لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 17:10-31

مەرقۆس 17:10-31 KSS

کاتێک عیسا خەریک بوو دەڕۆیشت، پیاوێک بە پەلە بەرەو ڕووی هات، کڕنۆشی بۆ برد و لێی پرسی: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟» عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە. ڕاسپاردەکان دەزانیت: ﴿مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، فێڵ مەکە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.﴾» ئەویش پێی گوت: «مامۆستا، لە منداڵییەوە هەموو ئەم ڕاسپاردانەم بەجێگەیاندووە.» عیسا سەیری کرد و خۆشیویست، پێی فەرموو: «شتێکت کەمە، بڕۆ هەرچیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بیدە بە هەژاران، بەمە گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت، ئینجا وەرە دوام بکەوە.» بەم قسەیە دڵی خورپەی کرد، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو. عیسا سەیری دەوروپشتی کرد و بە قوتابییەکانی فەرموو: «چوونە ناو شانشینی خودا بۆ دەوڵەمەند چەند زەحمەتە!» قوتابییەکان لە قسەکانی سەرسام بوون، بەڵام عیسا دیسان پێی فەرموون: «کوڕینە، چوونە ناو شانشینی خودا چەند زەحمەتە! ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.» جا زیاتر سەرسام بوون و بە یەکتریان گوت: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟» عیساش سەیری کردن و فەرمووی: «لەلای مرۆڤ مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا نا، چونکە لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.» پەترۆس دەستی بە قسە کرد و گوتی: «ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و دوات کەوتووین.» عیسا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە ماڵ، برا، خوشک، دایک، باوک، منداڵ یان کێڵگەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم بەجێهێشتبێت، ئێستا لەم دنیایە سەد ئەوەندە وەرنەگرێتەوە لە ماڵ، برا، خوشک، دایک، منداڵ و کێڵگە لەگەڵ چەوسانەوە، لەو دنیاش ژیانی هەتاهەتایی. بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان