لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 2:9-17

مەتا 2:9-17 KSS

کابرایەکی ئیفلیجیان هێنایە لای لەناو جێگادا کەوتبوو، کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، ورەت بەرز بێت، گوناهەکانت بەخشران.» جا هەندێک لە مامۆستایانی تەورات لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کفر دەکات!» عیساش زانی بیر لە چی دەکەنەوە و فەرمووی: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لە خراپە دەکەنەوە؟ کامیان ئاسانترە بگوترێت، ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت، ”هەستە و بڕۆ“؟ بەڵام بۆ ئەوەی بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی گوناهبەخشینی هەیە،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» ئەویش هەستا و گەڕایەوە ماڵ. کاتێک خەڵکەکە ئەمەیان بینی، سام دایگرتن و ستایشی خودایان کرد، کە دەسەڵاتی ئاوای بە مرۆڤ داوە. کاتێک عیسا بەوێدا تێدەپەڕی، پیاوێکی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مەتا بوو. پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت. لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی مەتا لەسەر خوان بوو، زۆر لە باجگران و گوناهباران هاتن و لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی بۆ نانخواردن پاڵیاندایەوە. کە فەریسییەکان ئەمەیان بینی، بە قوتابییەکانی ئەویان گوت: «بۆچی مامۆستاکەتان لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟» جا کاتێک عیسا گوێی لێبوو، فەرمووی: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. بڕۆن و واتای ئەمە فێربن: ﴿من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی.﴾ چونکە نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.» ئینجا قوتابییەکانی یەحیا هاتنە لای عیسا و گوتیان: «بۆچی ئێمە و فەریسییەکان زۆر جار بەڕۆژوو دەبین، بەڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژوو نابن؟» عیسا پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن شیوەن بگێڕن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ بەڵام ڕۆژێک دێت زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا بەڕۆژوو دەبن. «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینەکە کراسەکە لێک ڕادەکێشێت و دڕاوییەکە خراپتر دەکات. شەرابی نوێش ناکەنە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا مەشکەکە دەدڕێت، جا شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە ناو مەشکەی نوێوە و هەردووکیان پارێزراو دەبن.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان