێ، ئایا تۆ مەسیحەکەی، کوڕی خودای.» عیسا پێی فەرموو: «خۆت گوتت. منیش پێتان دەڵێم، لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ دەبینن لە دەستەڕاستی خودای توانادار دادەنیشێت و بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێتەوە.» ئینجا سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «کفری کرد! ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا گوێتان لە کفرەکە بوو. ڕاتان چییە؟» وەڵامیان دایەوە: «شایانی مردنە!» ئینجا تفیان لە ڕووی کرد و مستیان لێدا، هەندێکیش زللەیان لێدا و گوتیان: «ئەی مەسیح، ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟»
مەتا 26 بخوێنەوە
گوێگرتن لە مەتا 26
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: مەتا 47:26-68
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان