لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

فیلیپی 19:2-30

فیلیپی 19:2-30 KSS

هیوادارم بە یارمەتی عیسای خاوەن شکۆ بتوانم زوو تیمۆساوس بنێرم بۆ لاتان، تاکو بە زانینی هەواڵتان منیش دڵخۆش بم، چونکە کەسم نییە وەک ئەو بە دڵسۆزی بایەخ بە کاروبارتان بدات، لەبەر ئەوەی هەموویان بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن، نەک هی عیسای مەسیح. بەڵام ئێوە ئاگاداری شارەزایی تیمۆساوسن، چونکە هەروەک چۆن منداڵ لەگەڵ باوکیدا خزمەت دەکات، ئەویش بە هەمان شێوە لەگەڵ من خزمەتی لە مزگێنیدان کردووە. بۆیە هیوادارم هەرکە بۆم ڕوون بووەوە کاروبارم چۆن بەڕێوە دەچێت، یەکسەر ئەو بنێرم. متمانەم بە مەسیحە کە خۆشم بەم زووانە دێم. بەڵام بە پێویستم زانی ئەپەفرۆدیتۆس بنێرمە لاتان، کە لەگەڵم برا و هاوکار و هاوسەربازە، نێردراوی ئێوەیە و خزمەتکاری پێویستییەکانمە. ئەو پەرۆشی دیداری هەمووتانە و دڵتەنگ بوو، چونکە هەواڵی نەخۆشبوونی ئەوتان بیستووە. بە ڕاستی نەخۆش بوو، خەریک بوو بمرێت، بەڵام خودا بەزەیی پێدا هاتەوە، نەک تەنها بە ئەودا، بەڵکو بەزەیی بە منیشدا هاتەوە، بۆ ئەوەی خەفەت لەدوای خەفەتم نەبێت. بۆیە خێراتر ناردم، تاکو بە بینینەوەی دڵشاد بن و منیش خەفەتم کەم بێتەوە. کەواتە بەوپەڕی شادییەوە بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە پێشوازی لێ بکەن و ڕێز لەوانەی وەک ئەو بگرن، چونکە لە پێناوی کاری مەسیحدا ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە و ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە، تاکو ئەو خزمەتە بکات کە ئێوە نەتانتوانی بۆ منی بکەن.