لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 2:9-17

مەتا 2:9-17 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئیفلیجێكیان هێنایه‌ لای له‌نێو نوێن كه‌وتبوو، كاتێ ئیشۆع باوه‌ڕیانی بینی، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: “ڕۆڵه‌ دڵنیابه‌، گوناهه‌كانت به‌خشراون”. جا هه‌ندێک له‌ ته‌وراتزانه‌كان له‌ دڵی خۆیاندا وتیان: “ئه‌مه‌ كفر ده‌كات!” ئیشۆعیش به‌ بیركردنه‌ویانی زانی و فه‌رمووی: “بۆچی له‌ دڵتاندا بیر له‌ خراپه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟ كامیان ئاسانتره‌ بووترێت، گوناهه‌كانت به‌خشراون، یان بووترێت، هه‌سته‌ و ڕێ بكه‌؟ به‌ڵام تا بزانن ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ به‌خشینی هه‌یه‌”. ئینجا به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: “هه‌سته‌، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆوه‌ ماڵ”. ئه‌ویش هه‌ستا و گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵی خۆی. كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ ئه‌مه‌یان بینی، سام دایگرتن و شكۆمه‌ندیی خودایان كرد، كه‌ ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ مرۆڤ داوه‌. كه‌ ئیشۆع له‌وێ تێده‌په‌ڕی، پیاوێكی بینی له‌ شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مه‌تته‌ی بوو. پێی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌”. ئه‌ویش هه‌ستا و دوای كه‌وت. له‌ كاتێكدا له‌ ماڵ پاڵیدابووه‌وه‌، زۆر باجگر و گوناهبار هاتن و له‌گه‌ڵ ئیشۆع و قوتابییه‌كانی پاڵیاندایه‌وه‌. كه‌ په‌ڕیشییه‌كان ئه‌مه‌یان بینی، به‌ قوتابییه‌كانیان وت: “بۆچی ڕابیتان له‌گه‌ڵ باجگر و گوناهباران نان ده‌خوات؟” جا كاتێ ئیشۆع گوێی لێبوو، فه‌رمووی: “له‌شساغان پێویستییان به‌ پزیشک نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆشان. بڕۆن و واتای ئه‌مه‌ فێربن: {میهره‌بانیم ده‌وێ نه‌ک قوربانی} . چونكه‌ نه‌هاتووم بێگوناهه‌كان بانگ بكه‌م بۆ تۆبه‌كردن، به‌ڵكو گوناهباران”. ئینجا قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن هاتنه‌ لای و وتیان: “بۆچی ئێمه‌ و په‌ڕیشییه‌كان زۆر به‌ڕۆژوو ده‌بین، به‌ڵام قوتابییه‌كانت به‌ڕۆژوو نابن؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئایا ده‌كرێت كه‌سانی زاوا شیوه‌ن بكه‌ن، له‌و كاته‌ی زاوا له‌گه‌ڵیاندایه‌؟ به‌ڵام ڕۆژانێک دێت زاوا له‌نێوانیان به‌رز ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وسا به‌ڕۆژوو ده‌بن. هیچ كه‌س كراسی كۆن به‌ په‌ڕۆی نوێ پینه‌ ناكات، چونكه‌ پینه‌ نوێیه‌كه‌ ده‌چێته‌ ئاو و كراسه‌ دڕاوه‌كه‌ خراپتر ده‌كات. مه‌یی نوێش له‌نێو مه‌شكه‌ی كۆن ناكه‌ن، ئه‌گینا مه‌شكه‌كه‌ ده‌ته‌قێت، جا مه‌یه‌كه‌ ده‌ڕژێت و مه‌شكه‌كه‌ش له‌ناوده‌چێت. به‌ڵكو مه‌یی نوێ له‌نێو مه‌شكه‌ی نوێ ده‌كرێت جا هه‌ردووكیان پارێزراو ده‌بن”.

هاوبەشی بکە
مەتا 9 بخوێنەوە

مەتا 2:9-17 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کابرایەکی ئیفلیجیان هێنایە لای لەناو جێگادا کەوتبوو، کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، ورەت بەرز بێت، گوناهەکانت بەخشران.» جا هەندێک لە مامۆستایانی تەورات لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کفر دەکات!» عیساش زانی بیر لە چی دەکەنەوە و فەرمووی: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لە خراپە دەکەنەوە؟ کامیان ئاسانترە بگوترێت، ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت، ”هەستە و بڕۆ“؟ بەڵام بۆ ئەوەی بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی گوناهبەخشینی هەیە،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» ئەویش هەستا و گەڕایەوە ماڵ. کاتێک خەڵکەکە ئەمەیان بینی، سام دایگرتن و ستایشی خودایان کرد، کە دەسەڵاتی ئاوای بە مرۆڤ داوە. کاتێک عیسا بەوێدا تێدەپەڕی، پیاوێکی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مەتا بوو. پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت. لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی مەتا لەسەر خوان بوو، زۆر لە باجگران و گوناهباران هاتن و لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی بۆ نانخواردن پاڵیاندایەوە. کە فەریسییەکان ئەمەیان بینی، بە قوتابییەکانی ئەویان گوت: «بۆچی مامۆستاکەتان لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟» جا کاتێک عیسا گوێی لێبوو، فەرمووی: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. بڕۆن و واتای ئەمە فێربن: ﴿من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی.﴾ چونکە نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.» ئینجا قوتابییەکانی یەحیا هاتنە لای عیسا و گوتیان: «بۆچی ئێمە و فەریسییەکان زۆر جار بەڕۆژوو دەبین، بەڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژوو نابن؟» عیسا پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن شیوەن بگێڕن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ بەڵام ڕۆژێک دێت زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا بەڕۆژوو دەبن. «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینەکە کراسەکە لێک ڕادەکێشێت و دڕاوییەکە خراپتر دەکات. شەرابی نوێش ناکەنە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا مەشکەکە دەدڕێت، جا شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە ناو مەشکەی نوێوە و هەردووکیان پارێزراو دەبن.»

هاوبەشی بکە
مەتا 9 بخوێنەوە