لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 47:26-68

مەتا 47:26-68 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

هێشتا ئه‌و قسه‌ی ده‌كرد، ئیهوودا هات كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌، كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌گه‌ڵ بوو، به‌ شمشێر و داره‌وه‌ له‌لایه‌ن كاهینانی باڵا و پیرانی گه‌له‌وه‌ نێردرابوون. ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی كرد نیشانه‌یه‌كی پێدان و وتبووی: “ئه‌وه‌ی ماچی ده‌كه‌م ئه‌وه‌ خۆیه‌تی، بیگرن”. یه‌كسه‌ر هاته‌ لای ئیشۆع و وتی: “سڵاو گه‌وره‌م!”. ئینجا ماچی كرد. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “هاوڕێ، بۆ چی هاتوویت؟” ئینجا هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و ئیشۆعیان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد و گرتییان. یه‌كێک له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئیشۆعدان، ده‌ستی درێژكرد و شمشێره‌كه‌ی هه‌ڵكێشا، له‌ كۆیله‌یی كاهینی باڵای دا و گوێی بڕی. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “شمشێره‌كه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه‌ كێلانه‌كه‌ی، چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی شمشێر هه‌ڵده‌گرن، به‌ شمشێر له‌ناوده‌چن!. وا ده‌زانیت ناتوانم ئێستا داوا له‌ باوكم بكه‌م، زیاتر له‌ دوازده‌ له‌شكر فریشته‌م بۆ بنێرێت؟ ئیتر چۆن سیپاره‌كان دێنه‌ دی، كه‌ ده‌ڵێن به‌و شێوه‌یه‌ پێویسته‌ ڕووبدات؟”. له‌و كاته‌دا ئیشۆع به‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی فه‌رموو: “وه‌ک بۆ گرتنی دزێک به‌ شمشێر و داره‌وه‌ هاتوون بمبه‌ن! هه‌موو ڕۆژێک له‌ په‌رستگا له‌گه‌ڵتان دانیشتبووم خه‌ریكی فێركردن بووم، نه‌تانگرتم. به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی ڕوویدا بۆ هاتنه‌دیی سیپاره‌كانی پێغه‌مبه‌ران”. ئینجا هه‌موو قوتابییه‌كان به‌جێیان هێشت و هه‌ڵاتن. ئه‌وانه‌ی ئیشۆعیان گرت، بردییانه‌ لای قه‌یاپا كاهینی باڵا، له‌وێ ته‌وراتزانه‌كان و پیران كۆببوونه‌وه‌. په‌تڕۆسیش دووربه‌دوور بۆ ماڵی كاهینی باڵا دوای كه‌وت، ئینجا چووه‌ ژووره‌وه‌ و له‌نێوان ڕاژه‌وانان دانیشت تاكو كۆتاییه‌كه‌ ببینێت. كاهینانی باڵا و هه‌موو سه‌نهه‌دریم به‌دوای گه‌واهییه‌كی درۆدا ده‌گه‌ڕان دژ به‌ ئیشۆع، تاكو به‌ كوشتنی بده‌ن. به‌ڵام هیچیان نه‌دۆزییه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆر گه‌واهیده‌ری درۆزن هاتن. به‌ڵام له‌ كۆتاییدا دووان هاتن، وتیان: “ئه‌مه‌ وتی: ده‌توانم په‌رستگای خودا بڕوخێنم و به‌ سێ ڕۆژ بنیادی بنێمه‌وه‌”. كاهینی باڵا هه‌ستا و پێی وت: “هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ ئه‌م پیاوانه‌ گه‌واهیی چی له‌سه‌ر تۆ ده‌ده‌ن؟” به‌ڵام ئیشۆع بێده‌نگ بوو. جا كاهینانی باڵا وه‌ڵامی دایه‌وه‌ وپێی وت: “سوێندت ده‌ده‌م به‌ خودای زیندوو، پێمان بڵێ، تۆ مه‌سیحه‌كه‌ی، ڕۆڵه‌ی خودا؟”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “خۆت وتت! منیش پێتان ده‌ڵێم، له‌ ئێستاوه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بینن له‌ لای ڕاستی توانادار داده‌نیشێت و له‌سه‌ر هه‌وری ئاسماندا دێته‌وه‌”. ئینجا كاهینانی باڵا جله‌كانی خۆی دادڕی و وتی: “كفری كرد! ئیتر چ پێویستیمان به‌ گه‌واهیده‌ر هه‌یه‌؟ ئه‌وه‌تا گوێتان له‌ كفره‌كه‌ی بوو! چی ده‌بینن؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “شایانی مه‌رگه‌” ئینجا تفیان له‌ڕووی كرد و مستیان لێدا، هه‌ندێكیش زللـه‌یان لێدا و وتیان: “ئه‌ی مه‌سیح پێشبینی بكه‌، كێ بوو لێیدایت؟”.

هاوبەشی بکە
مەتا 26 بخوێنەوە

مەتا 47:26-68 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هێشتا ئەو قسەی دەکرد، یەهوزا هات، کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، کۆمەڵێکی زۆری لەگەڵ بوو کە بە شمشێر و کوتەکەوە لەلایەن کاهینانی باڵا و پیرانی گەلەوە نێردرابوون. ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم ئەوە خۆیەتی، بیگرن.» دەستبەجێ هاتە لای عیسا و گوتی: «سڵاو ڕابی.» ئینجا ماچی کرد. عیساش پێی فەرموو: «هاوڕێ، ئەوەی بۆی هاتووی بیکە.» ئینجا هاتنە پێشەوە و عیسایان دەستبەسەر کرد و گرتییان. لەناکاو یەکێک لەوانەی لەگەڵ عیسادا بوو، دەستی درێژکرد و شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی. عیسا پێی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە شوێنی خۆی، چونکە هەموو ئەوانەی شمشێر هەڵدەگرن، بە شمشێر دەمرن. ئایا وا دەزانیت ناتوانم بانگی باوکم بکەم و زیاتر لە دوازدە لەشکر فریشتەم بۆ بنێرێت؟ بەڵام ئیتر چۆن نووسراوە پیرۆزەکان دێنە دی، کە دەڵێن بەو شێوەیە پێویستە ڕووبدات؟» لەو کاتەدا عیسا بە خەڵکەکەی فەرموو: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا دانیشتبووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم. بەڵام ئەمانە هەمووی ڕوویدا بۆ هاتنەدی نووسراوە پیرۆزەکانی پێغەمبەران.» ئینجا هەموو قوتابییەکان بەجێیان هێشت و ڕایانکرد. ئەوانەی عیسایان گرت، بردیانە لای قەیافای سەرۆکی کاهینان، لەوێ مامۆستایانی تەورات و پیران کۆببوونەوە. پەترۆسیش دووربەدوور بۆ حەوشەی ماڵی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، ئینجا چووە ژوورەوە و لەنێو خزمەتکاران دانیشت تاکو دەرئەنجامەکەی ببینێت. کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە بەدوای شایەتییەکی درۆدا دەگەڕان لەسەر عیسا، تاکو سزای کوشتنی بەسەردا بدەن. بەڵام هیچیان نەدۆزییەوە، هەرچەندە زۆر شایەتی درۆزن هاتن. لە کۆتاییدا دووان هاتن، گوتیان: «ئا ئەمە گوتی: ”دەتوانم پەرستگای خودا بڕووخێنم و بە سێ ڕۆژ بنیادی بنێمەوە.“» جا سەرۆکی کاهینان هەستا و پێی گوت: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە چ شایەتییەکت لەسەر دەدەن؟» بەڵام عیسا بێدەنگ بوو. سەرۆکی کاهینانیش پێی گوت: «سوێندت دەدەم بە خودای زیندوو، پێمان بڵێ، ئایا تۆ مەسیحەکەی، کوڕی خودای.» عیسا پێی فەرموو: «خۆت گوتت. منیش پێتان دەڵێم، لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ دەبینن لە دەستەڕاستی خودای توانادار دادەنیشێت و بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێتەوە.» ئینجا سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «کفری کرد! ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا گوێتان لە کفرەکە بوو. ڕاتان چییە؟» وەڵامیان دایەوە: «شایانی مردنە!» ئینجا تفیان لە ڕووی کرد و مستیان لێدا، هەندێکیش زللەیان لێدا و گوتیان: «ئەی مەسیح، ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟»

هاوبەشی بکە
مەتا 26 بخوێنەوە